لێبوردەیی: وەك ڕووێکی گرنگی مرۆڤبوون و ئەخلاقی عەدالەتخوازانە
ئهبوبهكر عەلی
2021-11-17   1294
ئەمڕۆ ڕۆژی جیھانی لێبوردەییە. بۆئەوەی بیری ئەوەمان بێتەوە دەبێت، ھەموو ڕۆژەکان و بەدرێژایی ساڵ و تەمەن لێبوردەبین چونکە ئەگەر لێبوردەیی یەکسان بێت بە ڕەتکردنەوەی بوغزو ڕق و قبوڵنەکردنی ئەوانی ترو دەمارگیری و ڕەگەزپەرستی و تەکفیرو سوکایەتی، ئەوا دەبێتە بەشێکی جیانەکراوەی ئەخلاق ناسنامە واتای مرۆڤبوونمان.
کاتێك لە سۆنگەی دەمارگیری و کینەو قبوڵنەکردنی بەرامبەرەکانەوە، جیاکاری، نابەرامبەری و ستەم لە فۆرمە جۆراوجۆرەکانیدا، دەرھەق بە مرۆڤ و گروپە مرۆڤایەتیەکانی تر، لە ھەر سۆنگەیەك و بە ھەر پاساوێك بێت، ڕەوا دەبینین، ئیتر باسێك لە فەزیلەتی دادپەروەری و ئەخلاق و ڕەفتارکردنی مرۆڤانە، بەشێوەیەکی گشتی، لە گۆڕێدا نامێنێت. مرۆڤبوونی خۆشمان بەرەو پوکانەوە دەچێت. بۆ ئەوەی لێبوردەش بین دەبێت بڕوامان بە جیاوازی ھەبێت، بڕوامان بەوە ھەبێت فرەیی و ھەمەجۆری بناغەی گەردون و جیھان و ژیانە، بە لۆژیکی قورئانیش خودا مرۆڤەکانی بەدیھێناوە بۆ ئەوەی جیاوازبن.
لێرەشەوە مافی جیاوازبوون دەبێتە مافێکی سروشتیی و خوایی. کاتێك دەشڵێین لێبوردەیی، پێش ھەرشتێك، ھەڵوێستێکی ئەخلاقیەو ڕەگە قوڵەکانی لەسەر زەمینی ئەخلاقدایە، مەبەستمانە بڵێین: لە لێبوردندا خۆبەخاوەنکردنی ئازاری ئەوانی دی مرۆڤ ئامادەیە.
ڕیشە زمانییەکەشی لە فەرھەنگی ئۆکسفۆردا بە بەرگەگرتنی ئازار لێکدراوەتەوە. ئەمەش ئاماژەکانی نزیك دەکاتەوە لە ناوەڕۆکی چەمکی ئەخلاق لای غەزالی، کە ئەخلاق لەسەر ئاستی تاکەکەسی بە بەرگەگرتنی ئازاری ئەوانی دی و خراپە بە خراپە وەڵامنەدانەوە، پێناسە دەکات.
لێبوردەییش لە بەشێکی گرنگیدا بەرگەگرتنی ژیانکردنی ئاشتیخوازانەیە لەگەڵ کەسانێکدا، ڕەنگە لە زۆر ڕووەوە لە تۆ جیاوازبن و وەك ئێمە بیرنەکەنەوەو نەژین چونکە لێبوردەیی بە واتای بەڕاستدانانی بیروباوەڕی ئەوانی دی نیە بەڵکو بەپیرۆزدانانی مافی ژیان و ئازادی و جیاوازبوونی ئەوانی دی وەك تاکەکەس و گروپ. بۆئەوەی بتوانن خۆیان خۆیان بن، لە پێناو مانەوە لە ژیاندا ناچار بە قبوڵکردنی زەلیلی و شاردنەوەی ناسنامەی ڕاستەقینەیان نەبن، یاخود لە سۆنگەی جیاوازی ناسنامەوە ھەر لە بنەرەتەوە مافی ژیانیان لێ زەوتنەکرێت.
