لە ماوەی (٢٠٠٣ بۆ ٢٠١٣) کورد لە عێراقدا دەیان دەستکەوتی گەورەو ستراتیجی بۆخۆی بەرجەستە کرد، هۆیەکەی سەقامگیریی و بەهێزبوونی ناوەندی بڕیاری کورد بوو. لەماوەی (٢٠١٤ بۆ ٢٠١٨) شدا باشوری کوردستان تامی چەندین کارەساتی گەورەی نیشتیمانیی و ئابوریی و سیاسیی و ئەمنی و مرۆیی کرد، هۆیەکەی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی و سیاسیی و ئەمنی بوو.
ئەگەر بەشەکانی کوردستان وەک پێویست قسە لەگەڵ یەک ناکەن، تا ئەندازەیەک ئاساییە، چوونکە چوارچێوەی کاری سیاسیی، دیبلۆماسی، ئابوریی، نێودەوڵەتی و ئەمنی هەر پارچەیەکی کوردستان لەوەی دیکە جیاوازە. بۆ هەرێمی کوردستان هەڕەشەی پلەیەک دابەشبوونی کۆمەڵایەتییە ئنجا سیاسیی. تەقینەوەی کۆمەڵایەتی لە تەقینەوەی سیاسیی و ئابوریی کارەساتبارترە. نە هەولێر و بادینان تەلئەبیبە نە کەرکوک و سولەیمانی غەززەیە، نە گەرمیان کەنارەکانی ڕۆژئاوایە. هەرێمی کوردستان بەهەموو پێکهاتەوەو بیرکردنەوە جیاوازەکانییەوە، بەهەموو ڕەنگ و دەنگە جیاوازەکانییەوە یەک چارەنووسی هەیە. بەڵام ئەمە چۆن لە سەرکردەو جەمسەرە سیاسییەکانی ناو حیزبەکان و نێوان حیزبەکان تێ دەگەیەندرێ! لەکاتێکدا نوخبەی سیاسیی هەیە تەنها لەناو حیزبەکەی خۆیدا لە چوار لاوە گومانی لێ دەکرێ: ئەو دەڵێ سەر بە ( سین) ەو ئەم دەڵێ سەر بە ( جیم) ەو ئەوان دەڵێن سەر بە (واو) ە! ئنجا هیچ حیزبێک متمانەی بەوەی دیکە نییە، ئێستا پرۆژەیەک ئامادە بکە کە کورد لە سەر زەوی هەڵدەگری و لەسەر مانگ دای دەنێی، ساڵێکت پێدەچێ تا هەموو حیزبەکان و کوتلەکان بڕوا پێدەهێنی تۆ باسی شتێکی ستراتیجی و چارەنووسساز دەکەی، نەک شەڕە گەڕەک و پاشەقول لەیەک گرتن، نەک ئەو ناحەزکارییەی کە شەش دەیەیە زیان بە تاک و خاکی کوردستان دەگەیەنێت، نەک ئەو هەموو فشار و گەندەڵیەی بە ئاشکرا لە هەموو جێگەیەکدا، لە خوارەوە بۆ سەرەوە بەرانبەر هاوڵاتیان دەکرێ.
دەرکەوتوە، ئەوەی هەیبەتی دەوڵەتێکی وەک ئیسرائیلی شکاند، ئەوەی وای کرد شکۆی هەموو جولەکە لە دوای (٧٥) ساڵ وەها بشکێ کە هێشتا خۆیان و پسپۆڕەکانیان و ناوەندە جیهانییەکان باوەڕ بەو گورزە گەورەیە ناکەن، هۆیەکەی دابەشبوونی کۆمەڵایەتی بوو لەناوخۆی ئیسرائیلدا، بێدەربەستی و نەمانی متمانە بوو لەناو یەکدا، ئەو ناسەقامگیرییە سیاسییە بوو کە پتر لە دوو ساڵە لایەنە نێوخۆییەکانی ئیسرائیلی سەرقاڵ کردبو بە یەکدییەوە، ئەنجامەکەی ئەوە بوو کە بوو. کەس هەقی بەسەر کەسەوە نەبوو، هەر ناوچەیەک وەکو دێوەزمەیەک لە ناوچەیەکی دیکەی دەیڕوانی، تا ئەوە ڕووی دا کە ڕووی دا، ئەگەرچی قوربانی گەورە فەلەستین و حەماسن، لێ چارەنووسی سیاسی "بنیامین ناتانیاهۆ" ش کۆتایی پێدەهێنێت. لە کۆمەڵناسی سیاسییدا خەڵکی لەوەها دۆخێکدا بۆ کێشەکانیان ڕوو لە هەر شتێک دەکەن کە لە «سەر» بچێ، چوونکە « بێ سەر» دەمێننەوە. پێویستە وەک یەک تیم کار لەسەر تێپەڕاندنی کێشەکان بکرێنەوە.
قسەی کۆتایی ئەوەیە، جەنگێکی ناوچەیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەیە، تەواوی هێزە جیهانییەکان «ڕووسیا، ئەمریکا، چین، هیند، بەریتانیا و فەڕەنسا» دەست و پێیان تێدایە. هەرێمی کوردستان و ڕۆژئاوای کوردستان گوزارشتن لە ناوجەرگەی بەرژەوەندییەکانی ویلایەتە یەکگرتوەکان، وا دیارە ئاگرەکە بەو گڕە زۆرەوە ڕووناکاتە هەرێمی کوردستان، لە کۆتاییدا وەک چۆن دەرفەتەکە لە (١٩٩١) و (٢٠٠٣) هاتە ناو ماڵی کوردەوە، ئەمجارەش دێت، کە هات نابێ بەو ئەقڵیەتی شەڕە-کوتلەیەی لەناو حیزبەکان و لە نێوان حیزبەکان هەیە مامەڵەی لەگەڵ بکرێ. بە کورتییەکەی پێکەوەبوونی کۆمەڵایەتی ( التماسك الاجتماعي - Social Cohesion) هەبێت کورد دەمێنێتەوە و کوردستان هەڵدەستێتەوە، نەبێت مەترسییەکە زۆر گەورە دەبێ و دەرفەتەکانیش بەلایدا بێباکانە تێدەپەڕن.
بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە پەیوەندییە ئابورییە نێودەوڵەتییەکان، بەڕێوەبەری ناوەندی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی.