بەکورتی7: نهێنی و نهێنیبوون

ئازاد حەمە
  2025-03-30     316

پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

 

بەپێیئەوەی نهێنی Secretهەردوو ئاکاری شاردنەوە و ئاشكراكردن لەخۆدەگرێت نهێنیەکانی ئەویتر زۆرجار دوچاری گومان و ڕاچڵەکینماندەکات.راستە جیاکردنەوەی ئەوەی نهێنییە لەوەی ناچێتە خانەی نهێنییەوە گرنگیی خۆی هەیە.بەڵام بۆمان هەیە داکۆکی لە ماف بۆ نهێنیبوونSecrecyبکەین و جەخت لەوەشبکەین،کە بەپێی هەلومەرج و دۆزی ژیانی مرۆڤەکان پێویستی بۆ نهێنی یان نەگوتنی ئەوەی ناشێت بگوترێت و لەویتر بشاردرێتەوە جوداوازە.ئەمەو دەستبردن بۆ نهێنی ئەویتر،جیانەکردنەوەی پرایڤت لە نهێنی،دەرگیریبوون بەدەست شاردنەوەی نهێنییەوە هەڵەن، زۆرجاریش گوێمان لێییە هەندێک کەس دەڵێن:من هیچ نهێنیەکم نییە.لەم گوزارەیەدا هەڵە گەورەکە نییەکەیە.

ئەگەرشتێک نەبێت بەناوی نهێنیناسییەوە خۆ نهێنی هێندە گرنگە، کە فەلسەفە گوتنی خۆی لەبارەیەوە هەبێت. نهێنیبوون و دۆزینەوەی نهێنی دیرۆکێکی بەرینی لە هزری فەلسەفییدا هەیە. فەلسەفە هەردەم لە راستیی یان نهێنیی مەرگ دەپرسێت و هەوڵیلادانی توێکڵەکانی ئەم نهێنییەش دەدات.لەبەرئەوە لە ژیانی مرۆڤ دیاردەی نهێنی شتێکی سەرنجڕاکێش و بابەتێکی مرۆیی و عەقڵیشە.هەر بۆیە شێت نهێنی نییە. بەمجۆرە ئاشنابوونی فەلسەفە بە نهێنی شتێکی نوێ نییە و نهێنی(بوون،گەردوون،یەزدان)بەشێکن لەوە. بۆنموونە،پرسی بوون لای هایدیگەر بەشێکە لەو پرسەی تایبەتە بە دۆزینەوە،چونکە بوون لە شاراوەکانە،نهێنییە،ئەمەش داوای گەڕانمانلێدەکات تا ونبوو/شاراوە بدۆزینەوە.     

لەسەر ئەو بناغەیە دەپرسین:نهێنی بۆ هەیە و چۆن دێتەسازان؟چی بە نهێنی ئەژماردەکرێت،چیش ناکرێت؟نهێنی بڤەیە؟بۆ کێ؟مێژووی هەیە یان ئەوەی کە مرۆڤ نهێنی هەیە دیاردەیەکی نوێیە؟ئەوەی نایڵێم نهێنییە یان لێمبووە بە نهێنی؟ئایا رۆژێک دێت مرۆڤ لە نهێنی ببێتەوە؟سەرچاوەی نهێنی چییە و سروشتی  چۆنە؟چی نهێنی لە نانهێنیی جیایدەکاتەوە؟چۆن نهێنی دەمرێت؟ئەوە دێنێت لەسەر نهێنی رووبەرووی هەڕەشە،تەنانەت کوشتن ببینەوە؟کامیان ترسناکە:بەکاربردنی نهێنی ئەویتر یان ژیانی پرایڤتی؟مرۆڤ پێویستی بە نهێنی هەیە؟لەگەڵ باڵادەستی زیرەکیی دەستکرد چیبەسەردێت؟گەمژەکان،گێلەکان نهێنییان هەیە؟نهێنیی شتێکی ڕەوشتییە یان دیاردەیەکی بەدیی مرۆییە؟نهێنی پێویست لە نهێنی ناپێویست جیادەکرێتەوە؟ئەوەی دەیشارینەوە و باسیناکەین بە نهێنی دادەنرێت؟چەند مافی ئەوەمان هەیە نهێنی ئەوی تر بزانین و شت لەوانەش بشارینەوە متمانەیان پێمانە؟لەچ هەلومەرجێكا بۆمان هەیە وتی وتی لەبارەی نهێنی ئەویترەوە بكەین؟

نهێنی چییە؟نەگوتنی شتێکە،زانیارییەکە،ئەمە بەپێی پەیمانێک دەبێت لەنێوان دوان،یان گروپێک لەناو کۆمپانیا یان دامەزراوێک، یاخود بەپێی یاسایەک دەبێت،کە کەسەکە بە باسنەکردنی ئەو نهێنییە پابەنددەکرێت.نهێنی بڕێک لە بێدەنگبوون،شاردنەوە و سەرنگومکردنی تێدایە.بەمجۆرە نهێنی ئەو شتەیە گوتن لەبارەیەوە قەدەغەیە،یان خودی شتەکە شاراوەیە،ناڕوونە،نادیارە،نائاشکرایە. بۆیە گوتنی نهێنی،وادەکات ئەوەی نهێنیبووە ئاشکرابێت،لە شاردنەوە بەدەربێت،لە نهێنیبوونبکەوێت. کاتێک باس لە نهێنی دەکرێت شتێک دێتەئاراوە بەناوی ئەرکی پاراستنی نهێنی،یان ئەرکی نەدرکاندنی نهێنی.ئاسانتر بدوێێن: نهێنی ئەو شتەیە تۆ دەتەوێت بیزانیت و ئەویتر ئەو زانینەت لێقەدەغەدەکات.

