سەرهەد شێخه، بڕوانامەی دکتۆرا لە جیۆپۆلەتیک
ئەو ململانێیەی کە لە نێوان یەکێتی و پارتی دا هەیە، مێژوویەکی 60 ساڵەی هەیە کە بەداخەوە زیانی زۆری بە کورد و کوردستان گەیاندووە کە تاکو ئێستاش بەردەوامە، کە تەنها لەماوەی چەند ساڵێک جۆرێک لە پێکەوە کارکردن هەبوو، دەسکەوتی زۆری هەبوو کە ئەم لێکنزیک بوونەوە بەهۆی تێگەیشتن و قوربانیدانی زۆری خوا لێی خۆش بێت مام جەلال بوو، هەموو کارێکی کرد تاکو ئیدارەی هەولێر و سلێمانی یەک بگرنەوە، دوای نەمانی ئەو لە گۆڕەپانی سیاسی وردە وردە ئەو پێکەوە کارکردنە کاڵ بووەوە.
چەندین ڕووداوی ناخۆش ڕوویدا، چەندین دەرفەت لە دەست درا کە دەکرا ئێستا بارودۆخی هەرێمی کوردستان لە ئاستێکی زۆر باشتردا بووبا.
کە کۆی هەموو ئەو کێشە و ململانێیەی کە هەیە لە نێوان یەکێتی و پارتی بۆ چەند هۆکارێکی بگەرێینەوە کە گرنگترینیان لە چەند خاڵێکدا دەخەینەڕوو:
یەک: هۆکاری دەرەکی بەتایبەت وڵاتانی هەرێمی، کە هەمیشە کاریان بۆ دووبەرەکی و دابەش بوونی هەرێمی کوردستان کردووە. وەک ڕێکەوتنێکی ڕانەگەیەنراو لەنێوانیاندا کە نابێت هەرێمی کوردستان ببێتە هەرێمێکی گەشەسەندو و نموونەیەکی جوانی حوکمڕانی لە ناوچەکەدا.
دوو: نەبوونی سەرکردەی نیشتمانی کە تەجاوزی بیری تەسکی خێزانی، حزبی و ناوچەگەری خۆی بکات، کوردستانیانە بیر بکاتەوە.
سێ: قەیرانی فکری، هەرێمی کوردستان لە قەیرانێکی فکری گەورە دایە کە فەلسەفەیەکی ڕوون و ئاشکرا نییە بۆ بەڕێوەبردنی هەرێمی کوردستان.
چوار: نەبوونی دەستورێکی گەل پەسەند، کە تێيدا مافی هەموو پێکهاتە جیاوازەکانی تێدا فەراهەم کرابێت و هەرسێ دەسەڵاتی یاسادانان، جێبەجێکردن و دادوەری تێدا جیاکرابێتەوە.
پێنج: نەبوونی هاوسەنگی جوگرافی، کە هەموو دامەزراوە گرنگەکان لە ژێر دەسەڵاتی یەک لایهنی سیاسی دان.
شەش: قەیرانی متمانە بەهۆی ئەو ڕابردووە ناخۆشە و ئەو مێژووە لە ململانێی نێوان هەر دوو حزب، کە مێژوویەکی زیاتر لە 60 ساڵەی هەیە.
بۆیە بە لەبەرچاوگرتنی ئەم بارودۆخە، ئاسان نییە هاوشێوەی ساڵانی دەورانی مام جەلال هەماهەنگی و پێکەوە کارکردن هەبێت بۆیە چارەسەرکردنی ئەم بارودۆخە خۆلادان لە بەرکەوتنی و شەڕی ناخۆیی باشترین و گونجاوترین ئیختیار پێداچوونەوەیە بە کۆی پڕۆسەی بونیادنانی حکومڕانی کە ئەمە نەکرا، دەکرێت وەک خراپترین بژاردە ماڵ جیایی بێت واتە دوو ئیداریی کە بەداخەوە دەبێت وەک چۆن لە دوای ساڵی ٢٠٠٥ەوە بەتەواوەتی یەک هەرێمی یەکگرتوومان نەبووە سەرەڕای بوونی یەک پەرلەمان، یەک سەرۆکی هەرێم و یەک سەرۆکی حکومەت.
ئەم قەیرانە چەندین لێکەوتەی خراپی هەبووە، کە گرنگترینیان ئەوەیە کە کورد سەلماندی توانای حوکمڕانی نییە.
لە کۆتاییدا گرنگە ئەوە بگوترێت کە ئەم ئەزموونی خۆبەڕێوەبەریەی لە ١٩٩٢ەوە دروست بووە بەرهەمی ڕووبارێک خوێن و دەریایەک لەفرمێسکە، هیوایەکە بۆ هەموو پارچەکانی کوردستان و کورد لە هەموو جیهان بە هەموو کەم وکورییەکانیەوە. بۆیە پاراستی ئەرکێکی ئەخلاقی، نیشتمانی، کوردستانی تەنانەت ئاینیشە لەسەر هەموو هێز و لایەنە سیاسیەکان بەتایبەتی یەکێتی و پارتی.