بەکورتی5: دەگمەنبوون تاکجۆریی و بێوێنەییە

ئازاد حەمە
  2025-03-24     310

پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

   

سفرەی سەخاوەتی فەلسەفە پڕە لە تێڕوانینی جودا و پێویست بۆ چەمکەکانی رۆژانە. چەمکی دەگمەنیی جێی گرنگییە و لاشم بووە بە پرسیار، کە کێ،  چی و کوێ دەگمەنە و شایانی دەگمەنبوونە. لەم کورتە باسەدا،  لەزیاد لەگۆشەیەكەوە هەوڵی بینینی دەگمەنیی دەدەم،  ئەوەش کە دەگمەنەکان لەیەککاتدا بۆ هەموان سەرنجڕاكێشنیین و بۆچوونی هەموانیش بۆ بەدەگمەنبوون وەک یەک نییە. لەوە بترازێ دەگمەنuniqueهەردەم نییە و زوو زووش دەرناکەوێت. لەوبارەیەوە دەپرسیین:شتەکان و کەسەکان چۆن دەگمەن دەبن؟ئایا دەگمەنبوون هەتاهەتاییە؟پێچەوانەی دەگمەن چییە؟چی و کێ بۆی هەیە دەگمەن بێت؟چی کەس،  شتەکان یاخود جێگاکان دەگمەن دەکات؟پێویستیشە لەوە بەئاگابیین، کە ڕۆچوونە ناو چەمکی دەگمەنیی بەرەوناو زۆر داڵانمان دەبات.لەسەر ئەوەش وەستاوە لەکام گۆشە نیگاوە دەڕوانینە دەگمەنیی.هەندێک کەسێکیان یان شتێکیان لادەگمەنە، کە لێشیان دەپرسیت بۆ؟وا وەڵامدەدەنەوە:ئاخر دەگمەنە.

لەبەرئەوە دەپرسین دەگمەن چییە؟دەگمەن تاکە،  جۆرێکی تاکجۆرە،  بێوێنەیە، ناهاوشێوەیە، دەشێت سەیر،  گۆشەگیر،  نامۆ، جۆرێکی نادووبارە و نوێ بێت.دەگمەن لەخودی خۆیدا نالێکچووە و پێچەوانەی گشت شتێکی ترە. دەگمەنەکان تاکوتەرا،  تاکشێوە و جوداوازن. پێچەوانەکەش شتی دووبارە، بڵاو، گشتی و باوە.لەبەرئەوەی دەگمەنەکان هێجگار کەم،  نائاسایی و نانۆرماڵن. ئەو شتەی دەگمەنە تەنهایە، تەنهاش نائاسایی و ناگشتییە.هەرلەبەرئەوە غەریب و تاکە. دەکرێت ئەو شتە تەلارێک، کارێکی هونەریی یان شانۆنامەیەک بێت.

کەسێک،  شتێک یاخود جێگایەک بۆی هەیە دەگمەنRare بێت. ئەمانە هەریەکەیان، کە دەگمەندەبن دەکرێت لەگەڵ کاتیشدا دەگمەنیی خۆیان لەدەستبدەن. بەلەدەستدانی دەگمەنیی ئیتر ئەو شتە یان کەسە یاخود شوێنە وەک دەگمەن نامێنێتەوە. کاتێک کەسێک یان شتێک دەگمەن دەبێت سەرنجی دەخرێتەسەر و زۆرێکیش بەشکۆوە لێیدەڕوانن،  هەشە گومان لە شکۆدارییەکەیدەکات.

پەژیران و پەسەندکردنی شتێک یان کەسێک وەک دەگمەن کردەیەکی کەسیی نییە.لەبەرئەوەی دەگمەن بەهادارە، تاکە، جیاوازە،  دانسقەیە،  تایبەتمەندە. لەخودی خۆیدا هەڵگری توخمی دەگمەنییە. بەمجۆرە،  دەگمەنیی سەرەتایەکی هەیە.لەناو دەگمەنییدا توخمی دەگمەنیی خۆی مەڵاسداوە.ڕاستە دەگمەن ڕێزپەر exception،  ناوازە یان نایابexcellentیش دەگرێتەوە، لێ هێشتا ماویانە بگەنە ئاستی دەگمەنیی. دەگمەن بەرەو سەرویئاسایی دەڕوات paranormal.ئەمە وایلێدەکات وەک دەگمەن بمێنێتەوە.کەواتە دەگمەن بێوچان دەگمەنە،  تەنیا لەو حاڵەتانەدا دەگمەن نییە،  کە هەلومەرجێک کار لەسەر وەلاخستنی دەگمەنییەکەی دەکات. بۆنموونە کاتێک دەردەکەوێت بیریارێک فاشیستە یان سیاسییەک جەلاد و گەندەڵە.

لێرە دەپرسین:دەگمەنەکان ئەوانەن ئێمە وەک دەگمەن دەیانبینین یان ئەوانەن، کە خۆیان وەک دەگمەن دەردەخەن؟دەگمەنبوون تایبەتمەندیەکی ڕیزپەڕە.خۆوەک دەگمەن نیشاندان دەگمەنیی بەدوانایەت. لەناو دەگمەنبووندا ماهیەتێک پەنهانە کە شتەکە دەگمەن دەکات. سەرباری ئەوە، دەگمەن پێویستی بە پەیپێبردنە. چونکە بەردەست نییە،  لە شوێنێکیترە. دەگمەن بەدواگەڕانی دەوێت،  دەبێت بدۆزرێتەوە،  نەحازرە نەبڵاوە. نە باوە نە گشتییە.دۆزینەوەی دەگمەنیی کاتی دەوێت. هەر فاکتەری کاتیشە دروستکەری دەگمەنییە .

