کۆدەنگییەک لەسەر بێبەهابونی دەنگدانو هەڵبژاردن
د. رزگار ئاغا
2019-05-01   1959
پێشەکیەکی کورت:
تێروانین لە پرۆسەی هەلبژاردن و دەنگدان پێویستی بە شیکردنەوە و لێکۆلینەوەی زۆر چر و پر هەیە کە تیایدا سیما و رەفتاری تاکی کورد لەبەرامبەر حزبە سیاسیە راکابەرەکان دەستنیشان بکات. پرسیارگەلێکی زۆر هەن کە بکرێن و ببنە دەستمایەی هەنگاوی جیدی بۆ تێپەراندنی ئەستنەگەکان و روودانی وەرچەرخانی گەورە لە پرۆسەی هەڵبژاردن و دەستکەوتەکانی.
هەندێ بیردۆزەی گرنگ هەن کە ئەکرێن وە ک پێوەری گرنگ بەکاربهێنرێن لە لێکۆلینەوەکاندا, لەم نووسینەمدا وەک هەوڵێکی سەرەتایی هەندێک لەو بیردۆزانەم کردوونەتە پاڵپشت و سەرچاوە بۆ ووتەکانم کە ئەزموونی کۆمەلناسی و دەروونناسین و قۆناغی گرنگیان بریوە لە شیکاری باری کەسی و کۆمەلایەتیدا. زۆربەیان لە کتێبی (Political Psychology) ی دەیڤد هۆتۆندا هاتوون کە بۆ عەرەبی و کوردیش وەرگێرراون.
راگوزەرێکی زانستیانە
سەرباری ئەوەی دەرکەوتن و گەشەسەندنی سایکۆلۆجیای سیاسی وەک بابەتێکی ئەکادیمی دانپیانراو لە ئەوروپادا درەنگ و لەسەدەی بیستەمدا هاتە ئاراوە بەڵام بە رای دەروونناسەکان بە هێندەی کۆنیی سیاسەت کۆنە. سایکۆلۆجیای سیاسی بە گشتی زۆرترین رووبەری بۆ رەفتاری سیاسی تاک و بەکۆمەڵ تەرخانکردووە. پێناسەیەکی گشتی بۆ رەفتاری سیاسی ئەکات و ئەچێتە ناو درێژە و ووردەکاریەکانی بەشداریکردنی تاک و کاریگەری لەسەر بڕیاری سیاسی و کۆی دەرهاویشتەکانی کایەی سیاسیەوە. رەفتاری سیاسی بە چالاکیگەلێکی فرە بابەت کە ئامانجی سیاسی بەدی ئەهێنێت پێناسەکراوە ئیتر هەر لە رەفتاری میانڕەوەوە هەتا پەڕگیری و توندوتیژیی, لە ئاشتی و دیموکراسیەوە بۆ جەنگ و لە کەمترین بەشداری تاکیشدا وەک دەنگدان لە هەڵبژاردنەکاندا کە دواتر بەرئەنجامی بەکۆمەڵی لێ ئەکەوێـتەوە.
دەیڤد هۆتۆن ڕاڤەی رەفتاری مرۆڤ لە سۆنگەی دوو کاردانەوەوە ئەکات کە یەکەمیان وابەستەی هۆکارە دەرەکیەکانە و ناوی ناوە دۆخرەفتاری (situationism) کە ژینگە و دەوروبەرە بریار و روفتاری تاک دائەڕێژێت و دووەمیشیان خودرەفتاری (dispositionisim) کە بریتیە لە کەسایەتی تاک و ئەو بیروباوەڕ و بەهایانەی کە پەیوەستن پێوەی.
