ئاسۆ لە نیشانە مێخییەکانی an-ur₂ و an-zag و لە زمانی کوردیدا

سەباح یاسین
  2026-11-26   

دەنگ، وێنە و ئەژماردەی سەرەتایی زمانی هێمایی لە کولتوری جووتیاریی زاگرۆس و میزۆپۆتامیادا

 

پوختە

لە فەرهەنگی سۆمەریی پێنسلڤانیادا (ePSD2) دوو پێکهاتەی مێخی بە مانای «ئاسۆ» تۆمار کراون: anur بە نووسینی 𒀭𒌫 (an-ur₂)، کە ١١٠ جار لە دەقەکاندا هاتووە، و anzag بە نووسینی 𒀭𒍠 (an-zag)، کە ٤١ جار هاتووە و بە «ئاسۆ، کەناری ئاسمان» لێکدراوەتەوە. هەردوو پێکهاتە بە نیشانەی an (ئاسمان) دەست پێدەکەن و بەشی دووەمیان شوێنێکی ئاسمان دیاری دەکات: ur₂ بە مانای «بن، بنەما، ڕەگ» و zag بە مانای «لا، کەنار، سنوور». هەمان پێکهاتە لە کوردیدا لە «کەناری ئاسمان» و «پەراوێزی ئاسمان»دا دەبینرێتەوە، و وشەی «سۆ» بە تەنیا لە هەنبانە بۆرینەدا بە مانای «کەنارەی ئاسمان، ئاسۆ» و «نوور، ڕووناکی» هاتووە. ئەم وتارە ئەو هاوشێوەییە لە دوو ئاستدا دەخوێنێتەوە: ئاستی وێنە و ئەندازەی نیشانەکە — بەرز و نزم، هێڵ و لا، شەپۆلی ئاو — و ئاستی دەنگ و مانا لە کوردیدا — ئا، ئاو، ئۆ، سۆ، ئە، هە. هەروەها پەیوەندیی ئاو بە بەرد، با و بارانەوە — ئاسمانی بەردین و هەناسەی ئاو — دەخرێتە بەر باس. لەم ڕێگەیەوە دوو ڕەهەندی بینین — ئاسۆیی و ئەستوونی — لە دەنگی «ئا»ی ئاسۆ و «ئە»ی ئەستووندا دەخوێنرێنەوە، و پەیوەندیی بینین و بیستن لە ڕێکخستنی مانای گەردوون، سروشت و کولتوردا ڕوون دەکرێتەوە. پرسیاری سەرەکی ئەوەیە: ئایا زمانی هێمایی سەرەتایی جیهانی لە بینینی ئاوەوە ڕێکخستووە، و ئایا ئەو ڕێکخستنە لە ئەژماردە و ئەندازەی دەفری سامەرا و نیشانەی مێخیدا دەبینرێتەوە؟

 

١. ئاسۆ وەک سنووری بینین

ئاسۆ ئەو هێڵەیە کە بینین لێی دەوەستێت. لای ڕاوکەر و جووتیار ئاسۆ شوێنی هەڵهاتن و ئاوابوونی هەتاو بووە، و فەرهەنگی ژیان بە «هێڵی ڕۆژهەڵات بەرەو ڕۆژئاوا» لێکی داوەتەوە. بەم مانایە ئاسۆ یەکەم پێوەری لا و کات و وەرز بووە: لێرەوە ڕۆژ دەست پێدەکات و لەوێوە شەو دێت. فەرهەنگە کوردییەکان زنجیرەیەک وشەیان بۆ ئەم مانایە تۆمار کردووە — ئاسۆ، ئاسۆگ، کەلەپۆ، پەراوێزی ئاسمان، کەناری ئاسمان، باهو، سوێگە — و کوردستانیکا «ئاسۆکان»ی بە مانای «دید، ڕوانگەی هزری»ش هێناوە؛ واتە مانای ئاسۆ لە بینینی چاوەوە بۆ بینینی هزر درێژ بووەتەوە. ئەم گواستنەوەیە لە بینینەوە بۆ زانین بنەمای ئەم وتارەیە: زانین وەک ئەزموونی بینین و بیستن، و زمانی دێرین وەک زمانی وەرگێڕانی بینین بۆ دەنگ و وێنە.

 

٢. داتای مێخی: پێکهاتەی an-ur₂ و an-zag

بە پێی ePSD2، anur لە سەردەمی بنەماڵە دێرینەکانی سێیەمەوە تا ئوری سێیەم، بابلیی کۆن، بابلیی ناوەڕاست، ئاشووریی نوێ، بابلیی نوێ و سەردەمی یۆنانی بەکار هاتووە و سێ شێوەی نووسینی هەیە. anzag لە بنەماڵە دێرینەکانی سێیەم، ئەکەدیی کۆن، لەگەشی دووەم، بابلیی کۆن و بابلیی ناوەڕاستدا هاتووە و دوو شێوەی نووسینی هەیە:

بە خوێندنەوەی ڕاستەوخۆ، an-ur₂ «بنی ئاسمان» یان «ڕەگی ئاسمان»ە و an-zag «لای ئاسمان» یان «کەناری ئاسمان». یەکەمیان ئاسۆ لە خوارەوە دەبینێت — ئەو شوێنەی ئاسمان لەسەر زەوی دادەنیشێت — و دووەمیان لە لاوە — ئەو هێڵەی ئاسمان تێیدا کۆتایی دێت. لە هەردووکیاندا ئاسمان بەرجەستەیە و بن و لای هەیە. ur₂ لە ePSD2دا بە گومانەوە بە «بنی کەشتی»ش لێکدراوەتەوە، و لە کوردیشدا «کەناری ئاسمان» هەمان وێنەی کەناری ئاو و ڕووبار هەڵدەگرێت. ئایا ئەمە ئاماژەیە بۆ وێنەی ئاسمان وەک دەفر یان کەشتییەکی سەر ئاو، کە ئاسۆ بنەکەیەتی و بە ئاوی خوارەوە دەگات؟

 

