مرۆڤی دەستپێشخەر لەهەر پلە و پایەێکی سیاسی یا کۆمەڵایەتی یا ئایینی…هتد بێت جۆرەهان ، هەیانە دەبێت لێیبپاڕێتەوە تا ئەوەی دەتەوێت ئەنجامی بدات و کە دەستپێشخەریەکەش دەکات بۆ بەرژەوەندی خۆیەتی ، ئەمانە روحی دەستپێشخەریان نیە ، هەیە دەستپێشخەری بۆ بەرژەوەندی گشتی و بۆ قازانجی نیشتیمانەکەیەتی یان بۆ ئاو بە ئاگرداکردنی ناکۆکیەکان و چارەسەرکردنی تەنگوچەلەمەکانە و ، ئەم تەرزە کەسانە دەسپێشخەری دەکات بێ ئەوەی چاوەڕوانی داواکاری کەسێک بکات یا چاوەڕوانی پاداشت بکات ، ئەوەی ئێمە زیاتر باسی دەکەین دەستپێشخەری سیاسیە کە ئیمڕۆ کوردستان لە هەموو کات زیاتر پێویستی پێیەتی ، ئەوەتا دۆخی هەرێمی کوردستان دیارە کە لە ناوخۆدا لە چ دۆخێکی شەپڕێو لەسەر ئاستی ناکۆکی ناڕەوا و نەبوونی متمانە لە نێوان حزبەکان و لەسەر ئاستی جەماوەریش کە متمانەی زۆر کز بووە بە دەسەڵات و حزبەکان دایە ، کە دێیتە سەر کوردستان لە ئێران و تورکیا و ڕۆژئاوا ئەوانیش ڕۆژانە کەوتونەتە ناو دۆزەخی دژواری ئەو دوو وڵاتە کە دان بە هیچ شتێک بۆ کورد دانانێن ، بەڵام بەوپەڕی خۆڕاگری بەرگری بەرانبەر دوو گەورە ماشێنەی سەربازی داپڵۆسێنەری تۆقێنەری نامرۆڤی لە خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن .
گومان لەوەدا نیە کە تەحەدیات و تەنگوچەلەمە هەر دەمێنن و دەشێت زیادیش بکەن ، بەڵام گرنگ ئەوەیە چۆن ئێمە بتوانین ئەو تەحەدی و تەنگوچەلەمانە بکەین بە فورسەت و چۆن خۆمان لە ناوچەی بیرکردنەوەی «گریان» لەسەر دۆخەکەمان بگۆڕین بۆ بیرکردنەوەی ئیجابی و هەوڵی دۆزینەوەی چارەسەر !؟ ، دیارە لەو ڕووەوە سەرۆکی هەرێمی کوردستان بەردەوام بووە و درێخی نەکردووە و بێماندووبون وەک ئاگرکوژێنەوەیەک بەردەوام بە ئاوی حیکمە و بێ حساباتی وەقتی و حەساسیەی سیاسی لە هەوڵی کوژانەوەی ئاگر دابووە نەک هەر لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان و عێراق بەڵکو لەسەر ئاستی کوردستان بەگشتی ، کە ترسناکیەکان دەبنە هەڕەشە لەسەر کوردستان بە پەلە خۆی دەگەینێتی بۆ فریاکەوتنی و ، بە ئاشکرا یا دوور لە چاوی کامیڕا دەستپێشخەر بووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان لە کوردستانی تورکیا بێت یان کوردستانی ئێران یا ڕۆژئاوای کوردستان یان لەناوخۆی هەرێمی کوردستان کە بەکۆمەڵێک پەڵەی ناشیرین دەورە دراوە کە کاریگەری لەسەر سومعەی هەرێم دروستکردووە ، « ئەو »کەسێکە چرکەساتی هاتوو-ی قۆزتۆتەوە بۆ قازانج و سوودی نیشتیمانەکەی ، بڕوای وایە کە نیشتیمان ماڵە گەورەکەیە و کێشەی نیشتیمان کێشەی ژیانە و بۆتە بەشێک لە ویژدان و ، پەیوەندی پارچەکانی کوردستان وەک پەیوەندی نێوان لقەکان لە یەک دەرختدا وایە .
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕوای بەو قووتابخانەیە هەیە کە دەڵێت : ئەگەر بۆ تۆ هەلومەرجی مێژوویی و ڕەگەزەکانی هێزی ناوخۆ و ئیقلیمی و نێودەوڵەتی ئامادەنەبێت بۆ هێنانەدی «هەموو »ی ئەوەی دەتەوێت ، دەبێت تۆ-بەکردەیی- دانوستاندن لەسەر «هەندێک» لەوەی دەتەوێت بیکەیت تا ئەوکاتەی فورسەتێک دێت بۆ ئەوەی لە مەرکەزێک دابیت واتلێبکات «هەموو»ی ئەوەی دەتەویت وەدیبێنیت.
قووتابخانەی ئەو پیاوە لە قووڵایی واقعدا ڕووچووە ، قووڵایی «نادروشمبازی» تا ڕادەی موخالیفکردنی مەوروسی سیاسی کوردستانی کە لەناوخۆیدا خاوەنی گەورەترین قاموسە لە زاراوەی تێکۆشان و شۆڕشگێڕی کە ئێستا سەردەمەکەی بەسەر چووە.
ئەو کەسایەتیە کە پشوودرێژێکی ستراتیژی هەیە ، بەچەکی سەردەم کە گفتووگۆ و دایەلۆگە وەک پزیشکێک هەوڵدەدات بەرگری«مناعە» نیشتیمانەکەی لەهەر پەتا و نەخۆشی و ڤایرۆسی خۆگۆڕ و وەچە کوشندەکانی بپارێزیت کە هەڕەشە لە ئاشتی کۆمەڵایەتی و ئاسایشی نیشتیمان بۆ لاوازکردن و داڕمانی کوردستان دەکات ، «ئەو » بایەخی مێژوو و قۆناغەکانی شارستانی دەزانێت و ، ئەوە دەزانێت کە دیاردەکان لەناوخۆدا شیدەبنەوە و لەناو دەچن ، هەر ئەوە بوو بەسەر ئیمپڕاتۆرەکانی گریک و ڕۆمان و ئومەویەکان و عەباسیەکان و فەڕەنسیەکان و بەریتانیەکان و دەیان وڵات و ئیماڕاتی گەورە و بچووک هات و لەناوەوە داڕوخان.