سەرباری ئەم بۆچوونە, هەندێ لە بیردۆزکاران ناچنە ژێر باری ئەوەی کە بە کردەیی بتوانرێت رەفتاری سیاسی لە رێی دۆخرەفتاری یان خودرەفتاری تاکەکانەوە دیاریبکرێن. لایەنگرانی دۆخڕەفتاری پێیان وایە کە دەوروبەر و رووداوەکانی ئەبنە مایەی دیاریکردنی رەفتاری مرۆڤ بەڵام لایەنگرانی خودرەفتاری سوورن لەسەر کاریگەری سروشتی کەسێتی تاک کە تاکە جیاوازەکان رەنگە بە شێوازی جۆراوجۆر بەدەم یەک هەڵوێستی دیاریکراو بچن و مامەڵەی لەگەڵ بکەن. بۆیە "پانتاییەکی خۆڵەمێشی" لە نێوان ئەو دوو رەفتارەدا خۆی ئەسەپێنێت کە هەردووکیان لە یەک کاتدا تێکەڵ ئەکات بەوەی کە دۆخەکە هەرچیەک بخوازێـت هێشتا تاک هەیە کە خودرەفتارییە جڵەوگیری ئەکات بۆ کاردانەوەکانی و لە هەمان کاتدا مەرج نیە هەموو خودرەفتاریەکیش لە دەری دۆخرەفتاریدا بتوانێـت خۆی زاڵ بکات.
مکگوایر (McGuire) یەکێکە لە زانا دەرووناسەکان کە گەشەسەندنی سایکۆلۆجیای سیاسی لە رێی توێژینەوە ئەنجامدراوەکانەوە بەپێی کاتی مێژوویی بۆ سێ قۆناغ جیاکردۆتەوە, کە بریتین لە توێینەوەی کەسایەتی لە نێوان ساڵانی چلەکان و پەنجاکان, توێژینەوەی ئاراستە سیاسیەکان و رەفتاری هەڵبژاردن لە شەستەکان و حەفتاکان و دوا قۆناغیش توێژینەوەی بیروباوەرە سیاسیەکان و چارەسەری زانیاری و دروستکردنی بریارە سیاسیەکانە لە هەشتاکان و نەوەدەکان.
ئەم نووسینە زیاتر سەرێک ئەکێشێتە ناو قۆناغی دووەمەوە کە بریتیە لە ئاراستەکان و رەفتاری هەڵبژاردن.
لەو بیردۆزانەی ئیش لەسەر دەنگدان و پەیوەندیەکانی تاک بە حزبە سیاسیە رکابەرەکانەوە ئەکەن بریتین لە بیردۆزەکانی سازانی مەعریفی و نەسازانی مەعریفی و دەنگدەری ژیر. سازانی مەعریفی نیگەرانیەکانی تاک کۆدەکاتەوە و لە پەرچەکردارێکی زۆر چاوەرواننەکراودا بە دژە ئاراستەی بەرامبەرەکەی دەجوڵێتەوە کە پێشتر کۆک و هاوڕا بوون. ئەمەش ناکۆکی نێوان خودی تاک نمایش ئەکات بەرامبەر بریار و متمانەکانی کە لە ساتەوەختێکا لە روودانێکدا خاو ئەبێـتەوە و زۆر ئەگەریشە پاشە و پاش بگەڕێتەوە بۆ سەرەتاکانی پەیجۆری باوەڕکردنەکانی. ئەم دیاردەیە لە ئەمریکادا زۆر بەرچاو بوو کاتێک لە جەنگی دووەهەمدا هاوپەیمانی لەگەڵ رووسیا کرد لە دژی ئەڵمانیا, بەمە لە ناوەوە و لە دەرەوەی ئەمریکادا دژەکۆمۆنیستەکان بەمە زۆر قەڵس و نیگەران بوون لەو کاتەی کە هیوایان لەسەر ئەمریکا هەڵچنیبوو بۆ رووخاندنی کۆمۆنیست, بەڵام ئەمریکا ئەمەی بەسەرخۆی نەهێنا و زاراوەیەکی بۆ خستنە ناوەوە "هاوپەیمانێـتی جۆرێکە لە هاوسەرگیری مەسڵەحەت" کە پاساوی ئەم هاوپەیمانێتیەی لەگەڵ رووس بدات و خەریکی گەمەی سیاسی خۆی بێت و متمانەی دژە کۆمۆنیستەکانیش نەدۆڕێنێت. ئەم بیردۆزەیە هاوکاتە لەگەڵ بیردۆزەی هەڵبژاردن لە لایەن ئانگۆس کامبڵ و هاوکارەکانی پەرەیان بە بیردۆزەی هەڵبژاردن دا لە رێی کتێێکیانەوە بە ناوی دەنگدەری ئەمەریکایی (The American Voter). بەڵام زانایەکی تر بە ناوی پاوڵ لازارفێلد و چەند یەکێکی تر پێیان وابوو تاک خودێکی مۆلەقە و لە گۆڕانی خواست و هەڵوێست وەرگرتندایە. ئەمان پێیان وایە دەنگدەر لەسەرەتاوە گەشە بەو پەیوەندیە بیری و گیانیە ئەدات کە ئەیبەستێتەوە بە حزبێکی دیاریکراو. ئەم پەیوەندیە ئەوەندە تۆکمە و بەهێز ئەبێت کە نزیکە لە ئایینداریەوە. ئەمە راستە کە ئەبینرێت بەرنامەی حزب و شوێنگەکانی حزب و سەرکردەکانی حزب جێی خوا و پەرستگە و کتێبی ئاسمانی ئەگرنەوە و ئایینداریەکەی تاک و بەکۆمەڵیش ئەچنە فۆرمێکی رۆتینی بێ گیانەوە و بەڵام حزب ئەبێتـە داینامیکی رۆژانەی هەموو رەفتارەکان.
کامبڵ و هاوەڵەکانی پێیان وایە ئەم توێژە دەنگدەرە بە تێپەڕبوونی کاتیش هەر بە جێگیریی ئەمێننەوە و دوو لەسەر سێی هەلبژاردن پێک ئەهێنن. ئەم بۆچوونە بیرۆدزەکەیانی کورتبینکرد بەوەی بە ئەزموون دەرکەوت خەڵک لە کالبوونەوەی ئایدۆلۆجیا و نەریتەکاندا سڵ ناکەنەوە و زوو دەستبەرداری ئەبن و بەرە بەرە ئەو خودرەفتاریەی لە تاکدا هەبووە بۆ هەر حزبێک بەرەو کاڵبوونەوە چووە. بەڵام هەر بەپێی بیردۆزەی سازانی مەعریفی, حزبەکان بەردەوامن لە تێترنجاندنی نەریت و وەهمەکانی بۆ ناو گۆش و هۆشی لایەنگرەکانیان و لەگەڵیشیدا بەرژەوەندی ماددی راکێشەرێکی بێ هێز نیە و هۆکاری ئابووری پاڵنەرێکە کە حزب فریای خۆی بکەوێت هەتا تەنها پەناگە بێت بۆ مسۆگەرترین کەمترین بژێوی لایەندارەکانی. ئیتر لێرەوە ئەو رێژە کەمەی دەنگدانەکانن کە سوورن و ئامادەن بە بەرپەرچدانەوەی هەموو زانیاریەکی نەخوازراو بەرامبەر حزبەکەیان هەر لە بەسەرچوونی فۆرمی حزبی و بەتالبوونەوەی درووشمە سیاسیەکانیان هەتا ئەگاتە وونکردنی پێگەی جەوماوەری و پشتتێکردنیان
بیردۆزەی دەنگدەری ژیریش وەک بیردۆزەیەکی سەربەخۆی تایبەت بە رەفتاری تاک بۆ هەڵبژاردن خۆی ناساند. ئەم بیردۆزەیە پێوەرە یەکلایییکەرەوەکانی خودرەفتاری تاک پیشان ئەدات بۆ دەنگدان بە حزبێک لەسەر ئابووری و دەستکەوتی ئابووری بەرچاو لە ماوەی چوار ساڵی رابردووییان. ئەم بیرۆدۆزەیە باوەڕی بە ئاستی تێگەیشتن و دۆخرەفتاریی دەنگدەرانی هەیە کە لەوەوە زیاتر ئەزانن و تێئەگەن کە حزبەکان بانگەشە و دروشمبازی ئەکەن. ئەنتۆنی داونز لە کتێبی " بیردۆزەی ئابووری لە دیموکراسیدا" پەیڕەوی ئەم بیردۆزی ژیریە ئەکات