٣. ئا لە سەرەتای نیشانەکاندا: ئان و ئاو

دەنگی «ئا»ی سەرەتای هەردوو پێکهاتە مانای گشتیی وشەکە دیاری دەکات و ئەو مانایە لە وێنەی ئاسمانەوە وەرگیراوە. نیشانەی an (𒀭) لە بنەڕەتدا وێنەی ئەستێرەیە، و نیشانەی a (𒀀) — بە مانای ئاو — وێنەی ئاوی ڕەوانە. لە ئەفسانە سۆمەرییەکاندا ئاو پێش ئاسمان و زەوی هەبووە: نەمموو (Nammu)، خوداوەندی دەریای سەرەتایی، دایکی ئان و کی — ئاسمان و زەوی — یە، و ئێنلیل (Enlil)، خوداوەندی با، لە ئان و کی پەیدا بووە. ئێنکی (Enki) — بە واتای ڕاستەوخۆ «گەورەی زەوی»، لە en «گەورە» و ki «زەوی» — کە ئەکەدییەکان ئێئا (Ea)یان پێ دەوت، خوداوەندی ئاوی شیرینی ژێر زەوییە (abzu)، و پەرستگاکەی لە ئێریدوو (Eridu) بوو — ئەو شارەی کە بە پێی نەریتی سۆمەری کۆنترین شاری باشووری میزۆپۆتامیایە. ناوی مەردووک (amar-utu) بە مانای «گوێرەکەی هەتاو»ە. لە ئەفسانەی ئەکەدیی «کاتێک لە سەرەوە» (Enūma eliš)یشدا ئاپسوو (Apsû) — ئاوی شیرین — و تیامات (Tiamat) — ئاوی سوێر — یەکەم جووتی بوونن. ئاوی سوێر و شیرین لێرەدا دژی یەکتر نین، بەڵکو تەواوکەری یەکترن، و ئاسمان و زەوی لە تێکەڵبوونیان پەیدا دەبن.

لە کوردیدا «ئا»ی ئاسمان و «ئا»ی ئاو لە دەنگدا یەکن، و «ئاو، تۆو، نەوە» زنجیرەیەکی مانایین کە بوون بۆ ئاو دەگەڕێننەوە. ئەگەر ئاسمان بە «ئا + سمان» بخوێنرێتەوە، «سمان» لە هەنبانە بۆرینەدا بە مانای «کون بوون» هاتووە، و ئاسمان دەبێتە ئاوێکی بەرزی کونکون — ئەو بۆشاییەی تیشکی هەتاو و ئەستێرە وەک کونی دەرزی تێیدا دەبینرێن. «شین» و «شینایی» هەم بۆ ڕەنگی ئاسمان و هەم بۆ ڕەنگی کێڵگە و گیای زەوی بەکار دێن، وەک ئەوەی ئاسمان ئاوی بەرز و زەوی ئاوی نزم بێت. لە فەرهەنگە ئێرانییەکاندا ئاسمان بە asman-ی ئاوێستایی — بە مانای «بەرد، ئاسمان» — دەبەسترێتەوە؛ خوێندنەوەی «ئا + سمان» ماناکە لە ناوەوەی کوردییەوە، لە زنجیرەی دەنگ و وێنەی ئاو و ئاسمانەوە، دەخوێنێتەوە. پێدەچێت ئەم وێنەیەی ئاو وەک سەرچاوەی بوون، بۆ ژیانی ڕاوکەر و کۆکەرەوەی زاگرۆس و تۆڕۆس لە چاخی بەستەڵەکدا بگەڕێتەوە، و دواتر لە زمانی جووتیاریدا درێژە بکێشێت.

 

٤. ur₂ و «سۆ»: لە بنی ئاسمانەوە بۆ وەچە و ڕووناکی

فەرهەنگە کوردییەکان چەند مانایەکی «سۆ» تۆمار دەکەن کە لێرەدا گرنگن: کونی دەرزی و بنەماڵە و وەچە (خاڵ)؛ نوور، ڕووناکی و کەنارەی ئاسمان، ئاسۆ (هەنبانە بۆرینە)؛ ڕووناکی (شێخانی)؛ سبەی، بەیانی (مەردۆخ). «سۆ» بە تەنیا هەم ئاسۆیە، هەم ڕووناکییە و هەم بەیانییە، و ئەم سێ مانایە لە یەک وێنەدا کۆ دەبنەوە: ڕووناکیی بەیانی لە ئاسۆوە هەڵدێت. ئەم داتایە خوێندنەوەی «ئاسۆ» وەک «ئا + سۆ» بەهێز دەکات: ئا وەک ئاو و ئاسمان، و سۆ وەک کەنار و ڕووناکی.

پەیوەندیی ur₂ی سۆمەری و «سۆ»ی کوردی لە مانادا پاڵپشتی هەیە — هەردووکیان شوێنی بن و کەناری ئاسمانن — بەڵام گۆڕانی دەنگی «ur» بۆ «سۆ»، یان پێچەوانەکەی، ئەگەرێکە کە پشت بە نموونەی هاوشێوە دەبەستێت. مانای «بنەماڵە و وەچە» لە سۆدا ئەگەرێکی تریش دەکاتەوە: ur₂ — ڕەگ و بنەما — و سۆ — وەچە — هەردووکیان مانای ڕەگ و نەوە هەڵدەگرن، وەک ئەوەی وەچە لە ئاوی بەرزەوە بەرەو خوار هاتبێت: وەک تۆو، وەک تۆزی ناو تیشک، وەک کونی دەرزی لە بۆشاییدا.

لە وێنەی نیشانەی 𒌫دا هێڵەکان لە بەرزییەوە بەرەو نزمی و دیسان بەرەو بەرزی دەچن. ئەگەر ئەم وێنەیە وەک شەپۆلی ئاو بخوێنرێتەوە، لەگەڵ ئەو بیست و چوار شەپۆلەی سەر دەفری سامەرا هاوشێوەیە کە ئاوی بە بەرز و نزم وێنە کردووە. لە کوردیدا ئاو بە دوو دەنگ هەیە — «ئاو» و «ئۆ» — و ئەگەر «ڕ»ی «ڕێ» بخرێتە پاڵ «ئۆ»، وێنەی ئاوێک دروست دەبێت کە ڕێ دەکات. لەوانەیە نووسەرانی مێخ لەم ڕێگەیەوە — لە گۆکردنەوە بۆ نووسین — دەنگی ur-یان لەگەڵ وێنەی ئاوی ڕەوان گونجاندبێت، و ماناکەیان لە بینینەوە بۆ بیستن وەرگێڕابێت.

