شەوقی ئاوێنە
رزگار عومەر
2020-08-14   939
کاك مەلابەختیار لەدوایین نوسیندا یەکێك لەداواکاریەکانی، یان ئەفکارەکانی، بۆ بەلەمە کوون بووەکە ئەوەیە کە "ئەنجومەنی پیران دامەزرێنن" لەهەرێم. لێرەدا هەموو دەزانین چەند ناوێکی گەورە هەبوون لە کایەی سیاسەتدا، ئێستا بێ نفوزن، کاك بەختیار یەکێکە لەو سیاسەتمەدارانەی کە ئەمڕۆ وەکو هێزو نفوز کەوتۆتە دەرەوەی هاوکێشەکان، ئەی هۆکار چیە کە زوو زوو ئەو یان کەسانی هاوشێوەی ئەو لەناو یەكیتی، لەنێو حیزبەکانیترهەوڵ دەدەن وەکو کەسی "کاریگەر" کایەی سیاسی بدوێنن؟
بۆ وەڵامی ئەم پرسیارە، حەزدەکەم باسی شتێك بکەم کە رەنگە کەمتر پەیوەندی ڕاستەوخۆی هەبێت بە سیاسەت. چەند سەدەیەك لەمەوبەر، تەنانەت تا ناوەڕاستی سەدەی بیستیش لە شەڕی پارتیزانی ، لە پەیوەندی دەریاوانی نێوان بەلەم و کەشتیەکان، لە کەنارەکان، لە ناردنی سیگناڵی دڵداری، شەوقی ئاوێنە بە کاردەهات بۆ پەیوەندی و لەیەك حاڵی بوون و گۆڕینەوەی نامەو پەیام، ئەگەر لە ئێستادا هەرکەسێك لە بوونی ئەو تەکنەلۆژیا پان و بەرینەی پەیوەندی کردن پەنا بۆ ئاوێنە ببات زۆر نالۆژیك دەبێت!
لە جەنجاڵیەکی فراوان لە قەیرانی بێ وەڵام. لە سەرگەردانیەکی تەواوی هەرێم لەوەی " خۆی" بەرەو کوێ ببات و وێستگەکەیتری چیە، لە بەفێرۆچوون و تاڵان کردنی سەدان ملیار دۆلار لەسامانی ئەم هەرێمە لە ٢٩ ساڵدا. لەم دۆخە پڕ لە داڕمانە کۆمەڵایەتی و مەعنەویەدا؛ کاك مەلا بەختیار دەم نادەم ئاوێنەیەك دەردێنێ "شەوقێك" بە مانای ووشە نالۆژیك، تەژی لە وەهم، بۆ دەباشان یان سەری ڕەش دەنێرێ !
ئەو " گەنجانەی" ئەمڕۆ دەسەڵاتی سیاسی وحیزبی و حکومیان لەم هەرێمە بە دەستە تازە بە هیچ شێوەیەك ئامادەنین بای نوکە دەرزیەك شەریکی راستەقینە یان شەریکی ڕەمزیی لە دەسەلاتی حیزبی و سیاسی خۆیان پەیدا بکەن و تاکڕەوانە هەڵس وکەوت دەکەن، نەك لەبەر ئەوەی گەنجەکان ڕادیکاڵن یان شۆڕشگێڕن، نا بەڵکو بابەتەکە تەنیا هەژموون و ئیحتیکار کردنە. ئەوان نەوەیەکیان لە " پیاوە قەدیمەکان" فڕێ دایە دەرەوەی هاوکێشەکان، تەواو مێژوو ناگەڕێتەوە.
کاك بەختیار؛ لەنوسینەکانی ئەم دواییەدا بەزمانی ئەو خەمخۆرە دەدەوێ کە نایەوێ بەلەمەکەی " ناسیۆنالیزم" لەدەست بچێ و نقوم بێت، بۆیە زوو زوو ئاوێنەکە دەردێنێ و شەوق لە چاوی کاپتنی بەلەمەکە دەدا !
تۆ بۆ ئەوەی بەئاوێنە سەرنجی کاپتن ڕابکێشی یان دەبێ کاپتنی بەلەمێکیتر بیت، یان لەسەر کەنار کاڵایەکی گرنگت هەبێت بەلەمەکە بە تەماحەوە ئاوڕت لێبداتەوە، یان ئەوەتا دڵداریەك لەم نێوەدا هەبێت! کاك بەختیار دڵداری لە گەڵ لاپەڕەکانی ئەخیری پڕۆژەیەك دەکا کە نەدەتوانێ سەرلەنوێ بیکاتەوە بە ژمارەیەکی کاریگەر، نە دەتوانێ وەکو فریادڕەس قبوڵی بکات.
هەر کەسێك دەرکرا لە نێو هاوکێشەکانی نفوزو سیاسەت و هێز، بە " حیکمەت" نوسینەوە ناتوانێ بگەڕێتەوە نێو هەمان دۆخی پێشوو! لێرەدا من شتێکم لە هونەرمەند مەزهەری خاڵقی بینی زۆر لۆژیك بوو، ئەو زۆر پیشەیانەی بیری لێکردەوە، مامۆستا مەزهەر کاتێ گەیشتە تەمەنێکی دیاریکراو ووتی " لێرە دەوەستم چیتر گۆرانی ناڵێم"، چونکە ڕەنگە ئەو بیری لە کوالیتی دەنگ و وچەندین شتیتر کردبێت.
کاك بەختیارو ئەوانەی تازە دەرکراون لە کایەکەو پەراوێزن نئێستاو "خەونی ئەنجومەنی پیران" یان هەیە باشترین کار کە بیکەن ئەوەیە: هەمان بڕیاری مامۆستا مەزهەر بدەن و لە جیاتی گۆرانی نەوتن ئاوێنەکانیان بشکێنن!