دوو شه‌ممه‌, 31 ی ئازار , 2025

بەکورتی6: هیچ.... هیچبوون پاشماوەی نەبوونە

ئازاد حەمە
  2025-03-27     298

پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

 

دۆشدامان لەبەردەم هیچییدا چارەسەر نییە. لەبەرئەوە لێرەدا چەپکەبیرکردنەوەیەکی فەلسەفیی سەبارەت بەهیچ Nothing دەخەینەڕوو، ئەگەرچی زۆربەمان دەزانیین ڕوانگە گۆڕین تایبەت بە هیچییNothingnessئاسان نییە. ئەوەش لامان پرسیارە،کە بۆ لە خەمڵاندنی هیچییا کەمتوانایین؟ئەمە یەکێکە لەو پرسانەی ناخرێتەڕوو. لەو بارەوە دەپرسیین: بوونی هیچ راستە؟هیچ تەنها ئەوەیە،کە لە مێشکی ئێمەدا ئامادەیە؟مەگەر هیچ شتێکی هێمایی نییە و تەنها بابەتێکی زمانەوانی نییە؟ئێمەی مرۆڤ توانای بینینی،درکپێکردنی،هیچمان هەیە؟ باشە هیچ سەرەتای شتەکانە یان ناپایانە؟واتە شت لە هیچەوە دەخوڵقێت؟ئەگەر هیچشتێک لە هیچەوە نایەت(کە بەلاتینی دەبێت بەمە: ex nihilo nihil fit)کەواتە هیچ بوونی نییە؟بوون نەبێت نەبوونیش نییە؟ئەی یەزدان لەکوێی هاوکێشەکانە؟گریمان یەزدان جیهانی لە هیچیی رەهاوە دروستکردووە، ئەی بوون(گەردوون) پێشهاتنی یەزدان چ فۆرمێکی هەبووە؟ئەدی ترس لە هیچیی بوونی هەیە؟خودی ترسەکە هیچ نییە؟یاخود ئەم جۆرە ترسە وایە و بەهاشی هەیە؟

بمانەوێ و نەمانەوێت،لێرە یان لەوێ هیچ یەخەمان دەگرێت و کەوتنە تەڵەی هیچیشەوە گومانمان لە هیچ ناڕەوێنێتەوە.وێڕایئەوە،هیچ تایبەتمەندیی خۆی هەیە،ئەم تایبەتمەندییەش بەزۆری لەناو زانستە سروشتیەکاندا دەردەکەوێت، بەتایبەت بیرکاری. لەبەرئەوە، سەرەتا دەپرسین هیچ چییە؟ هیچ بەمانای نەبوون دێت. شتێک، کە هێشتا نییە. نەبوونی شتێک واتە هیچ. ئەو شتەی،کە نییە، واتە هیچە. کەی شت هەبوو هیچ نامێنێت،کە شتیش نەبوو بۆشایی(بەتاڵیی) Vacuumهەیە.کە شت هەبوو بوون هەیە، واتە بۆشایی پڕدەبێتەوە.

هیچیی چییە؟ نەبوونی بوونە، وەکیتر بەمانای وەستانی ژیانیش دێت.کەواتە، کە هیچ هەبوو ژیان بوونی نییە و خودی بوونیش بوونی نییە. ئەمانە گەواهی ئەوە دەدەن، هیچ بە مانای بۆشایی دێت. سەرەتای هیچ هەر خودی هیچە، یان دژە هیچ هیچیی دروستکردووە. ڕەنگە هەندێکمان بڵێین: بێ هیچ ژیان ئەستەمە. بەخۆی بوون و نەبوونی هیچ پەیوەندی بە خودی بوونەوە هەیە. سەرنجخستنەسەر بوونی هیچییش سەرنجخستنەسەر ئەو بۆشایەیە تیایدەژین. واتە،دەرککردن بە هیچیی دەرککردنە بەو ڕاستییەی بوونی ڕاگرتووین. بەواتایەکیتر، هیچ واتە نییە. کە نەبوو،کە نییە، واتە هیچ ئامادە نییە. باشە دەکرێت کەسێک بەخۆی بڵێت: من هیچم. نا.. تەنیا لەو حاڵەتەدا نەبێت، کە ئەو خۆی وەک نا و بەتاڵاییەک، دەبینێت. لەبەرئەوەی خودێک، جەستەیەک، بوونی هەیە بۆیە ئەویش هەیە.