 

٥. ئ و هـ: لە ئاوەوە بۆ هەڵم، لە بوونەوە بۆ هەبوون

لە کوردیدا «ئ» و «ه» جێگۆڕکێ دەکەن. شێخانی «ئە» لەگەڵ «ئا» دەگۆڕێتەوە — شەهر/شاهر، کەهنی/کانی، کەهر/کار، پەهن/پان — و «هە» بە «ها» لێکدەداتەوە. هەنبانە بۆرینە «هە» بە «خاوەنی بوون» دادەنێت، و وەهبی (Wahby) و ئەدمۆندز (Edmonds) پێشگری he- بە مانای «هەبوو، ئامادە» دەناسێنن کە «هەبوون» و «هەیی» لێی پێک دێن. «ئە» لە فەرهەنگی خاڵدا نیشانەی داهاتوو و ڕابردووی درێژەدارە، واتە دەنگێکە کە کات بەردەوام دەکات. «ئو» لە هەنبانە بۆرینەدا هاواری ئێشە، و «خۆی» هەم ئارەقەی لەشە و هەم شەونم — ئاوێک کە لە لەشی مرۆڤ و لە گیای زەویدا دەردەکەوێت.

بەم پێیە زنجیرەی ئاو، هەڵم، هەور، باران و ئاو لە زماندا بە زنجیرەی دەنگی «ئ» و «ه» دەبینرێت، و هەمان زنجیرە لە هەست، هۆش و هۆشیاریدا درێژ دەبێتەوە: وەک چۆن ئاو دەبێتە هەڵم و هەور، ئاواش بوون دەبێتە هەست و هۆش. مرۆڤی سۆمەری و کورد کە بوونی خۆیان بۆ ئاو — ئاو، تۆو، نەوە — گەڕاندووەتەوە، لە دەنگ و وێنەی ئەم وشانەدا گۆڕانی جیهان و گۆڕانی هۆشیان پێکەوە بینیوە.

 

٦. ئا و ئە: ڕەهەندی ئاسۆیی و ئەستوونیی بینین

لە کوردیدا وشەی پانتایی و فراوانی زۆرجار بە «ئا» دەست پێدەکەن — ئاسۆ، ئاسمان، ئارام — و وشەی ڕاستەوەستان و بەرزی بە «ئە»: ئەستوون و ئەستێرە. «ئا» کراوەترین بزوێنی کوردییە: چەناگە دادەبەزێت، زمان نزم دەبێتەوە و بەرەو دواوە دەکشێت، و دەنگەکە لە قووڵایی دەمەوە دێت. «ئە» — بە پێناسەی فەرهەنگی دەستی — بزوێنێکی پێشەوەیە کە دەمی تێدا کراوەیە و ئاستەکەی نزمە؛ واتە زمان بەرەو پێشەوەی دەم دەچێت. ئەم دوو دەنگە دوو ڕەهەندی بینین دیاری دەکەن: ڕەهەندی ئاسۆیی — هێڵی پانی نێوان ئاسمان و زەوی — و ڕەهەندی ئەستوونی — هێڵی ڕاستی نێوان زەوی و ئەستێرە. یەکەمیان پانتایی و دووری دەبینێت و دووەمیان بەرزی و خاڵ. هەمان دوو ڕەهەند لە پێکهاتە مێخییەکانی ئاسۆدا هەن: zag لای پانی ئاسمانە، و ur₂ — بن — لەگەڵ an — سەرەوە — هێڵێکی ستوونی دروست دەکەن.

«ئا» لە فەرهەنگەکاندا تەنیا دەنگی سەرەتای وشە نییە، وشەیەکی سەربەخۆشە: بەڵێ و ئەرێ (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، کانی، مەردۆخ، وەهبی و ئەدمۆندز)؛ پرسیار و سەرسوڕمان — ئا؟، بەڕاست؟ — (مەردۆخ، وشەنامە)؛ وریاکردنەوە و هاندان — ئا وەرە — (خاڵ، شێخانی)؛ ڕاناوی مێینە (هەنبانە بۆرینە، لە شیعری جزیریدا)؛ و هی و خاوەنداری — ئا منە — (هەنبانە بۆرینە). شێخانی دەریدەخات کە «ئا» لەگەڵ «ێ»، «ە» و «ی» جێگۆڕکێ دەکات: پا/پێ، سارد/سەرد، ڕا/ڕێ. بەم پێیە «ئا» دەنگی وەڵامدانەوە بە بینینە — بەڵێ، چی؟، سەیرە!، ئاگابە! — و «ئە»، کە لە بەشی پێشوودا نیشانەی داهاتوو و ڕابردووی درێژەدار بوو، دەنگی ڕۆیشتن و بەردەوامیی کاتە. ئایا ئەمە هەمان جیاوازیی ئاسۆ و ئەستوونە: پانتایی بینراو لە یەک دەم، و ڕێڕەوی کات بەرەو پێش؟

ئەم پانتاییە تەنیا پانتایی ئاسمان نییە، پانتایی ژیانی مرۆڤیشە. لە سۆمەریدا adam بە نووسینی 𒀉𒁮 (a₂-dam) بە مانای «شوێنی نیشتەجێبوون» ٨١ جار هاتووە، زۆربەی لە بابلیی کۆندا، و ئەکەدییەکەی namû — دەشت، لەوەڕگا و ناوچەی ئاوەدان — ە. وشەکە بە دوو نیشانە نووسراوە: a₂ — باسک، هێز، کار — و dam — هاوسەر.

