لەئاسۆوە شەبەنگی سەرکردەی ئەفسانەیی مستەفا بارزانی بەدیارکەوت ، ئەو لەنێوماندا دەژیت ، بۆیە لەکاتی بۆنە و کارەسات و نەهامەتی و دۆخی ترسناکدا دێتەوە سەر ئاسمانی کوردستان و دێت و دەچێت ، لەکنەمن نوسین لەسەر ئەو سەرکردەیە زۆر قورسە ئەگەر موستەحیل نەبیت ، بەڵام ئەوە ناگەیەنیت کە ئەو قامە بەرزەی مێژوو دابڕاو بێت ، چونکە ئەو بوو بناغەکەی لە کوردستان دانا ، ئەمجارەش لەبەر دۆخی ئیجگار ترسناکی ناوچەکە و جیهان وەک شەبەنگ هاتەوە ئەو سەردەمە و ئاسمانی کوردستان و ، پێشتر بەری ڕەنجی سەد ساڵەی هەموو کوردی لەو تاکە قەوارەی بۆمان ماوەتەوە بینیووە کە هەرێمی کوردستانە ، قەوارەیەک کە ئێستا لەناوخۆ زیاتر لەدەرەوە هەڕەشەی لەسەرە ، ئەو قەوارەیەی لەنێو خۆڵەمێشی کارەساتی گەورە و ئاگری دوای دۆزەخ وەک باڵندەی قەقنەس زۆر جوان هەڵسایەوە و ، لە قۆناغێکی زێڕینیدا بوژایەوە و بەرەوپێش چوو و ئاوەدانکرایەوە ، لەڕووخساری ئەو مەزنەدا جار جار شانازی و خۆشحالی بۆ پێکەوەژیان و سەقامگیری و بزاڤی بیناسازی لە گەورەبوونی شارەکان و باڵەخانە و پارک و باخچە و تۆنێل و ڕێگاوبان کە وەک دەمار ژیان دەباتە ناو شوێنە دوورەدەستەکان و باشتربوونی ژیانی خەڵکی لەکاتی ئەو قۆناغدا دەربڕیووە ، بەڵام ئەمجارە لە ڕوخساریدا بینینی ئەو تووڕەیی و ناڕازیبوونی زۆربەی خەڵک و نەمانی متمانە نەک لای هاوڵاتی بەڵکو لەنێو خودی کادیرانی پارتی و یەکێتی و پارتەکانی تر بە حزبەکانیان و دەسەڵات هەڵکشاوە و خەریکە دەگاتە پۆپە و ، بێهیوایی بەئایندە خەریکە دەگاتە کۆتایی ، ئەگەر بە پەلە چارەسەر نەکرێت کارەسات دروست دەکات ، چونکە متمانە یەکێکە لەو بنچینانەی کە کۆمەڵگە لەسەری ڕادەوەستێت و ئەگەر ئەوە ناما داڕمان دێت .
ئەو قامە گەورەیە ئەوەندەی تر بەسەیرکردنی درێژەکێشانی ناکۆکی و پەرتەوازەیی و دابەشبوونی سیاسی و جوگرافی و ناتەبایی نێوان لایەنەکان لەسەر بەرژەوەندی تەسک و شتی زۆر بچووک و ، لاوازیی بڕیار و ئیرادەی سیاسی و نەبوونی دامەزراوەی سوپای نیشتیمانیی پێشمەرگە و یەک مەنزومەی ئاسایش و دارایی پەشۆکا و دڵتەنگ بوو ، کە بەجۆرێک گوێ لە هەڕەشەی وڵاتانی دۆست لە کێشانەوەی پاڵپشتی و ئامۆژگاری و هۆشداری دۆستانی ئەو گەلە ناگرن وەک ئەوەی ئەوان پێویستیان بە ئێمە بێت و ، جیهان تەنها بۆ ئێمە دروستکرابێت!!
