دەریای سپی ناوەڕاست (بەعەرەبی: البحر الأبيض المتوسط، ئینگلیزی: Mediterranean, فارسەکان دەڵێن: میدیترانە) ئێمە لە وەرگرتنی مۆڵەتەکەمان بە کوردی ناومان نا: میدیتریانە. لە ساڵی (٢٠١٥)ەوە بەشێک لە ستراتیجیستەکان، ئەوەیان جوڵاندوە کە خەریکە هەموو شتێک دەبێتە دەریای سپی و دەریای سپی بوەتە هەموو پرسێکی گرنگ.
مێدیتریانە؛ لە ڕووی جوگرافییەوە، خاڵی بەریەککەوتنی سێ کیشوەری ئاسیاو ئەفریکاو ئەوروپایە، یەک ڕووبەری ئاوی تورکیا، قوبرس، یۆنان، میسر، ئیتاڵیا، فەڕەنسا، ئیسپانیا و پرتوگال، پاشان لەخواریشەوە ئیسرائیل و دەستەڵاتی فەلەستین و لوبنان تا دەگاتە سوریا پێکەوە گرێ دەدات.
لە ڕووی گرفتە قووڵ و چارەسەرنەکراوەکانی جیهانەوە، هەموو لەم حەوزەیەن:
١- قەیرانی سوریا
٢- کێشەی فەلەستین و ئیسرائیل
٣- کێشەی قوبرسی تورکی و یۆنانی لە نێوان تورکیاو ئەوروپادا
٤- کێشەی کۆچبەر کە جیهانی خۆرئاوای هەراسان کردوە.
٥- کێشەی لوبنان و ئیسرائیل لەسەر دیاریکردنی سنوری ئاوی نێوانیان.
٦- کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا و پاراستنی ژینگە ( ساڵانە ملیارەها گەشتیار دێنە ئەم ناوچەیە). نزیکەی ١٠ دە هەزار دوورگە لە دەریای ناوەڕاستدا هەیە.
٧- پرسی دۆزینەوەو بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی لە دوای ساڵی (٢٠١٠) ەوە، لە کەنارە ئاوییەکانی قوبرس، ئیسرائیل و میسر وای لە ئەوروپاکردوە وەک جێگرەوەی گازی سرووشتی ڕووسیا تەماشای بکات. بۆیە هێڵی جۆرەها هێڵی بۆڕی بەژێر ئاودا هەیە، گەورەترین پرۆژەیان، پرۆژەی گازیی ئێست مێد East Medە.
٨- پرسی گواستنەوەی نەوت بۆ بازاڕی وزەی جیهانی، وەک دیارە دەیان مینای گەورە لەم حەوزەیە هەن، وەک تەرتوس لە سوریا، حەیفا لە ئیسرائیل، جەیهان لە تورکیاو ..تاد.
٩- لە ڕووی مێژووییەوە، ڕۆمە بیزەنتییەکان، پاشان قەڵەمڕەوی ئیسلامیی بە بێ دەریای ناوەڕاست نەیانتوانیوە بگەنە هیچ شوێنێکی دیکە، هەر لە یۆنانی کۆنەوە تا هەنووکە ویستی باڵادەستی بەسەر دەریای ناوەڕاستدا هەبوە، خۆرئاوا پێی وایە شارستانییەت لای ئەوەوە بە دەریای ناوەڕاستدا پەڕیوەتەوە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و نیمچە دوورگەی عەرەبی، عەرەبەکانیش پێیان وایە، کاتێک ئەوان لانکەی شارستانییەت بوون و ئیسلام لە ڕێگەی ئەم ئاوانەوە توانیویەتی بپەڕێتەوە خۆرئاوا قەڵەمڕەویی بکات، خۆرئاوا لە تاریکییدا دەژیا. دەریای سپی ناوەڕاست هەریەکە لە دەریای ڕەش و دەریای سوور پێکەوە گرێ دەدات. تارقی کوڕی زیاد تا ئەوسەری سەرەوە توانیویەتی حوکمی ئیسلام درێژ بکاتەوە، بۆیە دوورگەی جەبەل تاریق ئیمڕۆکە یەکێکە لە گەواهیدەرەکان کە ئەم ناوچەیە گرنگی جیۆستراتیژیی هەیە ( چۆن گوایە ئەمانە لەو سەردەمەدا لەو دەریایە پەڕیونەتەوە).
١٠- یەکێکی دیکە، لە هۆکارەکانی ئەم جەنگە بەردەوامانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، نەگەیشتنی پرسی کورد و گازو نەوتی کوردە بەسەر دەریای ناوەڕاست لە باکوری سوریاوە.
سەرەڕای هەموو ئەمانەش، لە ڕووی سەربازییەوە حەوزەی میدیتریانە زۆرترین مانۆڕ و کەشتی سەربازیی گەورەی فڕۆکە هەڵگری ئەمریکی و بەریتانی و فەڕەنسی لێ یە. ئینجا ویستی گەیشتن و ئامادەبوونی ئێران لە دەریای سپی هۆکاری سەرەکی ململانێی هێز و جەمسەرە جیاوازەکانە لە باکوری عێراق و سوریا هەیە.