لە کوردیدا «ئادەم» یەکەمین باپیری مرۆڤە: خاڵ و وشەنامە بە «باپیرە گەورەی ئادەمی» لێکی دەدەنەوە، هەنبانە بۆرینە بە «بابەدەم، مێردی دایکەوا، هەوەڵین باپیری مرۆ»، و مەردۆخ بە «باوەئادەم، بابەئادەم» و لە فارسیدا بە گەیۆمەرت، کە بە «زیندووی گۆیا» ڕاڤەی دەکات. لە کورمانجیدا adem (بلەو، کۆما کوردییا کورمانجی، دەستی) و لە وەهبی (Wahby) و ئەدمۆندز (Edmonds)دا aḍem، aḍemî و aḍemîzad بە مانای مرۆڤ و مرۆیین. وشەی سێ دەنگی و زیاتر لە کوردی و سۆمەریدا زۆرجار لە دوو بەشی خاوەن مانا پێک دێن، و ئادەمیش دەتوانرێت بە «ئا + دەم» بخوێنرێتەوە. «دەم» لە فەرهەنگەکاندا زنجیرەیەک مانای هەیە: زار و دەڤ (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، وشەنامە، مەردۆخ)؛ کات و ساتی کورت، و سەرەتا وەک «دەمی بەیانی» (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، شێخانی، مەردۆخ)؛ لێوی تیغ و تیژی (هەنبانە بۆرینە، مەردۆخ)؛ هەناسە، و دەمکردنی چا و برنج لەسەر ئاگر (وەهبی و ئەدمۆندز، کانی)؛ دەهەنە، دەرگا و سەرچاوە وەک «دەهەنەی کارێز» (مەردۆخ)؛ و ئاڕاستە وەک demewjûr و demewxuwar — بەرەو سەرەوە و بەرەو خوارەوە — (وەهبی و ئەدمۆندز). دەم بەم پێیە هەم دەرگای هەناسە و گۆکردنە، هەم سەرەتای کات، هەم سەرچاوەی ئاو و هەم ئاڕاستەی بەرز و نزم. ئەم خوێندنەوەیە لەگەڵ سێ داتای ئادەمدا یەک دەگرێتەوە: «بابەدەم»ی هەنبانە بۆرینە کە «دەم»ی وەک بەشێکی سەربەخۆ هێشتووەتەوە؛ «زیندووی گۆیا»ی مەردۆخ کە مرۆڤ بە دەم و گۆکردن دەناسێنێت؛ و «مێردی دایکەوا» کە وەک dam — هاوسەر — ی سۆمەری مرۆڤ لە جووتبوونەوە دەناسێنێت. ئایا «ئا»ی ئادەم و «ئا»ی adam هەمان وێنە هەڵدەگرن: مرۆڤ وەک ئەو بوونەوەرەی بە باسک کار دەکات، بە دەم هەناسە دەدات و دەدوێت، وەک دەهەنەی کارێز ئاو و ژیان دەگوازێتەوە و لە جووتبوون و نیشتەجێبووندا دەشت دەکاتە شوێنی ژیان؟ ئەم پرسیارە مانای «ئا» لە ئاسۆی بینینەوە بۆ ئاسۆی ژیانی جووتیاری درێژ دەکاتەوە.

جێگۆڕکێی «ئا» و «ێ» — کە شێخانی بە نموونەی پا/پێ و خودا/خودێ تۆماری کردووە — لە جووتی خا و خێدا مانادار دەبێت. «خا» لە فەرهەنگەکاندا هێلکە و هێلکەگونە، و وشەی ڕێزە بۆ ژن — کورتکراوەی خاتوون — (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، شێخانی، مەردۆخ، گەڕووس)؛ «خێ» خوێ، ئارەقەی لەش و نەریت و خووە (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، کانی، شێخانی). «خوا»ش هەم خودایە و هەم خوێ — «بنەمای سوێری» — (هەنبانە بۆرینە، مەردۆخ)، و فەرهەنگی خاڵ خودا بەوە دەناسێنێت کە «بووە و هەر دەبێ». «خۆر»یش لە هەنبانە بۆرینەدا هەم هەتاوە و هەم خاک و گڵ. خا سەرچاوەی ژیانە — هێلکە و ژن — و خێ ئەو سوێرییەیە کە لە لەش و دەریادا دەمێنێتەوە. لە خشتەی بزوێنەکاندا «ێ» لە «ئە»ش بەرزتر و پێشترە؛ واتە خا بۆ خێ هەمان ڕێگەی ئا بۆ ئە دەبڕێت: لە قووڵایی دەمەوە بەرەو پێشەوە و سەرەوە. ئایا ئەم جووتە — سەرچاوەی ژیان و سوێریی ماوە — هاوشێوەی جووتی ئاپسوو و تیامات نییە، و ئاسۆ و ئەستوونی دەنگ لە خۆیدا هەڵناگرێت؟ زمان لێرەدا هەوڵێکە بۆ یەکگرتنەوەی بینین و بیستن: ئەوەی چاو دەیبینێت — هێلکە، خوێ، هەتاو و خاک — و ئەوەی گوێ دەیبیستێت — ئا، ئە و ێ — لە یەک وشەدا بەیەک دەگەن.

نیشانەی 𒀭 هەردوو ڕەهەندەکە لە خۆیدا کۆ دەکاتەوە: هەم بە an — ئاسمان — دەخوێنرێتەوە و هەم بە dingir — خودا — و وێنەکەی ئەستێرەیە؛ نیشانەی ئەستێرەش (mul، 𒀯) لە سێ نیشانەی 𒀭 پێک دێت. ئاسمانی پان و ئەستێرەی ڕووناک لە یەک وێنەدا نووسراون. ئایا «ئا»ی ئاسمان و «ئە»ی ئەستێرە لە کوردیدا هەمان پەیوەندیی وێنەیی هەڵدەگرن — فراوانی، و خاڵی ڕووناک لە ناو فراوانیدا؟

لێکۆڵینەوەکانی هێمای دەنگی (sound symbolism) بنەمایەکی ئەزموونی بۆ ئەم جۆرە پەیوەندییە دەخەنە ڕوو. ساپیر (Sapir) لە ١٩٢٩دا دەریخست کە گوێگران وشەی دەستکردی بزوێن کراوەی وەک mal بە «گەورەتر» لە mil دادەنێن. ئۆهالا (Ohala) ئەمەی بە «کۆدی فرێکوێنسی» لێکدایەوە: دەنگی نزم و پڕ هەستی گەورەیی و دووری دەگەیەنێت و دەنگی تیژ و بەرز هەستی بچووکی و نزیکی. ڕاماچاندران (Ramachandran) و هابارد (Hubbard) لە ئەزموونی «بووبا و کیکی»دا نیشانیان دا کە مێشک شێوەی بینراو و دەنگی بیستراو بە یەکەوە دەبەستێتەوە: شێوەی خڕ بە دەنگی کراوە و شێوەی تیژ بە دەنگی داخراو. بەم پێیە مێشک شەپۆلی بینین و بیستن پێکەوە ڕێک دەخات، و پێدەچێت جیاوازیی «ئا» و «ئە» لە کوردیدا ڕەنگدانەوەی ئەم ڕێکخستنە بێت: بینینی پانیی ئاسۆ و بەرزیی ئەستوون، کە لە دەنگدا بووەتە پۆلێن و لە زماندا بووەتە چەمک.