دیاردەی نهێنیپارێزی ژیرمەندیەکی خۆی دەوێت.ئەم دیاردەیە ئەندێشەییەکی تێدایە،کە زۆرێک پەیپێنابەن بۆیە رقیان لێیە. رق لە نهێنی کۆتای بە نهێنیبوون ناهێنێت.نهێنی خۆی لەنێوان دوو دیودا دەبینێتەوە: درکاندنی نهێنی و پاراستنی نهێنی، کە ئەوەش دەکرێت بەرەو گفتوگۆی لایەنیتری ئەم دوو دیوەمان بەرێت، لەوانە:مانەوەی نهێنی و لەناوبردنی نهێنی، زیندوڕاگرتنی نهێنی و مرادنی نهێنی،ئەمەو تادەگاتە نزیکبوونەوە لە نهێنی، کە پێمانوایە ترسناکە/دورکەوتنەوە لە نهێنی کە پێمانوایە چارەسەرە.گومانیناوێت نهێنی دەخوازێت وەک پەیپێنەبراو بمێنێتەوە،خۆئەگەر نهێنی کەوتەبەر درکاندن ئەوا شتێک بەناوی نهێنییەوە نامێنێتەوە. سەرەڕای ئەوە،نهێنی هەیە دەمرێت و نهێنیتر لەدایکدەبێت، هەشە نەمرە،بۆنموونە راستی مەرگ.

هەموو نهێنییەک سروشتی خۆی هەیە و هەر ئەوەش کرۆکەکەی دیاریدەکات.زۆرجاریش بەهۆی نهێنیەکانەوە خۆمان دەپارێزین و جارجارەش ئەو نهێنیانەی بوینەتە هەڵگریان ناخۆشەویستماندەکەن یان ژیانمان دەخەنە مەترسییەوە. جیاکردنەوەی نهێنی باشیش لە خراپ، پێویست لە ناپێویست گرنگیی خۆیان هەیە.چونکە لە شت نهێنی دروستکردن مەرج نییە بە نهێنی ئەژماربکرێت.واتە جاری وایە ناخوازین راستیەکە بڵێین، ئەمە بەو مانایە نایەت ئەوەی نەگوتراوە نهێنییە.لێرە قسەمان لەوە نیە،کە سایکۆلۆژیای هەندێک کەس بەجۆرێکە لەزەت لەوە وەردەگرێت هیچی خۆی لەگەڵ نزیکەکانی باسنەکات،ئەمە نهێنیپارێزی نییە،ئەوە نییە لایسەرەوە لەسەری دوایین.بەڵام کاتێک دەگوترێت(ئەو شتە کرا لە پشت پەردەوە)،واتە بەشاراوەیی کرا، لێرە بێدەنگی لە کردنی شتەکە دەبێتە نهێنی.

گەمژەکان، دەبەنگەکان،بەشێوازی خۆیان هەڵگری نهێنین،لێ نهێنی دەرهێنانلێیان زۆر ئاسانترە وەک لە مرۆڤی ئاسایی. ئاژەڵەکانیش شێوازی خۆیانیان لە خۆشاردنەوە و خۆراکشاردنەوە هەیە،بەڵام شێوازی نهێنی ئەمان لەو سیستەمە ناچێت مرۆڤ نهێنیەکانی پێدەچنێت. سەرباریئەوە،چەمکی نهێنی لەبواری کاری هەواڵگری مانایەکیتری هەیە و لەوێڕا شێوازێکیتر لە شاردنەوەی زانیاری و پاراستنی نهێنی پراکتیزەدەکرێت.بەڵام پاراستنی نهێنی بەپێی نهێنی پیشەییConfidentiality،لە بواری دادوەریی،پزیشکیی، رۆژنامەوانیی تایبەتمەندی تری هەیە، یان قەشە لە وڵاتێکی وەک سوید هەرگیز داوای شایەتحالیلێناکرێت.

کۆتا بینینمان سەبارەت بە نهێنی ئەوەیە،کە دیدگای جیاواز لەبارەی نهێنی و چۆنیەتی نهێنیبوونەوە هەیە: نهێنی و کولتوور،نهێنی و چین و توێژ،نهێنی و رەگەز(نێر، مێ)، و زۆرێکیش لەگەڵ نهێنیخوازیدا ناسازگارن. بەڵام نابێت ئەوەمان بیرچێتەوە،کە هەموان ناتوانیین نهێنیپارێزبیین.ئەمە لە هەندێک ڕوەوە پێدەچێت پەیوەندی بە پەروەردەوە هەبێت. هەندێک پەروەردەی بەجۆرێکە،یان خۆی سروشتیوایە، کە دەمشڕە و ناتوانێت شت نەڵێت و توانای پاراستی گوتنی نییە.لێرەدا پێویستە ئەوە بزانیین،کە شتێک هەیە بەناوی ئاسایشی زانیارییەوە و لەوێ پاراستنی نهێنیەکان مەرجی سەرەکییە. بەداخەوە لەناو ئەو قەرەباڵغییە سیاسییەی لە کوردستان هەیە ئەو ئاساییشە وەک پێویست رێزیلێناگیرێ و وەک خەمێکی نەتەوەییش نابینرێت.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×