دەنگدان و هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان
دەنگدەر کوردی زۆر گۆرانکاری بەسەردا هاتووە کە ئەکرێت لە ژێر ناونیشانی گەشەی سیاسی تاکی کورد دا شرۆڤەی بۆ بکرێت لە دوای کەڵەکەبوونی زانیاری و دەرهاویشتەی پرۆسەی سیاسی لە مامەڵە و هەلسوراندنی پرۆسەی هەڵبژاردن کە خۆیان ئەبیننەوە لە:
١. گۆرانکاری لە دروشم و پرنسسیپەحزبیەکان
٢. پێکهاتە و کاندیدە هەلبژاردەکانی پەرلەمان و حوکمرانیە بەک لە دوای یەکەکان
٣. پرۆسەی هەڵبژاردن و دروستی یەکلاییکردنەوەی دەنگەکان
٤. چنینەوەی ئەرک و ئەدا و متمانەی ئەم دامەزراوانە
ئەمانە ئەو شادەمارانەن کە کایەی سیاسی کوردی پێ تانوپۆکران لە سی ساڵی رابردوودا و بە ئاستەم قۆناغێک لەوی تر جیا ئەکەیتەوە بەوەی فۆرمێکی جیا بەرەو گەشەسەندنێکی دیموکراسی تێدا نابینرێت. مەگەر دەرکەوتنی پێداگیری حزبە دەسەڵاتدارەکان بۆ دەسەڵات سەپاندن و داخستن و شکستپێهێنانی دامەزراوەکان کە پێویستی کردبێـت. لە لایەکی ترەوە کە گرنگیەکی مێژووی هەیە هەر ئەم شادەمارانە بوون بە مایەی گۆرانکاری گەورە بەسەر تێگەیشتن و هەڵوێست و رەفتاری دەنگدەری کوردا کە مایەی خۆشحاڵی زیندوێتی هزری تاکی کوردە ئەگەرچی مۆرکی ناچاری و دەستەوسانیش بە رواڵەتیی پێوەی دیارە.
هەتا چوار هەڵبژاردن, زۆرینەی زۆری تاکی هەرێم کە مافی دەنگدانی هەبووە بەشداریی کردووە ( داتام لەبەر دەست نەبوو بە رێژەیی دەتسنیشانیان بکەم) بە وەلائێکی تێکەل بە حزبی و نیشتمانپەروەری و دەڤەریەوە. ئەو دەنگدانەی کە یەکلاییکردنەوەی وەلا و لایەنگیری و هەواداری بۆ حزبێکی دیاریکراو تەنها هاندەر و لەپەناشیدا هیوا بوون. بەڵام داکشانێکی هێواشی هەبووە.
پاشان لە هەڵبژاردنی پێنجەمدا کاریگەری ژینگەی سیاسی کورد بەو ئاقارە گەیشت کە داکشانی بەشداریکردنی هاوڵاتی لە راستەهێلێڵکی خزدا دەرکەوت. ئەو بەهایەی کە یەکەم مستی بەرکەوت کە هاوبەش بوو بۆ دەنگدەری هەلبژاردن تەواو وونبوونی پاڵنەری بەهای نیشتمانپەروەری بوو, ئەمەش دوای ئەوەی حزبەکان لە ئینتمای نیشتمانی و چارەنووسی نەتەوەیی کاڵبوونەوە و لێرەوە دابڕانێکی مەترسیداری تاکی کورد لە حزبەکان روویدا لە کۆبوونیان لەسەر پرسە نیشتمانیەکان.