دەنگناسی خۆی بزوێنەکان لەسەر هەمان دوو ڕەهەند ڕێک دەخات. خشتەی بزوێنەکانی کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی دەنگناسی (IPA) وێنەیەکی ئەندازەییە بە دوو تەوەر: تەوەری ستوونی — بەرزی و نزمیی زمان، واتە ڕادەی کرانەوەی دەم — و تەوەری ئاسۆیی — پێشەوە و دواوەی زمان. گوێ و مێشکیش بزوێن بە دوو فرێکوێنسی دەناسنەوە کە هەمان دوو تەوەرن: یەکەم فۆرمانت (F1) بە کرانەوەی دەم بەرز دەبێتەوە، و دووەم فۆرمانت (F2) بە چوونە پێشەوەی زمان. «ئا» لە خوارەوەی ئەم خشتەیەدایە — کراوەترین و قووڵترین خاڵ، وەک ur₂ی بنی ئاسمان — و «ئە» نزیک لە هەمان ئاستی نزم بەرەو پێشەوە دەڕوات و F2ی بەرزترە، واتە دەنگێکی ڕووناکتر و تیژترە. دەم بەم پێیە خۆی ئاسۆ و ئەستوونێکی بچووکە: مێشک بینینی جیهان — پانی و بەرزی — و بیستنی دەنگ — کرانەوە و پێشکەوتن — لەسەر یەک نەخشەی دوو تەوەری ڕێک دەخات. ئایا قووڵیی «ئا» و ڕووناکیی «ئە» هەمان جیاوازیی پانتایی ئاسمان و ئەستێرەی ڕووناکن، کە ئۆهالا بە کۆدی فرێکوێنسی ڕوونی کردەوە؟

کوردی لێرەدا ئاوێنەیەکە کە نیشان دەدات مرۆڤی زاگرۆس و تۆڕۆس چۆن هێڵەکانی گەردوون — پان و ڕاست، ئاسۆ و ئەستوون — بە دەنگ ڕێکخستووە، و سۆمەری هەمان ڕێکخستنی بە وێنەی مێخ نووسیوەتەوە. سروشت، گەردوون و کولتور لەم ڕوانگەیەوە سێ چینی یەک بینینن: ئاو، ئاسمان و ئەستێرە وەک سروشت؛ پانی و بەرزی وەک ڕێکخستنی گەردوون؛ و دەنگ و نیشانە وەک کولتور.

 

٧. بەرد، با و باران: ئاسمانی بەردین و هەناسەی ئاو

لە ئێرانیی کۆندا ئاسمان و بەرد یەک وشەن: asman-ی ئاوێستایی هەم «بەرد»ە و هەم «ئاسمان». لە میزۆپۆتامیاشدا ئاسمان بەردین وێنە کراوە: دەقێکی ئاشووری سێ ئاسمان دەناسێنێت کە لە سێ جۆر بەرد دروست کراون، و ئەستێرەکان لەسەر بەردی ئاسمانی خوارەوە کێشراون (هۆرۆویتز (Horowitz)، ١٩٩٨). ئاو و بەرد هەردووکیان پێکهاتەی ئاسمانن: ئاو وەک سەرچاوەی بوون، و بەرد وەک ڕووبەرێکی ڕەق کە ئەستێرەی لەسەر نووسراوە. لە an-kiی سۆمەریدا — ئاسمان و زەوی، واتە گەردوون — ئەم دوو توخمە تەواوکەری یەکترن: ئاو دەڕوات و دەگۆڕێت، و بەرد دەمێنێت و دەپارێزێت.

فەرهەنگی خاڵ بەرد بە «شتێکی ڕەقی تورتی قورسی ئاشکرا لە زەویدا» دەناسێنێت، و هەنبانە بۆرینە «بەر»ی وەک هاوواتای بەرد هێناوە. لە وەهبی و ئەدمۆندزدا بەرد لە کار و ژیانی ڕۆژانەدا ئامادەیە: بەرداش، بەردتاش، بەردەشۆر — بەردی پانی ناو ئاو بۆ جلشۆردن —، بەردەنووس — نووسینی سەر بەرد — و بەردەباڵکە — بەردی بەرزی ڕاوەستاو. بەردەباڵکە خۆی ئەستوونێکی بەردینە، و پایە بەردینەکانی گرێ میڕازان (Göbekli Tepe) — کە نزیکەی ٩٦٠٠ ساڵ پێش زایین تاشراون و وێنەی ئاژەڵ و باڵندەیان لەسەرە — لە کۆنترین ئەستوونە بەردینە ناسراوەکانی مرۆڤن (شمیت (Schmidt)، ٢٠٠٦). مرۆڤ زیاتر لە سێ ملیۆن ساڵە بەرد دەتاشێت (هارماند (Harmand) و هاوکارانی، ٢٠١٥)، و لە گرێ میڕازاندا ئەم کارە دەبێتە بیر: بەرد دەبێتە شوێن، نیشانە و ئەستوون، و مانای جێ و ژیان هەڵدەگرێت.

«با» لە فەرهەنگەکاندا هەوایە — مەردۆخ بە «گازێکی بێ بۆن و بێ ڕەنگ کە دەوری زەوی داوە» لێکی دەداتەوە —، جووڵەی توندی هەوایە، و پێچدان و سووڕاندنە (وەهبی و ئەدمۆندز). جووتیار خەرمان «بە با دەدات» و دانەوێڵە لە کا جیا دەکاتەوە. «باران» «ئاوێکە دڵۆپ دڵۆپ لە هەور بکەوێتە خوارەوە» (خاڵ)، و مەردۆخ هەم «واران» و هەم «بەردباران»ی تۆمار کردووە؛ شێخانیش «با» بە «وا» لێکدەداتەوە. «بە»ش لە هەنبانە بۆرینەدا مانای گۆڕانی هەیە — «بەفرەکە بوو بە ئاو» —، مانای خاوەنداری — بەهۆش، بەجەرگ — و مانای جووتبوون — شان بەشان، دەست بە دەست. ئەم داتایانە زنجیرەیەکی وێنەیی پێک دەهێنن: ئاو دەبێتە هەڵم، هەڵم بە با دەڕوات و دەبێتە هەور، هەور بە باران دەگەڕێتەوە سەر زەوی و بەرد، و «بە» ئەو گۆڕانە دەگەیەنێت.

