بەکورتی10: ساویلکەبوون، بەرهەمی پەروەردەی نادروستە

ئازاد حەمە
  2025-04-10     359

پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

 

ژیرمەندیی لەگەڵ ساویلکەبووندا یەکناگرێتەوە. بەداخەوە ساویلکەکان، لەبەر دڵسافیی و ساکاریی خۆیان ناشرینیی جیهان نابینن، ئەگەر بیانبینییایە وەک ساویلکە Naive نەدەمانەوە. مرۆییەکیش بە مانا جوانەکەی لە ساویلکەبوون Naivenessدا هەیە،ئەمە کاتێک ترسناکە، کە کۆمەڵگە بەکاریببات. لەگەڵ جیاوازی تەماشاکردنی توێژەران بۆ دیاردەی ساویلکەیی،بەڵام هەموو لەسەر ئەوە کۆکن،کە نەرم و نیانی ساویلکەکان پێماندەڵێن، شێوازی نادەستکردی خۆیانیان لە بیرکردنەوە و هەڵوێستوەرگرتن هەیە و یەکێکیشن لە قوربانییەکانی کۆمەڵگەی بێبەزیی هاوچەرخ.

شڕۆڤەی جیا بۆ دیاردەی ساویلکەیی دەکرێت،لێ پەروەردەی داخراو، بێئەزموونی و نەبوونی بەرکەوتن لەگەڵ دەوروبەر،دابڕان لە ژینگەی کۆمەڵایەتیی دروست و گۆشەگیرکردن هەر لەمنالییەوە هۆکاری بەرچاویی دیاردەی ساویلکەبوونن. بەوپێێەبێت، شیاونییە دادوەری رەوشتیی هەڵە بەسەر ساویلکەکانەوە بکرێت و وەک کەسانێکی ناڕەوشتی ببینرێن،ئەمانە لەزۆر رووەوە قوربانیی دەستی نارەوشتییەکانی کۆمەڵگەن و لە زۆرێک لە زمانەکانیشدا هاومانای ساویلکە تەنیا سادەیی، ناخپاکیی،ئاکارجوانیی نییە، وشەی ساویلکە بە مانای دەبەنگ و گێلیش دێت.

ئەزموونیی مرۆییمان دەستپێکێکی ساویلکەییانەی Naivetyهەیە.ئەمە لەگەڵ کات بووە بە دوو کەرتەوە:ساویلکە و ناساویلکە. ئەم کەرتبوونە وایکردووە گروپی دووەم گروپی یەکەم بە کەم بزانێت و بەکاریشیبەرێت. مەبەست، سەرەتای دەرکەوتنی مرۆڤ ساویلکەیی تیابووە،دواتر هەڵاوگۆڕانێکی بەسەرداهاتووە و بووە بەم مرۆڤەی ئێستا،کە هەوڵی بەساویلکەکردنی دەورووبەریدەدات.

گشت ئەوی لایسەرەوە گوترا وامانلێدەکات بپرسیین:چی وا دەکات مرۆڤ ساویلکە بێت:پەیوەندی بە کەمزانینەوە هەیە یان بە هەڵەیەکی مێتافیزیکییەوە؟واتە لەگەڵ لەدایکبوونە؟سروشتیبوون و ساکارییبوون لە مرۆڤدا هەڵەیە؟چۆن بزانیین کەسێک ساویلکەیە؟ئەو شتە چییە وامانلێدەکات ساویلکەبیین و بە ساویلکەیی بمێنینەوە؟بەساویلکەیی مانەوە تاوانی کێیە؟کامیان شاد و خۆشگوزەرانماندەکەن:دانایی یان نادانایی(ساویلکەیی)؟تۆ خۆت ساویلکەیت، یان پێویستت بەوەیە یاری ساویلکەبوونمان لەگەلدابکەیت؟ ساویلکەبوون نەگبەتییە، نەخۆشییە یاخود تۆڵەیەکی یەزدانییە ؟کێ بە ساویلکە دەزانرێت؟بۆمان هەیە بە گەوج یان بە گێل بڵیین ساویلکە؟ ساویلکەکانی ناو سیاسەت فریوکار و چەواشەکارن؟گاڵتەکردن بە کەسی ساویلکە ئاساییە؟مناڵی ساویلکە و گەورە ساویلکە هاوشێوەن؟ساویلکەکان زیانیان بۆ کۆمەڵگە هەیە؟

ساویلکە کێیە؟کەسێکی گوێڕایەڵ،سادە، خۆشباوەڕ،میهرەبان و رووکەشە، بە جۆرێکی سروشتی، دڵپاکانە ئەوەی دەخوازێت بێلادان و بێپێچوپەنا گوزارەیلێدەکات. تێبینی ساکار و بێهەڵوێستی زۆرە،ڕاشکاوانە و بێدەستکاری هەست و بیرکردنەوەی خۆی دەگەیێنێت.ئەم جۆرە کەسانە بێئەزموونن و زیادەڕۆییش لە بۆچوون و کرداریان ناکەن،بەڵام شیاویی ئەوە هەیە زوو فریوبدرێن.متمانەبەخۆبوونێکیان تیایە،کە وایانلێدەکات خێرا باوەڕ بە کەسی بەرامبەر بکەن. ئەمەو لە دەرئەنجام تێناگەن و هەڵوێستیش بەرامبەر بە کاردانەوەکان وەرناگرن،یان لە پەرچەکردارییا سستن.