دەنگدەری حزبی لەم دۆخەیدا بە دیاریکراوی تەنها بووبە کاربەڕێکەری پرۆسەی هەلبژاردن کە حزب خۆی و دەنگدەرە حزبیەکانیان بە تەنیا مانەوە کە ئاشگرا دەستی هەڵماڵرا بەوەی دەسەڵات وەرئەگرێتەوە سەرەڕای کەمترین ڕێژەی دەنگدانیش چونکە هەر خۆیەتی بریاردەری هەموو ڕێژە و پێودان و رێنماییەکان و ساغکردنەوەی دەنگەکانیش, ئیتر ئەگەر کەسیش نەچێـت بۆ دەنگدان پرۆسەیەکی وێناییی زارەکی بەڕێوە ئەچێت بۆ بەردەوامیدان بە دەسەڵات. لێرەوە تەنها دەسەڵات کە شەرعیەتی پێ ئەداتەوە دەنگدەرەکەی خۆیەتی, کە بەپێی بیردۆزیی سازانی مەعریفی ئەوە ئاشکرایە کە دەنگدەری حزبی خووی چوونەپێستی کاراکتەری حزبی وای لێ ئەکات خودرەفتاری زاڵ ئەبێـت بەسەر دۆخرەفتاریەکەیدا. دەنگدەری حزبی رۆبۆتێکە ئەوەندەی پابەندە بە چارەنووسی هەژموون و بڕیاری حزبەکەیەوە ئەوەندە مەبەستی نیە حزبەکەی چی ئەکات و پەیوەندی لەگەڵ هاوڵاتیان و سومعەی لە نێو خەلکیدا چەندە, حزب کێ هەڵدەبژێرێـت بۆ نوێنەرایەتی دەسەڵاتی پەرلەمانی و حوکمرانی و گشت جومگەکانی تر. ئیتر هیچ ناکۆکی و هەڵشاخانێک لە نێوان دەنگدەرە حزبیەکە و سەرکردایەتی حزبەکەیدا بوونی نیە, چونکە دواجار بەرژەوەندی ماددی و کارئاسانیەکانی لە سەرپێچی یاسا و هەلەکانی تری ژیان لە حزبەکەیانەوە ئاراستەی حکومەت ئەکرێن و ئیتر هەر کەسێک لەو شوێنە بێـت کاریگەریی سلبی ئەوتۆی بەسەر لایەنگرانی حزبەوە نابێت.
بەڵام تاکی کورد دەریخست کە زیندووە و لە جووڵەیەکی نەسرەوتدا لە نەسازانێکی مەعریفی(cognitive dissonance) هێواشدا ( بەپێی بیردۆزەی لیۆ ڤیستینگەر) چاوی لە دەنگدان و هەلبژاردنە. پەیوەندیەکی دینامیکی ئاشکرا لە نێوان دەنگنەدەر و کەشی سیاسی کوردستان هاتۆتە ئاراوە کە چیتر دۆخێکی ئاسایی یان ستاتیکی نەما بۆ کێبرکێی سیاسی. نەسازان لەگەڵ دوو حزبی دەسەڵات تێڕژانێکی مەعریفی و دۆخرەفتاری خستە ناو کایەی سیاسی کوردستانەوە و لەگەڵ خوێدا بزووتنەوە و جوڵانەوە و حزبی سیاسی تازەی هێنایە ململانێوە, ئەگەرچی هیچ یەکلابوونەوەیەک بە کۆتا نەگەیشتووە و ئەم بەرامبەرێنە بەردەوامە بەڵام دەرکەوتە واقیعیەکان لە ئاستی ئاسۆییدا بێ چەندوچوون ساغبوونەتەوە و تەنها ئاستی شاقوڵیەکەیەتی کە نەسرەوتە و دۆخێکی شلۆقی ئیجابی خستۆتەوە.