«بەستن» زنجیرەکە تەواو دەکات. فەرهەنگی خاڵ بە «ڕەق بوونی شتی شل و بوونی بە سەهۆڵ لەبەر ساردی» و «پێچان و گرێدانی شتێک» لێکی دەداتەوە؛ هەنبانە بۆرینە بە گرێدان، سەهۆڵکردن و «مەیینی ماست»؛ مەردۆخ بە گرێدان، داخستنی ڕێگا و دەرگا، هاتنەوەی برین و — لە مانای حەوتەمیدا — «دانان و پێکهێنانی شیعر، نووسراو و کتێب»؛ و وەهبی و ئەدمۆندز بە ڕەقبوونی شلەکان. «بەستەڵەک» — بەستەڵۆک، شەختە، «حاڵەتی بەستان لە سەرمان» (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، شێخانی) — هەمان ڕەقبوونی ئاوە، و «بەستێن» کەناری ڕووبار، «دەم چەم، گوێ چەم» (هەنبانە بۆرینە) و «بەربەندی ئاو، بەنداو»ە (ڕێژگە). ئاو بەم پێیە بە بەستن وەک بەرد ڕەق دەبێت، بە بەستێن ڕێگەی دەگیرێت، بە با دەبێتە هەڵم و بە باران دەگەڕێتەوە؛ بەردەبارانیش «کوچک واران»ە (هەنبانە بۆرینە)، واتە بارینی بەرد وەک بارینی ئاو. هەمان کاری «بەستن» — گرێدانی شت بە شتەوە — لە پێکهێنانی شیعر و نووسینیشدا هەیە: وشە وەک ئاو دەبەسترێت و ڕەق دەبێت، و دەبێتە دەقێکی ماوە وەک بەرد. «ب» لە سەرەتای بوون، بینین و بیستنیشدا هەیە — ئەو سێ وشەیەی ئەم وتارە لەسەری بنیات نراوە. ئایا هاودەنگیی «ب» لە بەرد، با، باران، بەستن و بەدا هەمان زنجیرەی ئاو نیشان دەدات: ئەوەی ئاو هەڵدەگرێت، دەیبەستێت، دەیگوازێتەوە و دەیگۆڕێت — و مرۆڤ بە بینین و بیستن ئەو گۆڕانەی ناسیوەتەوە؟

مرۆڤ هەر وەک چۆن بەردی تاشیوە، ئاواش وشەی داتاشیوە. ئەفسانەی بوون — ئاو، ئاسمان و زەوی — بەردی سەرەتای ئەو تاشینە بووە، و جووتیارانی زاگرۆس و تۆڕۆس ئەو ڕەوتەیان نوێ کردەوە: کێڵانی مێشکیان گواستەوە بۆ کێڵانی زەوی. ژیان لەم دنیابینییەدا وەک ئاو بە سێ تام ماوەتەوە — شیرین، ترش و سوێر —، و نێر و مێ وەک دوو جەمسەری ماگنیت یەکتر ڕادەکێشن و پاڵ بە یەکەوە دەنێن، بۆ ئەوەی ئەوەی لە سەرەتاوە هەیانبووە بپارێزن: جووتبوون و نەوە. با لێرەدا هەناسەی ئەم مانایەیە: هەمان «ئا»ی ئاوە کە بووەتە هەڵم و بەردەوام لە نێوان ئاسمان و زەویدا دێت و دەچێت.

 

٨. ئەژماردە و ئەندازە: لە پارچە ژمێرەوە بۆ دەفری سامەرا و نیشانەی مێخی

زمانی هێمایی پێش نووسین بە ئەژماردە و ئەندازە دەستی پێکردووە. لە زاگرۆس و میزۆپۆتامیادا، لە هەزارەی هەشتەمی پێش زایینەوە، جووتیاران پارچە قوڕی بچووکی شێوە ئەندازەیی — گۆ، قووچەک، پەپکە، سێگۆشە — بۆ ژماردنی دانەوێڵە و ئاژەڵ بەکار هێناوە. ئەم پارچە ژمێرانە (tokens) لە کۆتاییدا بوونە بنەمای خشتە ژمارەییەکان و نووسینی ئوروک لە نزیکەی ٣٢٠٠ی پێش زایین. نووسین بەم پێیە لە ژماردنی بەرهەمی کێڵگە و مێگەلەوە هاتووە، و ئەندازەی شێوەکان — گۆ، قووچەک، سێگۆشە — پێش پیت هەڵگری مانا بوون.

دەفرەکانی سامەرا — کە هێرتسفێڵد (Herzfeld) لە ساڵانی ١٩١١–١٩١٤دا لە سامەرا دۆزینییەوە — بە نەخشی ئەندازەیی، هێڵی شەپۆلاوی و سووڕانی چوارلایی ناسراون. لەسەر یەکێک لەم دەفرانە بیست و چوار شێوەی شەپۆلی ئاو بە بەرز و نزم وێنە کراون. ٢٤ دوو جار ١٢یە، و ١٢ و ٦٠ بنەمای سیستەمی ژماردنی شەستیی سۆمەرین، کە تا ئێستاش لە ٦٠ خولەک و ٣٦٠ پلەی بازنەدا ماوە. لە مێخیشدا هەر نیشانەیەک لە سەری سێگۆشەیی و هێڵی قامیش پێک دێت، و بەرز و نزم و پانتایی وەک سێ لای سێگۆشەیەک بنەمای ڕێکخستنی شوێن و تێگەیشتنن.

هەمان دەفری بیست و چوار شەپۆلەکە ئاسۆ و ئەستوون لە سروشتی زیندوودا نیشان دەدات. لەسەری ماسی و باڵندە وێنە کراون، و دوو شەپۆلی ناوەڕاست ئاو بە دوو ئاست جیا دەکەنەوە: قووڵایی ئاو، کە جێی ماسییە، و بەرزیی ئاو — هەڵم، هەور و ئاسمان — کە جێی باڵندەیە. ماسی ڕەهەندی قووڵایی و باڵندە ڕەهەندی بەرزی هەڵدەگرن، و ئاو هەردووکیان پێکەوە دەبەستێتەوە؛ هەموو وێنەکەش بە دەوری ناوەندی دەفرەکەدا دەسووڕێتەوە. ئاسۆ و ئەستوون لێرەدا دوو هێڵی جێگیر نین، دوو تەوەری سووڕانەوەی گەردوون و سروشتن: ئاو لە زەوییەوە بۆ ئاسمان و لە ئاسمانەوە بۆ زەوی دەچێت و دێتەوە، و ئەستێرە شەو لە دوای شەو بە دەوری ئاسماندا دەسووڕێتەوە.