لەبەرئەوەی ساویلکەکان دیدگایان نییە و گوتنی نەخێریش بەسەختی گۆدەکەن بەئاسانی گێلدەکرین و لەخشتەدەبرێن، ئەمەش دوادەکات ببنە خۆراکی مرۆڤە زۆرزان و بەدەکان. ساویلکەیی،کە حاڵەتێکی سروشتییە، بەدوورە لە خۆنمایشکردن و پۆزلێدان. ئەوانەی ئەم حاڵەتەیان هەیە لەناو وەڵامی سادەدا دەژین و شێوازی زمانەوانیشیان رەوشێکی خۆبەخۆبوونانەی Spontaneity پێوەدیارە،کە هەموو لەبەردەمیاندا هەست بە خۆشییەک دەکەین. ئەمەوادەکات لە ساویلکەکانەوە چاوەڕێ کرداری بێهەڵوێست،ناکاریگەر و گوتنی بێماناNonsense و گەمژانەش بیین.

تایبەتمەندیی فەلسەفە بەجۆرێکە ناهێڵێت ساویلکەبیین. فەلسەفە،کە ویستە بۆ دانایی، لەناو ساویلکەییا دانایی کارێکی مناڵانە و ساکارئامێزانەیە.راستە فەلسەفە لە نەزانین و حاڵینەبوونەوە دەستپێدەکات،بەڵام دواتر بەسەر ئەو دوو حاڵەتەدا زاڵدەبێت و واشمانلێدەکات بەڕەخنەوە لە شتەکانی ناو بوون و ژیانمان بروانیین. فەلسەفە دەزانێت سادەیی گەر هاوشێوەی نەزانیی و گەمژەیی بێت ناکرێت هەبێت. لەناو ساویلکەییدا، هەروەک گوتمان بڕێکی زۆر لە دڵسافیی و خۆشباوەڕی بوونی هەیە،گەر ئەوە زیان لە مرۆییبوونی مرۆڤ بدات فەلسەفە هەڵوێستیدەبیت. شەڕی نێوان ساویلکەیی و فەلسەفەش لێرەوە دەستپێدەکات: دانایی و نادانایی، کامیان خۆشگوزەرانماندەکەن؟ لە کۆمەڵگەیەکدا نادانیی بکرێت بە چەک بۆ چەوسانەوە و بندەستکردن هەردەبێت لەبەرەی داناییدا بین.

تاکە ئامرازی دڵخوازی فەلسەفە بیرکردنەوەیە،ئەی ساویلکەیی؟گشت ئەوەی لێرە گوزارشتیلێکرا بەرەو ئەو تێگەیشتنەمان دەبات،کە راستە فەلسەفە لەگەڵ ساویلکەییدا یەکناگرێتەوە،بەڵام فەلسەفە دەخوازێت ئەو ئامرازەی کاریلەسەردەکات(پرسیارکردن و بیرکردنەوە)بگوازرێتەوە ناو ساویلکەیی تا ساویلکەیی لەگەڵکاتدا رووکەشیی و ساکارییەکانی خۆی لەدەستبدات.

لەبەرئەوەی ساویلکەکان نە لە پرۆسەی خۆڕەخنەگرانە تێدەگەن نە شتێک دەخەنەسەر خەرمانەی چۆنیەتی دۆزینەوەی راستی و رووبەڕووبوونەوەی فریودان بۆ کەسانی سیاسیی،زۆرزان و فریوکار نیعمەتن. زۆرێکیش لە سیاسییەکان سادەیی و تاکڕوویی ساویلکەکان بۆ مەبەستی پراگماتی خۆیان بەکاردەبەن. ئەمە کێشە گەورەکە نییە. کێشە گەورەکە ئەوکاتە دەردەکەوێت،کە ساویلکەکان لەناو یاری بێبەزییانەی سیاسییەکاندا بەکاردەبرێن. زۆریش بەداخەوە،ساویلکەکان لە کۆمەڵگەی داهاتوودا(کۆمەڵگەی زیرەکیی دەستکرد و قۆناغی دووەمی کۆمەڵگەی نیولیبرالیزم) کەرەستەیەکی هەرزانی چاوچنۆک و زۆڵەسیاسیی و زۆڵەبازرگانەکانن.

دوا گوتنمان دەربارەی ساویلکەیی ئەوەیە،کە نەزانی،پاکیی و منداڵییەک لە ساویلکەبووندا پەنهانە،ئەمە وایانلێدەکات متمانەیان بە گشت شتێکی ئەوانیتر هەبێت، بەدیوەکەیتری ئاکاریی ساویلکەیی شیرازەی بیرکردنەوەی رەخنەیی و دیدی گومانکارانەی کۆمەڵگە تێکدەدات. بۆیە گشت هەوڵێک دەبێت بۆ ئەوەبێت،کە ساویلکەیی بەرەو لەناوبردن ببرێت و بە ژیرمەندیی و ئەندێشەکاریی بەلەجیاتیبکرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×