هەواڵەکە ئاوایە؛ تورکیا بۆ شەش مانگی تر ڕاگرتنی گەشتەکانی لەگەڵ سلێمانی درێژکردەوە.
ئەگەر ڕوئیاو بڕیار لە ناوچەیەکی وەها گرنگدا، هەبوایە، دەبوو خێرا بڵێن؛ با درێژ-تری بکاتەوە، دەچین لەگەڵ ئیمارات، قەتەر، سعودییە، ئێران، ئوردون، یۆنان و چین پەیوەندییە ئابوریی، بازرگانی، کشتوکاڵی، کەلتوری، زانستیی و گەشتیارییەکانمان دوو هێندە دەکەین؛ حەزدەکەی سوێند دەخۆین، گەشت بۆ تورکیا هەر-ناکەین. سەدان جار لە فڕۆکەخانەکانی تورکیا سووکایەتی بە هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان کراوە؛ ئایا دەتوانێت بەرانبەر گەلێکی تر وا بکات!؟ دامەزرێنەری شاری سولەیمانی بەرگریی لە عوسمانییەکان کردووە، لەناوچەی مووسڵ لەناوچووە. مەلیکی کوردستان « شێخ مەحمود» لە سولەیمانییەوە کەوتۆتە ژێر کاریگەریی تورکە عوسمانییەکانەوە، ئاکامەکەی باش نەبوە. بەمدواییە یەکێتی نیشتیمانی کوردستان و هەندێ لە پیاوە ئەمنییەکانی دەیان « پیاوچاکیی»ان بۆ تورکیا کرد لە دەستنیشان کردن، گرتن و بە دەستەوەدانی هەندێ لە گویلەنییەکان و جموجووڵی لایەنگرانی پەکەکەش! بەڵام هەموو ئەوانە لەلای تورکیا نەیکرد بە هیچ!
کە لە سەر ئەزمەڕەوە، تەماشای شار دەکەیت، دەڵێی خودایە ئەم هەموو کوتلەو گرووپ و حیزبە لە ناوەڕاستی ئەم شەقامە شەستییە و دەوروبەریدا، چۆن جێگەیان دەبێتەوە! لای خوارەوە هی کۆمپانیای بەڕێز و سەلەفییەکانە، لای سەرەوە هی نەوەی نوێ و دەباشانییەکانە. ناوەڕاستەکەی گۆڕان و هەندێ لەو باڵانەیە کە کەمتر یەکێتین، لەناو هەموو ڕووبەرەکەدا چوار حیزب و گرووپی ئیسلامی جیاوازیش هەن و ململانێ دەکەن « لەسەر زەعامەت». ئا، بەلای سەرچناردا لالە-زارییەکانە، پارتیش کەم و زۆر دێت و دەچێت، ئێران و کۆمپانیاکانی! تەریقەتی قادرییش هەن و دەروێشێکی زۆریش لە دەوریانە. بە هەزاران سایت و پەیج و تیڤی و ڕێکخراو! هەن، ڕۆژانە لە دەزگای وەهاوە تەلەفۆنت بۆ دێ تا لێدوانێک بدەیت « بۆنی زارت بکەن!» کە هەر-ناویانت نەتبیستووە! با بیرمان نەچێت، «شار»ەکە پەکەکەی لێیە، بێگومان «میت» یشی لێیە، حیزبەکانی ڕۆژهەڵاتی لێیە، بێگومان «ئیتڵاعات» یشی لێیە. ئا..ئینجا لەناو یەکێتی دەوترێ « جەماعەتی کەرکوکییەکان»، ئەمانیش هەن، ئەمەیان ئەگەر بەتەنها لەناوەکەی وردبیتەوە مانای وایە ئەو « جەماعەتە» کەرکوکیان هەیەو کەرکوک هی ئەوانەو چ دەکەن و ناکەن، خۆیان سەرپشکن!