سەرکردی مەزن بۆنی خۆشی مێژوو بە قوڵایی هەڵدەمژێت و چاوەکانی دەبریسکانەوە وەک ئەوەی پێمان بڵێت : ئێوە خەریکی چین و بەدوای چی کەوتوون و بۆ وادەکەن !! کوردستان لەزاخۆوە تا خانەقین یەک پارچەیە و ، ئێمە بەشێکین لەو خاکە و خاکی گەورە کە هەر پارچەیەکی بۆ میللەتەکەم پیرۆزە و ، موڵکی ئەوین و خوێن لەڕيگەی ناوکە پەتەوە بە نیشتیمانمان دەبەستێتەوە و یەک لەشکر بووین و بەیەکەوە پتەوین ، ئەم پەرتبوونە و نەمانی متمانەی جەماوەر ماڵوێرانی کوردی بەدواوەیە ، بڕۆن لە مێژوو بپرسن کە زۆربەی هۆکارەکانی ڕووخانی ئیماڕاتەکان و دەوڵەت و ئیمپڕاتۆرەکان لە ناوخۆ و لەناوەوە بووە ، کاتێک گەندەڵی و هەوەسی چڵێسی سامان و ئامرازەکانی سیاسی دادەخورێن و خۆزگەی هاوڵاتیان لە ژیانێکی باش و جێبەجێنەکردنی داواکاریەکانیان دەبنە سەراب ، لەولاشەوە لەبەرچاوی ئەوان هەندێکی تر هەن بۆ هەڵپەی خێرا دەوڵەمەندبوون و بەرژەوەندی کەسی بیئاگان لە ئازار و ناخۆشیەکانی گەل و لە بورجی عاجیدا دەژین ، ئەم جیاوازیە وا لە تاکی کوردستانی دەکات بڕوای کز بێت و دابڕانێک لەنێوان ئەوان و بەرپرسان و دەسەڵاتدا دروسبێت بەتایبەتی گەنجان کە هێزێکی زیندوو و خاوەن ڕێژەی گەورەی دانیشتوانن ، لەبەر نەبوونی دەرفەتی کار هەست بەوە دەکەن کە خاوەن ئایندە نین و ، غەریبن لە نیشتیمانێک کە بەهی خۆیان نەزانن و ئینتیمایان بۆ نەبێت و ، لەکن ئەوان ژیان دەبێتە دۆزەخ و توانای ئەوە لەدەست دەدات کە خەون و خۆزگە بەدواڕۆژێکی باش ببینێت و پەنا بۆ دار و بەرد دەبات بۆ خۆڕزگارکردن کە یەکێکیان پەنابردنە بۆ کۆچ و هەڵاتنە لەو هەڕەشەیەی لە بوونی دەکات و دەڕوات و ڕێگای مردنێکی غەریب دەگرێتەبەر ، شاعێری داهێنەری سوریا محمد الماغوط «1934-2006» دەڵێت : ( هەندێک دەڵێن ئەوە گەوجایەتیە بەرگری لە نیشتیمانێک بکەی کە هیچ وەزیفەیەک یان سەرچاوەیەکی ڕزق یان کەڕامەت و تەعلیم نەدۆزیتەوە ) !! کێشە ئەوە نیە ملیۆنەها دۆلارت هەبێت ، کێشە سومعەی نیشتیمان و مێژووی ئەو گەلەیە کە هێشتا ڕۆژانە جلوبەرگ و کڵاو و جەمەدانی و کەلوپەلی ئەنفالکراوانمان دێنەوە و ، هێشتا ئەو کەسانە ماون کە بەچاوی خۆیان دیمەن و وێنە و دۆزەخی تاریکی کیمیاباران کە پێستی لە جەستە دەکردەوە دێتەوە بەرچاویان ، ئەمە لە ناوەڕۆکە تراژیدیاکەی مایەوە ، لەڕووی مێژوویی بەڕەنگی خۆڵەمێشی مایەوە و ، کەسی کوردستانی نایەوێت جارێکی دیکە ڕۆژێکی کارەساتاوی لە مێژووی وڵاتەکەی ببینێتەوە .
سەرکردەی گەورە لە قوڵایی دڵیەوە داوای لەسەرکردایەتی کورد کرد کە پێویستە بەخۆیاندا بچنەوە و ، عەیب نیە مرۆڤ بکەوێتە ناو هەڵەوە ، عەیب ئەوەیە کە کەوتیتە ناوی ڕاستی نەکەیتەوە و پەند و وانە لە هەڵەکان وەرنەگریت ، بێبەخۆداچوونەوە هەمیشە « چاوێکمان لەبەهەشت و چاوەکەی دیکەشمان لە دۆزەخ »دادەبێت ، زۆر وڵات دۆخی لە کوردستان خەراپتر بوو ، بەڵام سەرکردەی وایان لێهەڵکەوت کە پەیڕەوی پڕنسیبی بەخۆداچوونەوەی ڕەخنەییانەی گرتەبەر ، وڵات و گەلەکیان ڕزگار کرد و وازیان لە دووبەرەکی و دابەشبوون و ڕقلێبوونەوە و هەڵپەی گەڕان بەدوای پارەی حەرامدا هێنا و ئاشتبوونەوە لەگەڵ گەلەکانیان و خۆیان تەرخانکرد بۆ گەشەپیدان و پێشکەوتن و ، بوونە پێشەنگ.
ئێستا جیهان دووچاری تەحەدیاتی چارەنووساز بۆتەوە ، نەک لەسەر ئاستی پەیوەندی نێوان دەوڵەتان پێکەوە ، نە لەسەر ئاستی ئەو قەیرانە ترسناکانەی کە بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتووە ، بەڵکو جیهانێکی نوێ بەڕێوەیە و ، پێویستە پرسیاری ئەوە بکەین کە ئێمە بەو دۆخە شەپڕێویەی خۆمان لەکوێی ئەوەی لە دەوروبەردا ڕوودەدات داین؟ ئێستا کوردستان لەهەموو کات زیاتر پێویستی بەخۆرێکخستنەوەیە لەهەموو بوارەکاندا ، چونکە ئەوەی بەڕێوەیە و وادێت قورس و ترسناکە لەوانەیە خۆی لەناو دڵی ڕووداوەکان بە جەنگ بێت یا بە ئاشتی ببینێتەوە .