ھەروەھا لێبوردەیی یەکسان نیە بە کۆتایی ھاتنی: توڕەیی و خەبات دژی ستەم و ئازایەتی و تەنانەت جەنگیش.
بەڵکو ھەوڵدانە بۆئەوەی: توڕەیی سەرنەکێشێ بۆ سوکایەتی و ناوزڕاندن، لە خەبات دژی ستەمیشدا ڕەچاوی شەرەفی تێکۆشان بکرێت و گۆڕینی فۆرمەکانی ستەمکاری نەبێت بە یەکتری. جەنگیش فراوانخوازانەو ناعادیلانە نەبێت، ڕەچاوی ئەخلاق و ڕێساکانی جەنگیشی تێدا بکرێت. ئازایەتیش واتای سەرشێتی و ھەڵچونی بێ ئامانج و حەماسەی کوێرانە نەگەیەنێت و ڕەنگدانەوەیەکی ئەخلاقی جوامێرانە بێت.
واتە، لە ھەموو حاڵەتەکاندا ئێمە وەك مرۆڤ و ھاوجۆر بمێنینەوەو نزمنەبینەوە بۆ ئاستی ئاژەڵ و دڕەندە.
گرنگە لەم بۆنەشدا بیری ھەموو لایەکی بێنینەوەکە، کۆمەڵگەی ئێمە لەگەڵ ئەوەی لە ھەندێ ڕووی وەکو: ئایینی، مەزھەبی و نەتەوەییەوە، بە یەکێ لە مەڵبەندە مێژووییەکانی لێبوردەیی خۆرھەڵاتی ناوەڕاست لەقەڵەم دەدرێت، لە ڕووە سیاسییەکەو لە پەیوەندی بەناو ماڵی کورد خۆیەوە، بەدەست ڕواڵەتی جۆراوجۆری نالێبوردەییەوە دەناڵێنێت. ئەوەش ئەگەر سنوری بۆ دانەنرێت و تۆبەیەکی ئەخلاقی نەکەین، ھەرەشە لە سەقامگیری و ئاشتی و ئایندەی وڵاتەکەمان دەکات. ئەگەر لێبوردەییش بە ڕواڵەت و ڕەگەزەکانی نالێبوردەیی بناسینەوە، لەوانەش: جیاکاری و دەمارگیری و ناعەدالەتی و ڕق و کینە، ئەوا ھەموو ئەم ڕەگەزانە بە ئاستی جیاواز لەناو ئێمەدا ئامادەگیان ھەیە؟!
ئەمەش بۆ پەنجە دانانە لەسەر ئەو ڕاستیەی کە دەبێت خەباتمان بۆ نیشتیمانپەروەریەتێکی خاوێن، چاکسازی و گۆڕانکاری لە سیستم، دادپەروەری ھەمەلایەنە، ڕووێکی تری خەبات بێت بۆ لێبوردەیی. بەو مانایەی، بۆ یەکتر قبوڵکردنێکی ڕاستەقینەو ڕێزگرتنێکی حقوقی و فەرھەنگیی لە جیاوازیەکان و ھێنانەدی چڤاکێك بێت، مرۆڤ وەك مرۆڤ و ھاوڵاتی، بەدەر لەھەر ناونیشانێکی تر، ماف و کەرامەت و ئازادی پارێزراوبێت. ئەرکێکی ئەخلاقی و ئینسانی و دینی و نیشتیمانی گەورەی لەم جۆرەش، نە لە توانای ئەم فۆرمە نالێبوردەی ئێستای دەسەڵات و نە ئەو تەرزی بیرکردنەوەو ڕوحیەتەدایە، لە ساڵانی ڕابردوودا بەسەر ناوەندی ئۆپۆزیسۆن و بەشێ لە ناوەندە ڕۆشنبیریەکەشدا زاڵ بووە.