پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی
گشت ئامانجی ئەم بابەتە کورتە ڕووبەڕووبوونەوەی پرسی پووچیی و گەڕانە بەدوای دەرەچەیەک بۆ هاتنەدەرەوە لێی.هاوکات لێرە پووچیی لە دیدی بیرکارییەوە باسناکرێت،چونکە گفتوگۆی بیرکارییانەی پووچAbsurd ئاڕاستەی قسەکانمان بەرەو شوێنێکیتر دەبات.
دەستەواژەی پووچییAbsurdityیەکێکە لەو دەستەواژە مشتومڕئامێزانەی ڕاڤەی فەلسەفیی و وێژەیی/هونەریی و بیرکاریی زۆری بۆکراوە. پووچیی لەڕووی چەمکییەوە بەرەوناو فەلسەفە، شانۆ و هونەرمان دەبات و لینکێکی هزریشی لەگەڵ هیچگەراییدا هەیە.ئەڵبەتە بیانووی جۆراوجۆریش سەبارەت بە دروستی و نادروستی چییەتی پووچیی لەئارادان.هەربۆیە پووچیی ڕووبەرووماندەکاتەوە لەگەڵ چەمکگەلێکی زۆر، لەوانە مەرگ. بۆ پووچیی گەر مەرگ بێمانایی بێت، ئەوا گەڕان بەدوای مانا بێمانایە. بەواتایەکیتر،مرۆڤ تاکە بوونەوەرە لە پووچیی دەکۆڵێتەوە، کە ئەوەش بەرەو بیرکردنەوەی دەبات لە مانای بوون و بەهاکان. تەنانەت ئازادی و یاخیبوونیش. گفتوگۆی پووچیی بابەتی یەزدانیش دێنێتەپێشەوە،چونکە ئەو دەتوانێت بوون و نەبوونی مانای ژیان، یان بوونمان دەستنیشانبکات. ئەوەش،کە بوون بێمانایە و ئێمە مانای دەدەینێ لە دیدی فەلسەفییەوە بەرەو دەرهاویشتەی جۆراوجۆرماندەبات. خودی پووچیی بابەتی نامۆبوونیش دەوروژێنێت. لەناو نامۆبووندا مرۆڤ دەگەڕێت. مرۆڤی نامۆ مرۆڤێکی پووچگەرا نییە. مرۆڤی نامۆ پووچیی دەگۆڕێت بۆ بەها و سود و مانا. بەمجۆرە، لەناو نامۆبووندا پرسیارە نوێیەکان لەدایکدەبن.
پووچ، کە بێمانایە، لەبەرئەوەیە، کە لە خودی خۆیدا هەڵگری مانا نییە. شتێک،کە پووچبێت دوورە لە مانادانەوە، کە پووچ پەسەندبکرێت واتە بێمانا و بێهودە پەسەنددەکرێت. ئەمەش ناماقوڵ و نالۆژیکییە.
ئێمە،کە لە مانای گەردوون نەگەین واتە گەردوون پووچە؟هەڵەکە، یان کەموکوڕیەکە لە عەقڵی ئێمەدایە،کە پەیبە گەردوون نابەین، یان لە خودی گەردووندایە، کە ماهیەتێکی پووچیی هەیە؟لێرەدا بەگەڕانەوەمان بۆ کامۆ،ئەندازیاری بیری پووچیی،دەڵێێن:"پووچیی ئەو هەستەیە، کە مرۆڤ تووشی دەبێت کاتێک ڕووبەڕووی نەبوونی مانا دەبێتەوە لە گەردووندا، ئەو دەرکە بەئازارەش،کە دایدەبڕێت لە جیهان".
ئەوەی وترا بەرەو ئەو تێگەیشتنەمان دەبات، کە بپرسین: پووچیی چۆن دێت؟کێ لە هاتنی بەرپرسیارە؟؟داکۆکیکردن لە پووچی هەڵەیە،هەڵەشە لە خودی پووچی حاڵینەبین. پارادۆکەسەکە لەوێدایە، بۆنموونە تاکی کورد دەرک بەوەدەکات خراوەتە ناو دۆزێکی پووچەوە، وایلێکراوە لەگەڵ پووچیدا دەستلەملان بێت. چ کارەساتێکە پووچیی ببێتە ئامانج! پووچیی مرۆڤی کورد دەستپێکێکی سیاسیی هەیە. لە ئەوروپا هیچگەرایی لەگەڵ هاتنی گەشەی زانستدا دەستیپێکرد،بۆ ئێمە کردەی سیاسیی هێنەری پووچییە، ژیانمانی پووچکرد. بۆهاتنەدەرەوەش لە پووچی پێویستمان بەباشترکردن و بەمرۆییکردنی ئەم کردیەیە، نەک هاتنەدەرەوە لێی. شکستە یەک لەدوای یەکە سیاسییەکانیشمان بە پووچیەوەی لکانویین و لەناو تاریکی مێژووشدا هێشتوینەتەوە. ئەوەتا دێڕی سیاسییمان دێڕگەلێکی پووچن. لەوێ مانا بوونی نییە. ئەوەی لەبڕی مانا بوونی هەیە بێسودییە.بۆیە دەتوانین بڵێین کەسێک دێڕی پووچ گۆکات دێڕی بەتاڵی گۆکردووە.
پووچیی ئاماژەیە لەسەر پاشەکشەی بەها ڕەوشتییەکان. مانەوەی پووچیی لە کۆمەڵگەی ئێمە زیان لە ئەندێشەی سیاسیی و کۆمەڵایەتیمان دەدات. نەک هەر ئەوە،بگرە پووچیی بەڵگەشە لەسەر کێشەی بووناویی ژیانی ئێمە. واتە لە کۆمەڵگەی ئێستای ئێمە پووچیی پێویستە شانبەشانی بوونمان ڕاڤەبکرێت و خۆڕاهێنانیش لەسەر خۆگونجاندن لەگەڵ پووچیی پووچە.ئەو خۆگونجاندنە پووچیی دەهێڵێتەوە، کە دەبوو ئامانج گۆڕینبێت بۆ دروستکردنی مانا.
کۆتا وتنمان لەم بارەیەوە ئەوەیە،کە خەریکە لە بێدەنگییا هەموو پووچیەک پراکتیزەدەکەین. ئەو دەمەش، کە پووچیی کۆماندەکاتەوە بێمانایی شتە هاوبەشەکەمانە. کە بێمانایی داگیرمانیکرد هیچ هیوایەک بۆژیانژیان نامێنێتەوە. بەڵام ئێمە دەبێت ژیانێکمانبوێت، ژیانێک هەڵبژێرین،کە ڕووبەڕووی شتە بێماناکان ببێتەوە، مخابن لەئێستادا ژینگەیەکی سیاسیی و کۆمەڵایەتی لەبار بۆ بڵاوبوونەوە و گەشەکردنی دید و ژیانی پووچێتییAbsurdism لەئارادایە، کە دەبێت ڕێگای لێبگیرێت.
سەرنج: ڕێشەی لاتینی پووچیی بە absurdus دێت و ئەم واتایانەش لەخۆدەگرێت: بێمانایی،بێهودەیی،بێسود، پوک، نالۆژیکی، بەتاڵ، شتێک،کە لەدەرەوەی عەقڵی ساغەوە دێت.