ئینگلیز وتەنی؛ دۆخێکە کەس نازانێ کێ دەستی لە گیرفانی کێدایە!؟ ئەمە چۆن فەزایەکە؟ ئەمانە چۆن پێکەوە دەژین!؟
سەرەڕای هەر شتێک، فەرمانڕەوای ناوچەکە، هێشتا هەر یەکێتی و هەر ماڵی ڕەوانشاد « مام جەلال» ن. ئێ بەڵام حیزبایەتی و کاروباری ڕامیاری لەسەر دوو پایە هەڵدەستێتەوە: یەکەیەکی بیر « وەحدەی فیکر، واتە ڕووئیای تۆ بۆ مەسەلەکان و دیاردەکان» ، هەروەها یەکەیەکی بڕیار « وەحدەی قەرار» ئەمەش نییە. کە ئەو دووانە نییە، دەبینی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی هەیە لای ئێرانە، هەیە عاشقی سەلەفییەکان بووە، هەیە دەڵێ پارتی و دۆخی هەولێر باشە، هەیانە هێڵی بەغدا و هێزە وەلائییەکانی گرتووە، هەیە چاوەڕێی پێشهاتێکی نوێ دەکات!؟ هەیانە بە هەوەس پەلاماری حکومەت دەدات!
لە یاسای بودجەی ساڵی (٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥)ی حکومەتی عێراقدا، ناوی پارێزگای سولەیمانی بە {پارێزگای ناڕازیی} چوێنراوە. لە ڕاستییدا، وەها زۆنێک جگە لە پارێزگای بێ دیدگا و بێ بڕیاڕ هیچ پێناسەیەکی دیکەی بۆ نییە. چ پێویست نەبووەو ناکات ڕۆژێک لە ڕۆژان لە گەرمیان و سولەیمانی خەتای ئێران و تورکیاو عێراق، یان پارتی و ئیدارەی هەولێر بگریت بۆ کەموکوڕییوکانی دەڤەرەکە، بەڵکو باشتر وایە تۆ خەریکی خۆ- ڕێکخستنەوەی خۆت بیت، خەریکی بەگەڕخستن و دۆزینەوەی توانای مرۆیی بەهێز بیت لە بوارە جیاجیاکاندا، خەریکی داڕشتنی بڕیار و درووستکردنی سیاساتی درووست بیت، لەبری ئەوەی تانەو تەشەر و خەتای ئەم و ئەو بگریت. ئەم و ئەو بەرانبەری تۆیە، بێگومان لە ژێر سمێڵەوە پێدەکەنێت کە تۆ بکەویتە قەیران و لەناو قووڕدا بەنتەڕناش بکەیت.
بەشێوەیەکی گشتی، لە دوای ساڵی (٢٠٠٦) ەوە نەبوونی ڕووئیا بۆ یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان، نەبوون و نەمانی کەسانی پسپۆڕ و سەرچاوەی مرۆیی ئەم حیزبە، وایکردووە نەک خەڵک، لایەنگر و تێکۆشەرەکانی دوێنێ، بەڵکو ئەندامانی سەرکردایەتی و مەکتەبی سیاسیی حیزبەکەش بڕوایان بە خودی حیزبەکە نەماوە. حیزبی نەخۆش سیاسەتی نەخۆش پێشکەش دەکات، کۆمەڵگەی نەخۆش و بەرئەنجامی خراپی لێدەکەوێتەوە. کەی ڕووئیاتان هەبوو، دەتوانن بڕیاریش بدەن، بەردەوامیی ئەم دۆخە یەکێتییەکان بێ یەکێتی دەهێڵێتەوە. هەڵبەت، لە لای پارتی دیموکراتی کوردستانیشەوە، هەمان قەیران دەبیندرێت. ئەوەی جەنابی «بارزانی» داوای کرد کە بایەخ بە پەروەردەی تاک بدرێت، پێچەوانەکەی دەبینین، بایەخ بە بێدادی و جیاکاریی دراوەو پشتگوێخستنی کوردو پارتییە ڕاستەقینەکان و کەسانی خاوەن بیرو-ڕا کراوەتە پێشینەی کارەکان.
دێڕی کۆتایی ئەوەیە، شەرمە لەسەردەمی زیرەکی دەستکرد دا، لەسەردەمێک کە ئابوریی و بازاڕ بەهۆی ئەقڵانییەتەوە هیچ سنورێکی نەهێشتۆتەوە، کەچی لەو دوو گەڕەکەی ناوی هەرێمی کوردستانە چەندین زۆن و چەندەها سنوری سەیر- سەیر هەن!