ئەم وێنەیە بە توانای چاوی مرۆڤەوە بەستراوە. ئەو مرۆڤەی لەسەر ئاو گەشتی کردووە، بە ڕۆژ ئاسۆی ئاوی بینیوە و بە شەو ڕێگەی خۆی بە ئەستێرە دۆزیوەتەوە. لە ئێریدوو نموونەیەکی قوڕینی بەلەم لە سەردەمی عوبەید دۆزراوەتەوە کە کونێکی تێدایە بۆ داراڵا — ئەو دارە ستوونییەی ناوەڕاستی بەلەم کە فەرهەنگی ژیان بە «کۆڵەکە، ئەستوون» لێکی داوەتەوە — و لە کەناراوەکانی کەنداویشدا پاشماوەی بەلەمی قامیشی لە هەزارەکانی شەشەم و پێنجەمی پێش زایین دۆزراونەتەوە (کارتەر (Carter)، ٢٠٠٦). بەم پێیە پێدەچێت ئاسۆ و ئەستوون — ئاو و ئەستێرە — یەکەم نەخشەی ڕێگە بووبن: ئاسۆ پانتاییەکەی پیشان دەدات و ئەستێرە ئاڕاستەکەی؛ بەلەمیش خۆی هەمان وێنەیە: بنەکەی لەسەر ئاسۆی ئاو و داراڵاکەی — ئەستوونەکەی — بەرەو ئەستێرە، و «بایەوان» — ئەو پەڕۆیەی با دەیجووڵێنێت و وەهبی و ئەدمۆندز بە sail لێکی دەدەنەوە — با و ئاو پێکەوە دەبەستێتەوە. ئایا ئەم ئەزموونەی گەشت و بینین ئەو دوو ڕەهەندەی بە توخمی تێهەڵکێشی ئاو کردووە، کە لە سووڕانەوەی دەوران دەورانی گەردووندا دەسووڕێنەوە؟

سێ نیشانەکەی ئاسۆ هەمان سێگۆشە دروست دەکەن: an بەرزییە، ur₂ بن و نزمییە، zag لا و پانتاییە. ئاسۆ لەم ڕوانگەیەوە ئەو هێڵەیە کە بەرز و نزم تێیدا بەیەک دەگەن و پانتایی دەکەنەوە. zag لە ePSD2دا بە مانای «پێوانەیەکی ماسی»ش هاتووە: وشەی «لا و کەنار» لە کاری ڕۆژانەی ماسیگر و جووتیاردا بووەتە یەکەی پێوانە، و سنوور و پێوانە لە یەک ڕەگەوە هاتوون.

 

٩. ئەنجام

نیشانەکانی an-ur₂ و an-zag ئاسۆ وەک شوێنێکی بەرجەستە دەناسێنن: بن و کەناری ئاسمان. کوردی هەمان وێنە بە «کەناری ئاسمان» و «پەراوێزی ئاسمان» و بە «سۆ» — کەنارەی ئاسمان، ڕووناکی و بەیانی — هەڵدەگرێت. داتاکان دەریدەخەن کە ئەم مانایانە لە بینینەوە هاتوون: لە بینینی ئاو، ئاسمان، ڕووناکی و هێڵی نێوانیان، نەک لە لێکدانەوەی لۆژیکی یان ئایینی. ڤیتگنشتاین (Wittgenstein) ڕستە بە وێنەی ڕاستی دادەنێت؛ زمانی مێخی و زمانی کوردیش بەم مانایە وێنەی جیهانێکن کە مرۆڤی زاگرۆس، تۆڕۆس و میزۆپۆتامیا بە چاو دیویەتی و بە دەنگ وەریگێڕاوە. «ئا»ی ئاسۆ و «ئە»ی ئەستوون ئەو دوو ڕەهەندەن کە ئەم جیهانەیان لەسەر ڕێک خراوە: پانی و بەرزی، دووری و خاڵ، قووڵایی ماسی و بەرزیی باڵندە — دوو تەوەری ئاو کە لە سووڕانەوەی گەردوون و سروشتدا تێهەڵکێشی یەکترن. بەرد ئەم جیهانە ڕادەگرێت و با هەناسەی پێ دەدات: ئاسمانی بەردین و ئاوی ڕەوان، ئەستوونی تاشراو و وشەی داتاشراو.

پارچە ژمێرەکان، دەفری سامەرا و نیشانەی مێخی بەرهەمی کار و ئەزموونی هەرەوەزیی جووتیارانن، و دەریدەخەن کە زمانی هێمایی و بیرکاری و ئەندازیاریی سەرەتایی کولتوری کۆمەڵ بووە، نەک دەسەڵاتی تاک و پاشا. پرسیارێک بۆ خوێنەر دەمێنێتەوە: ئەگەر ئاسۆ کۆتایی بینین بێت، ئایا زمانیش لە سەرەتادا هەوڵی گەیشتن بەو هێڵە نەبووە؟

 

سەرچاوەکان

بۆ بەشەکانی ٢ و ٦ — داتای مێخی

فەرهەنگی سۆمەریی ئەلیکترۆنیی پێنسلڤانیا (ePSD2)، وشەکانی anur، anzag، an، ur₂، zag و adam: https://oracc.museum.upenn.edu/epsd2/

سیڤیل (Civil)، میگێل. ١٩٨٣. Orientalia NS 52: 233–240. — سەرچاوەی ePSD2 بۆ anzag.

فەرهەنگی ئاشووریی شیکاگۆ (CAD)، وشەکانی šamû، išdu و namû. Chicago: Oriental Institute.