باشە هیچ چ جۆرە چەمکێکە؟ هیچ چەمکێکە لە وێنەی نەبوون. هیچ لە قۆناغی نەبووندایە، نەگەیشتووەتە قۆناغی هەبوون. ئەمە ئەوە دەگەیێنێت، کە هیچ نکۆڵیکردنە لە بوونی شتێک.ئەم نکۆڵیکردنە بەوەش دێت، کە بەها بوونی نییە، شوێن بوونی نییە. گشت ئەوەی گوترا دەمانبات بەرەو ئەمە: هیچبوون. واتە هیچ بوونی نییە.

سەرباری ئەوە، هیچ بنەمای نکۆڵیکردنی بوونە و پرسیاریشە لەسەر دۆزی ڕەهابوون. لەبەرئەوەی هیچ هەر هیچ نییە و ئەم هیچە بەهای هەیە، بۆیە هیچ بابەتێکی کرۆکییە. لەم ڕوانگەیەوە دەتوانیین بڵێین، کە هیچ ئەو هیچە نییە عەوام قسەی لێدەکات.

گەر هیچ نییە بێت و ئەوەش سەرچاوەی گەردوون بێت، کەواتە نییە یان هیچ ڕەچەڵەکی گەردوونە. باشە کێ پێیوایە هیچ، واتە نەبوون، سەرەتا و دەستپێکی گەردوونە! گەر وایە پێویستمان بە فیزیایە ئەمە یەکلاکاتەوە. باشە، گفتوگۆکردنی هیچ دەچێتە خانەی گفتوگۆیەکی فەلسەفییەوە یان فیزیاییەوە؟ گەر باسی هیچ بمانبات بەرەو بۆشایی، بەتاڵیی، کەواتە ئەوەی هیچێک لە فەزادایە بابەتێکی فیزیاییە.

فیزیا بۆی هەیە بۆشایی رەها لە هیچیی رەها جیاکاتەوە. لە فیزیادا،کە دەگوترێت هیچ لە بۆشاییدایە، لەمحاڵەتەدا هیچ تێگەیشتنی تری لەبارەوە هەیە. زانایان پێیان وایە،"بۆشایی بریتییە لە فەزایەک کە ماددە و هەوای تێدا نییە". بەڵام شتێکی تر لەوبارەوە لەئارادایە، کە هێشتا هەندێک تەنۆلکەی ماددە لە بۆشاییدا هەن،کە زۆر زۆر کەمترن لەو هەوایەی مرۆڤ بەکاریدەبات.

هیچ نییەیە یان بوونی نییەیە پێویستی بە بەڵگەیە. واتە جەغتكردن لە بوونی شتێك پێویستی بە بەڵگە و بە سەلماننە، بەڵام ئەوەی پێیوایە هیچ شتێكە بوونی هەیە پێویستی بەو جەغتەنییە،كە دەڵێین ئاو لەسەر مانگ هەیە لەمحاڵەتەدا دەبێت بوونی ئاوەکە بسەڵمێنین.

جیهان لە هیچەوە دێت یان لە شتەوە؟واتە جیهان پێشتر هەبووە؟ دێکارت پێیوایە ئەوە هەیە، کە دەتوانین بیسەلمێنین. بۆ هایدیگەر بەمجۆرەیە: چاکتر  نییە جیهان لە نەبێتەوە دەستپێکات وەک لەوەی لە شتەوە؟ گەر وابێت جیهان لە هیچەوە دەستپێدەکات، واتە باوەرمان بە بۆشایی ،جیهانی بۆشایی ،هەیە. کاتێک بڵێین بوون لە شتەوەیە پێویستە بیسەلمێنین،ئەگەر وانەڵێین ئەوا سەلمانن پێویستناکات. کە وتمان پرتەقاڵ لە مەریخ هەیە دەبێت بیسەلمێنین، کە سەلمانمان واتە ئاو هەیە و ژینگەی تایبەت بە پرتەقاڵیش هەیە.

دوا قسەمان لەسەر هیچ بەوە کۆتایپێدێنینن، کە تێنەگەیشتن لە هیچ گورزێکی سامناکە لە بەهای هیچیی. ئەگەر هیچشتێک لە هیچەوە نایەت کەواتە هیچ بوونی نییە. بۆنموونە گەندەڵی هەیە، چونکە سیاسەت هەیە. گەندەڵی لەخۆڕا نییە، سیاسەت نەبایە گەندەڵی نەدەبوو. بەڵام لەسەر بنەمای قسەیەکی فەلسەفیی لایبنێتز دەڵێێن: هیچشتێک لەخۆڕا بوونی نییە،دەبێت هۆیەک بۆ بوونی شتەکە هەبێت

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×