ئەبینیت لە دوایین هەلبژاردندا هاوڵاتی گەیشتە ئەو تێگەیشتنەی کە هەڵبژاردن هۆکارێک نیە بۆ ئاراستەکردنی سیاسەتی یاسادانان و حوکمڕانی و قەیرانەکان بەرنامەدارێژراون بۆ هێشتنەوەی دۆخەکە, بۆیە هەموو جارێک لە سندوقەکانی هەلبژاردن و دەرهاویشتەکانی بێهوودەی و پووچەڵیەکی چنیوەتەوە بۆ دەستبەرکردنی ژیانی هاوچەرخ و شایستە و خۆشگوزەران. ئەم کایەیە بوو بە نۆرە کایەی هاوڵاتی و لە بریاردانێکی دەستەکۆیی ( دەستەجەمعی) بێ ناونیشاندا بایکۆتی خۆی کرد لەو گەمەیەی پێی ئەکرێت و بە نیگەرانیەوە نارۆشنیەکی مۆلەقی هەلبژاردووە. ئەم کۆدەنگیەی دەنگنەدەران لە ئەنجامی نەسازانێکی تری مەعریفی هاتە کایەوە لە نێوانیان و نێوان ئەو حزبانەی کە لایەنگیر یان هەواداریان بوون بۆ هەڵبژاردن وهیوای جێگرتنەوە یان هاوبەشی راستەقینە یان بریاربەدەست بن لەحوکمڕانیدا. ئەم کۆدەنگە لە نووسین و سۆشیاڵ میدیا و سیمینار و تەلەفیزۆنەکانەوە وەها راڤەی بایکۆتیان کرد کە ناتەبا بوو لە ستراتیجی حزبەکان و ناتەبابوو لە بەربژێرەکانی پەرلەمان و وەزارەت و فەرمانگەکان و تووشی سەرسامی گەورەی پێچەوانەبوونەوەی بۆچوون و هەڵوێست و رەفتاری سەرکردە سیاسیە رکابەرەکان بوون, نمایشەکانیان مایەی ئومێد و بەردەوامی هەڵوێست و سووربوون بۆ هێنانەدی خواستەکانی ئەوان نەبوون و لە رەفتار و نیهادییانداسلیان نەکردۆتەوە لە بە سووک مامەلەیان لەگەڵ هەستی جەماوەرەکەیان. ئەمە زیاتر رقی هەلساندن و لە سەر سندووقەکانی دەنگدان رای پێچەوانەی خودرەفتاریان لێبکەوێتەوە کە پێشتر باوەڕیان لەسەر بونیاد نابوو. لە بەدەمەوەچوونی دۆخرەفتاریدا بەگژ تراژیدیاکانی هەڵبژرادن و یەکلاییکردنەوەی دەنگ و پۆستدارەکان چوونەوە. بەم پێیە ئەمە وای کرد و دوور لە هەموو ئەو پاڵنەرانەی رابردوو و بێ دوودڵی, تاکی کورد دەنگی تایبەت بەخۆی راگەیاند بە بایکۆتی هەڵبژاردن و رەفزی هەموو حزبە کێبڕکێکارەکان. رێژەی دەنگنەدەر گەیشتە لووتکە بە ٧٠%ی کۆی دەنگدەری یاسایی. ئەوەیشی بەشداریکرد بریتی بوون لە دەنگدەری حزبی (لایەنگری حزبی) و دەنگدەری سەربەست.
دەرهاویشتەی هەڵبژاردن سیاسەتی دابەشکاری هاوڵاتیانی لە هەرێمدا فراوانتر کرد, بەم شێوەیە, نیشتمان دابەش بوو بۆ دەنگدەری حزبی و دەنگنەدەر. ترازانی تەواوی پێداویستی و خواستی حکومڕانی لە نێوان حزبە براوەکانی دەنگدەری حزبی و دەنگنەدەرەوە,حکومەتی دەنگدەری حزبی و بێحکومەتبوونی دەنگنەدەر. چونکە ئەنجامی هەلبژاردن بووە بە دەستکەوتێک بۆ سەرکردایەتی حزبەکان خۆیان و بە شەڕی دابەشکردنی پۆست و پێگە حزبیە حکومیەکانەوە سەرقاڵن. ئەوە سەیر نیە کە دەنگدەرەکەی هیچ مەبەستی نیە کابینەی حکومەت پێکبهێنرێت یان نەبێت و وەها راهێنراوە کە حکومەت گۆڕانکاری تیادا روونادات بە پێی خواستی خەڵک و هەلبژاردن و لەسەر هەمان ئەدا و رێوشوێن و بەرژەوەندیە حزبیەکان لە شوێنی خۆی ئەبێت. هەربۆیە هیچ کەسێک لە هاوڵاتی و لە دەنگدەری حزبی نەهاتۆتە دەنگ.