دەگمەنیی سەرپێچیی نییە. چونکە دەگمەن لەناو پرۆسەیەکی هێجگار ئالۆز دەگمەنبووە. دەرچوونیش لە دەگمەنیی پێویستی بە دۆزێکی ئالۆزە. بۆنموونە،  گرگن دەگمەن نییە.چونکە زۆرینەیە. کاتێک زۆرینە پێوەردەبێت دەگمەنیی لەوێ باردەکات. نیشتیمانی دەگمەنەکان دوورە،  لێرە نییە.

سیاسیی دەکرێت دەگمەن بێت؟بەڵێ، ئەوانەی،  کە وەچەرخاندنی مێژووییانکردوە(لێنین، تشیڤارا).دەگمەن سەرەتا دەگمەن نییە،  دواتر تایبەتمەندی دەگمەنیی تیادروستدەبێت.هەر ئەم خاڵە وادەکات دەگمەن هەمیشە وەک دەگمەن نەمێنێتەوە.ماندێلا دەگمەنە،  دەگمەنیش نەبایە بیریارێکی دەگمەنی وەک دێریدا بۆدەچێتەسەردانی و لە حوزریا سێمینارێک لەسەر ئەپارتیدAparteid(جیاوازیی ڕەگەزایەتی) پێشکەشدەکات.مارکس بیریارە دەگمەنەکەیە،  کە تا هەنووکە دەگمەنیی خۆی لەناو وتاری سیاسیی و فەلسەفیی و ئەکادێمیی لەدەستنەداوە. ئەمەی وترا پێماندەلێت: لە هەناوی دەگمەنیدا جیاوازییەک هەیە،  هەر ئەو جیاوازییەیە وایلێدەکات بمێنێتەوە بێڕکابەر. وەکیتر دەگمەنەکان هەڵکەوتوو و پێشڕەون.

لەبەرئەوەی دەگمەن بێهاوتا،  کرۆکدار و پڕناواخنە،  ڕێژە تێدەپەڕێنێت،  یان ڕێژەکەی بەجۆرێکە ئەوانیتر پێێناگەن. بەمجۆرە،  دەگمەنیی لێوانلێوە لە جیاوازیی و تازەیی و ڕەگ و ڕیشەشی نائاساییە.

شۆرشگێڕێک و سیاسییەکی دەگمەنی لە جۆری تشیڤارا،  داستانێکی خۆشەویستی دەگمەنی لەجۆری رۆمیۆجولێت،  زانایەکی دەکمەنی وەک گالیلۆ،  رۆمانوسێکی دەگمەنی وەک کافکا،  بیریارێکی دەگمەنی وەک ڤیتگێنشتێین،  نوسەرە بیرمەندێکی وەک ستێنبێری، کارە شاکارەکانی دانتی، شکسپیر، بۆدلێر و گۆران دەگمەنەکانن. پازۆلینی،  تارکۆڤسکی،  گۆدار سینەماکارە دەگمەنەکانن. مالارمێ، سیلان، پوشکین و سەیاب دەگمەنەکانن.تائێستاش بۆنی دەگمەنییان لێدێت. هەلومەرجێکی تایبەت،  کە دیرۆکێک لەپشتیەوەیە کەس یان شت یان جێگاکە دەگمەندەکات. نوسینەکانی تۆلستۆی،  گۆتە، پیراندێلۆ، نیچە زۆری خایاندوە تا دەگمەن بووە. واتە تێڕوانین و ڕامانی دەگمەن زۆر دەمێنێتەوە.دەگمەنیەکەی وایلێدەکات دانسقەبێت. بۆیە دەڵێێن: دۆزینەوەی دەگمەنەکان پشوودرێژی دەوێت و خۆشیان هەر بەرهەمی ئەو پشوودرێژیەن. هەرگیز دەگمەنەکان لەخۆڕا و خێرا نەبوونەتە دەگمەن. گەڕیدە و دۆزەرەوەیەکی وەک کۆلۆمبس، جیهانگەڕێکی وەک ڤاسکۆ دا گاما یاخود سەردارگەلێکی وەک ئەلێکساندەری گەورە ، ناپۆلیۆن و بیسمارک بۆ کێ دەگمەنن و بۆ کێ نادەگمەنن ڕوون نیە.

کۆتا وێناکردنمان سەبارەت بە دەگمەنبوون ئەوەیە، کە جێی داخ و ئەسەفە،  کۆمەڵگەی ئێمە کارێکی ورد و خێرا بۆ لەناوبردنی دەگمەنەکانی خۆی و سڕێنەوەی دیاردەی دەگمەنیی دەکات. بەشێویەکی بەرچاویش دەگمەنیی خەریکە لە کۆمەڵگەی ئێمە ئاوادەبێت. دڵشكاوانە دەڵێم: هەر کۆمەڵگەیەک دەگمەنیی تیایا دەگمەن بوو،  هیچی نەبوو بگاتە ئاستی دەگمەنیی ئەو کۆمەڵگەیە بێباک و نامیهرەبانە بەرامبەر بەخۆی.ئێمە کە دەگمەنمان نەبوو،  دەگمەن لەیەک کاتدا هی هەموان نەبوو،  ئەوا ئەوەی دەگمەنمانکردووە دەگمەن نییە. ئەگەرچی بەدگومانانە ناڕوانینە دەگمەنیی لە کولتوور و کۆمەڵگەی خۆمان،  لێ دەگمەنی ئێمە زۆرجار خەسڵەتێکی پەچەدار و نادانسقەی هەیە.ئەوەش جێگای پرسیارە کە دەگمەنەکانی ئێمە، شاکارەکانمان و بە سیاسییەکانیشمانەوە،  دەرەقەتی دەگمەنەکانی ئەوانیتردێن؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×