بۆ بەشەکانی ١، ٣، ٤، ٥، ٦ و ٧ — فەرهەنگە کوردییەکان

ڤەژینلێکس: https://lex.vejin.net/ck/ — ئاسۆ (کوردستانیکا، ژیان)؛ سۆ (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، وشەنامە، شێخانی، مەردۆخ، وەهبی و ئەدمۆندز)؛ سمان (هەنبانە بۆرینە)؛ ئا (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، کانی، وشەنامە، شێخانی، مەردۆخ، گەڕووس، وەهبی و ئەدمۆندز)؛ دەم (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، کانی، وشەنامە، شێخانی، مەردۆخ، گەڕووس، بلەو، کۆما کوردییا کورمانجی، دەستی، وەهبی و ئەدمۆندز)؛ e (دەستی)؛ mast (کوردستانیکا، ژیان)؛ خا (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، شێخانی، مەردۆخ، گەڕووس)؛ خێ (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، کانی، وشەنامە، شێخانی، مەردۆخ)؛ خوا (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، وشەنامە، شێخانی، مەردۆخ، گەڕووس، وەهبی و ئەدمۆندز)؛ خۆر (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، وەهبی و ئەدمۆندز)؛ خاک (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، شێخانی، مەردۆخ، دەستی، وەهبی و ئەدمۆندز)؛ بەستن (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، کانی، مەردۆخ، گەڕووس، پیشکێن، دەستی، وەهبی و ئەدمۆندز)؛ بەستەڵەک (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، شێخانی)؛ بەستێن (هەنبانە بۆرینە، ڕێژگە)؛ بەردەباران (خاڵ، هەنبانە بۆرینە)؛ بەرد (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، شێخانی، مەردۆخ، خشڵ و پۆشاکی ژنانەی موکریان، کۆما کوردییا کورمانجی، وەهبی و ئەدمۆندز)؛ با (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، کانی، وشەنامە، شێخانی، مەردۆخ، گەڕووس، بلەو، دەستی، وەهبی و ئەدمۆندز)؛ باران (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، کانی، شێخانی، مەردۆخ، بلەو، دەستی، وەهبی و ئەدمۆندز)؛ بە (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، شێخانی، مەردۆخ، گەڕووس، وەهبی و ئەدمۆندز)؛ ئادەم (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، وشەنامە، مەردۆخ، بلەو، کۆما کوردییا کورمانجی، دەستی، وەهبی و ئەدمۆندز)؛ ئە (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، شێخانی)؛ هە (خاڵ، هەنبانە بۆرینە، کانی، وشەنامە، شێخانی، وەهبی و ئەدمۆندز)؛ ئو و خۆی (هەنبانە بۆرینە، خاڵ).

بۆ بەشی ٣ — ئەفسانە و ڕەگی ئاسمان

یاکۆبسن (Jacobsen)، تۆرکیلد. ١٩٧٦. The Treasures of Darkness: A History of Mesopotamian Religion. New Haven: Yale University Press.

بارتۆلۆمێ (Bartholomae)، کریستیان. ١٩٠٤. Altiranisches Wörterbuch. Strassburg: Trübner. — وشەی asman-.

بۆ بەشی ٦ — هێمای دەنگی

ساپیر (Sapir)، ئێدوارد. ١٩٢٩. «A Study in Phonetic Symbolism». Journal of Experimental Psychology 12: 225–239.

ئۆهالا (Ohala)، جۆن. ١٩٩٤. «The Frequency Code Underlies the Sound-Symbolic Use of Voice Pitch». لە: Hinton, Nichols & Ohala (ئا.)، Sound Symbolism، 325–347. Cambridge: Cambridge University Press.

ڕاماچاندران (Ramachandran)، ڤیلایانور و هابارد (Hubbard)، ئێدوارد. ٢٠٠١. «Synaesthesia: A Window into Perception, Thought and Language». Journal of Consciousness Studies 8 (12): 3–34.

کۆمەڵەی نێودەوڵەتیی دەنگناسی (International Phonetic Association). ١٩٩٩. Handbook of the International Phonetic Association. Cambridge: Cambridge University Press. — خشتەی بزوێنەکان.

لادیفۆگد (Ladefoged)، پیتەر و جۆنسن (Johnson)، کیث. ٢٠١٥. A Course in Phonetics. چاپی حەوتەم. Stamford: Cengage. — فۆرمانتەکان و تەوەری بزوێنەکان.

بۆ بەشی ٧ — بەرد، با و باران

هۆرۆویتز (Horowitz)، وەین. ١٩٩٨. Mesopotamian Cosmic Geography. Winona Lake: Eisenbrauns. — ئاسمانە بەردینەکان.

شمیت (Schmidt)، کلاوس. ٢٠٠٦. Sie bauten die ersten Tempel. München: C. H. Beck. — پایە بەردینەکانی گرێ میڕازان.

هارماند (Harmand)، سۆنیا و هاوکارانی. ٢٠١٥. «3.3-Million-Year-Old Stone Tools from Lomekwi 3, West Turkana, Kenya». Nature 521: 310–315.

بۆ بەشی ٨ — ئەژماردە و ئەندازە

شماندت-بێسەرا (Schmandt-Besserat)، دێنیس. ١٩٩٢. Before Writing. Austin: University of Texas Press.

کارتەر (Carter)، ڕۆبێرت. ٢٠٠٦. «Boat Remains and Maritime Trade in the Persian Gulf during the Sixth and Fifth Millennia BC». Antiquity 80: 52–63.

هێرتسفێڵد (Herzfeld)، ئێرنست. ١٩٣٠. Die vorgeschichtlichen Töpfereien von Samarra. Berlin: Reimer.

بۆ بەشی ٩ — زمان وەک وێنە

ڤیتگنشتاین (Wittgenstein)، لودڤیگ. ١٩٢٢. Tractatus Logico-Philosophicus. London: Kegan Paul.

گرنگە رەخنەگرانە بێخوێنتەوە و بیر و بۆچوونیت خۆتم  بۆ بنێریت.

 

sabah1054@yahoo.co.uk

زۆرترین بینراو
كه‌ناڵی ئه‌لعه‌ره‌بیه‌: زه‌یدی جێبه‌جێكردنی بڕیاره‌كانی كردوه‌ به‌ مه‌رج بۆ پشكی هه‌رێم له‌ بوجه‌دا
میدیاکارێکی عێراقی: فالح فەیاز پێشوەختە بڕیارەکانی زەیدی رادەستی بارزانی کردووە
​ڕاپۆرتێکی «مەدا»: دوای جموجۆڵەکانی جورف سەخر، هەرێمی کوردستان لە بەردەم گوشاری نوێ و دۆسیەی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانیدایە
یه‌كێتی: ئاماده‌ین بۆ پاراستنی قه‌واره‌ی هه‌رێم به‌ڵام ئه‌مه‌ یه‌كسان نییه‌ به‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێم
زەیدی تاوتوێی جووڵاندنی سوپا بۆ هەرێمی کوردستان دەکات و بڕیاری وەرگرتنەوەی دەروازە و کێڵگە نەوتییەکان دەدات
مه‌سعود بارزانی: هه‌رێمی كوردستان مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ هیچ بڕیارێك ناكات كه‌ له‌ده‌ره‌وه‌ی ده‌ستور بێت
ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم: بەکارهێنانی زمانی سەربازی و هەڕەشە لە دژی قەوارەی هەرێم ڕەتدەکەینەوە
کەشناسی هەرێم: شەپۆلێکی بەهێزی باران‌و بەفربارین دەگرێتەوە
حکومەتی عێراق سەرۆکی دەروازە سنوورییەکان دەگۆڕێت
روسیا: نزیکەی ٥٠٠ هەزار کەس لەشەڕی ئۆکرانیا گیانیان لەدەستداوە
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×