وڵاتانی پێشکەوتو ساڵانە بە سەدان ملیار دۆلار بۆ ڕووبەڕووبونەوەی ئەو ئاریشانەی سەرەوە خەرج دەکەن، بە دەیان ملیۆن دۆلاریش دەدەن بەو ناوەندە ڕاستەقینانەی توێژینەوەو ڕاوێژکاریی کە « بەشێوەیەکی ڕاستەقینەو دڵسۆزانە» بۆ ئەو پرس و بەها هاوبەشانە کاری جیاجیا دەکەن. چوونکە هەموو فاکتانەی سەرەوە وایکردوە کە ئاسایشی ناوچەیی، سیستەمی هەرێمایەتی و جیهانی نوێ پەیوەست بێت بە دەریای سپی ناوەڕاستەوە، بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی دەریای سپی. ئەم حەوزەیە ڕاستەوخۆ سەری لەناو خوانی باشور و ڕۆژئاوای کوردستاندایە.
بۆیە، ئێمە لە ساڵی ( ٢٠١٦) ەوە " پەیمانگەی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی"- مان دامەزراند، وەک ناوەندێکی زانستی بۆ توێژینەوە لە پرسە هەرێمایەتییەکان، ئاسایشی وزە، ئاسایشی مرۆیی لەم ناوچەیە، مۆڵەت و سەرئێشە ئیداریی و ئەمنییەکانمان تەواو کردو (٥) ساڵیش ئۆفیسمان لە سولەیمانی هەبووە. لەوکاتەوە بە سێ زمان وێب سایتمان هەبوەو هەیە، لە ( ٢٠١٦ ەوە بۆ ٢٠٢٣)، بە دیاریکراوی (١٠٠١) هەزار و یەک توێژینەوە، ڕاپۆرتی پۆڵەسی، ئەنەلایزمان بە سێ زمان « خۆبەخشانە» ئامادەکردوەو بڵاوکردۆتەوە. لە زۆر پێگەو جێگەی جیهان نەک ئاماژە بەم هەوڵانە دراوە، بەڵکو بەشداریی سەرەکیشمان هەبوە.
دەستەڵاتی کوردیی، حیزبی کوردیی، سەرکردەی کوردیی لەماوەی (٧) ساڵدا تەنها لە ڕووی دەروونییەوە ویستویانە ئێمە سزا بدەن. ئێ: دەست لەکاری مێدیتریانە هەڵبگرین؟ نەخێر، پێشتر دەچین. لە دوو وڵاتی بیانی، لە حکومەتی عێراقیش وا خەریکە مۆڵەتەکەمان تەواو دەبێ، ناوی پەیمانگەی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی دە گۆڕین بۆ ناوەندی میدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی ( مركز المتوسطي للدراسات الإقليمية) و ، واز لەو ناو و مۆڵەت و لۆگۆ و دیزاینەش دەهێنین کە لە هەرێمی کوردستان تۆمار کرابوین.
ئێمە وەکو کوردێکی ڕاستەقینە، لەسەر هێڵی کوردبوونی خۆمان، بۆ بەرز ڕاگرتنی کوردستان هەر دەمێنێن و بە پێوەین، بەڵام بڕیارێکەو داومە: ئەوەی ڕێزی خۆی دەگرێت، پێویستە ڕێزی بگیرێت، ئەوەی حیسابم بۆ نەکات، هەرچییەک بێت حیسابی هیییچچ شتێکی بۆ ناکەم». پسپۆڕێکی هاوڕێمان گوتی: بوونمان لێرە چییە کە حیساب بۆ بیروبۆچونەکانمان ناکەن، با بچینە بەغدا یان فڵان وڵات ئۆفیس بکەینەوە! گوتم: تەنانەت پێویست بە گلەیی و دەردەڵیش ناکات، دیارە ئێمە بەرەو کوێ دەچین و ئەوانیش گەیشتوون و دەگەن بە کوێ، ئەوانە بڕیاریانداوە هەر بە زۆر سواری شەپۆلی درۆ و دەلەسەو نا عەدالەتی بن، ڕەنگە بگەن بە کوێ!؟ هەرێم و کوردستانێک تەنانەت لایەنی کەمی خواستەکانی سەرمایە مرۆییەکانی خۆی دابین نەکات، لەسەر ئەوەشەوە بیەوێ وەک مشکی تاقیگە بەکاری بهێنێت و ڕۆحیەتی ئامادەبوونی تێک و پێک بشکێنێ، بە بڕوای ئێوە بۆچی باشە!؟ ئەم باسەم بۆیە کردەوە، بۆ ئەوە بوو کە گەنجی کوردیش دەتوانێ ئامادەبێ لە دونیادا، بەڵام ئەوەی ئیرادەی تاکی کوردی دەشکێنێت شتێکی تر نییە جگە لە درۆ و دەلەسەو ژینگەی سیاسیی ناوەوەی کوردستان خۆی. بۆ ئەوە بوو بە هەر ڕۆڵەیەکی کورد بڵێم؛ کەس لە ئێوە گرنگتر نییە، هێڵێکی بیرکردنەوەو کارکردنتان هەبێت، هەر کەس حیسابی بۆ نەکردن ئێوەش هەر هیچ ئەرزشێکی بۆ دانەنەن.
بەهرۆز جەعفەر/ دکتۆرا لە پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان (ئابوریی سیاسیی هایدرۆکاربۆن)، دامەزرێنەرو سەرۆکی ناوەندی مێدیتریانە بۆ توێژینەوەی هەرێمایەتی.