وڵاتی عێراق هەر لەسەرەتایی دروست بوون و بونیادنانیەوە لە دوای جەنگی جیھانی یەکەم، بەدیاریکراوی لە ساڵانی بیستەکانی سەدەی ڕابردوو تاوەکو ئەمڕۆ ئارامی و ئاسایشی و ئۆقرەیی بەخۆیەوە نەبینیووە، بە ئەزموون کردنی هەر سێ سیستەمی (پاشایەتی، دیکتاتۆری و دێموکراسی)، کە ئەمەش دەرئەنجامی کۆمەڵێک هۆکارە کە گرنگترینیان لە خوارەوە دەخەینەڕوو :
یەک: بوونی فرەیی (نەتەوەیی، ئاینی و مەزهەبی ...)، بووە بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزی و نائارامی و خوێن ڕشتن.
دوو: بوونی دەرامەتی سروشتی، بەتایبەت (نەوت و غاز) ئەمەش وایکردووە وڵاتانی پیشەسازی لەپێناو دەستکەوتنی ئەم دەرامەتانە مەبەستیان نەبێت کە ئەم وڵاتە ئارام و ئاسایش بەخۆیەوە ببینێت، وەکو ئەم پەندەی کە دەڵێت: دز بازاڕی شێواوی دەوێت.
سێ: گرنگی و بایەخی پێگەیی عێراق لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ئەمەش ترسی لەلای وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی دروست کردووە ، ئەگەر عێراق وڵاتێکی سەقامگیربێت ڕەنگە ببێتە مایەی هەڕەشە لەسەر ئاسایشی ئەم وڵاتانە، بەدیاریکراوی وڵاتی ئیسرائیل کە لە شەڕی عەرەب - ئیسرائیل، دژایەتی ئیسرائیلی کرد لەم جەنگەدا. لەم دوایەشدا پەرلەمانی عێراق دژی ئاسایی کردنەوەی پەیوەندی وڵاتی عێراق لەگەڵ ئیسرائیل دەنگی دا.
چوار: کاریگەری و پابەندبوونی پێکهاتەکانی بەلایانی خێڵەکی و هۆزگەرایی، نەبوونی هەستی نیشتمانی کە وا بکات هەموو پێکهاتەکان بەبێ جیاوازی بە شێوەیەکی دادگەرانە ڕێز لێگراوبن و ھەست بە ھاوڵاتی بوون بکەن.
هۆکاری کۆتایی : دەست تێوەردانی دەرەکی وایکردووە وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی لە بەرژەوەندی خۆیان دەست لە کارو باری نێوخۆی عێراق وەربدەن ئەمەش بووە بەهۆکاری شەڕو ململانێی نێوان پێکهاتەکان و تەنانەت شەڕو ململانێی نێوان خودی پێکهاتەکانیش وەکو ململانێی نێوان شیعەکان، سوننەکان، کورد و ململانێی نێوان شیعە - شیعە و لایەنەکانی تریش.
هەموو ئەم هۆکارانەی سەرەوە پێمان دەڵێن کە ئایندەی عێراق سەقامگیر نیە و ئارامی بەخۆیەوە نابینێت.