لە لایەکی ترەوە بەپێی بیردۆزەکان, وەها ئەگەیەنن کە دەنگدەری کورد لە ئاستی سیاسەتکردنی حزبەکانە, ئەگەر ئەو بروایەش راست بێت کە دەنگدەری کورد بە گشتی زانیاری پێویستی لەسەر کاروباری سیاسی نیە ئەوا راست دەرئەچێت کاتێک سیاسەتی حزبەکانی کوردستان زۆر هاکەزایین و قووڵبوونەوەی ستراتیجیان نیە بۆ بونیادنانێکی هەرێمێکی تۆکمەی سیستەماتیک و سەقامگیر لە ئاستی ناوەوە و دەرەوەیدا. رووداو و قەیرانەکان لە نماییشی زۆر گاڵتەئامێزدا بەردەوام دووبارە ئەبنەوە و زیاتر شێوەی کتوپڕی وەرئەگرن و لە شەو و رۆژێکدا زۆر هاوسەنگی و تەرازووش ئەگوڕێت و هەموو جارێکیش بە زیان بۆ سەر هاوڵاتی و ئاییندەی هەرێم ئەشکێتەوە و کەسیش بەپرسیارێـتی خۆی راناگەینێـت و هەردوو لا هەر بە هەوەس دژ بەلاکەی تر هاوسەنگی شکست ئەپارێزێت.
ئەوەی سەرنجە, دەنگنەدەری کورد لە ناو بیردۆزی دەنگدەری ژیردا کامڵ دیار نیە بەوەی هێشتا لە ئەلفوبێی دیموکراسیبوونی پرۆسەی هەلبژاردندا چاوەڕوانی تێپەرکردنی هاتنە دی سەرەکیترین بنەماکانی دیموکراسی و هاوڵاتیبوونی ئەم نیشتمانەن کە بەشداریکردنی دەنگدانەکانی پێشووی بۆ هێنانە دی ئەم بنەما سەرەکیانە بووە. بیردۆزەی دەنگدەری ژیر باس لە دەنگدەری ئابووری ئەکات کە لێپرسینەوە و ئەولاوەخستنی شکستخواردووە ئابووریەکان بن! دەنگنەدەری کورد هێشتا دوورەو لەوەی پێودانی دۆخرەفتاری ببێتە زمانحاڵێک بۆی و هەڵبژاردن ببێتە مەیدانی شانەخڕیی چارەسەرکردنی پرسەهەنووکەییەکان و بە سوودی هاوڵاتی و نیشتمان بکەوێتـەوە.
بەڵام ئەوەی بۆ ئێستە دەرئەنجامە ئەو کۆدەنگیەی دەنگنەدەری لەسەرە سەقامگیرە بەوەی لە هەلشکاندایە و ناچێتە قاڵبی ئەوەی پێی بوترێـت دەنگدەرێکی ڕاڕایە. بەپێچەوانەوە زۆر باش ئەزانێـت چی ئەوێت و فریوخواردووش نیە بە دەنگدان و پاشەکشەی دواتری, بەڵکو لە جموجوڵێکی سازانی مەعریفیدایە کە هەلی خۆ سەلماندن بە حزبی تازە و دەرکەوتوو ئەیات و لەوە دەرچووە کە خودرەفتاری بکاتە بریاردەرێک بۆ هەر کایەیەکی هەلبژاردن لە داهاتووشدا, بەڵام ئەوە ناشارێتەوە کە خودرەفتاریەکی کورتخایەن کاریگەریی هەیە لەسەر دۆخرەفتاری بۆ هەر دەنگێک جیاواز بێت لە ئەوانی تر و بێـتە کێبڕکێی سیاسیەوە.
David Patrick Houghton, “ Political Psychology, Situations, Individuals, and Cases”, taylor and Francis, 2009.
دافید باتریک هوتون, علم النفس السیاسی, ترجمه یاسمین حداد, المرکز العربی للابحاث و دراسه السیاسات, ٢٠١٥
داڤید پاتریک هۆتۆن, سایکۆلۆجیای سیاسەت, هەڵوێستەکان, تاکەکان و دۆخەکان, وەرگێرانی لە عەرەبیەوە حەمە رەشید, دەزگای چاپ و پەخشی سەردەم, ٢٠١٨
د. ڕزگار ئاغا
دەستەی کوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیجی