بەکورتی 2: بۆ لەگەڵ سۆفیزم (تەسەووف) یەکناگرمەوە؟!

ئازاد حەمە
  2025-03-14     942

پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی

 

ڕەخنەکردنی بیروباوەڕی سۆفییایەتی تازەنییە و ئەنتی سۆفیزم Sufism  Antiیش هێندەی خودی سۆفیزم قوڵە و بەردەوامیشی هەیە. گومانەکان لە تواناکانی سۆفیگەریی لە گۆڕینی ژیانی مرۆڤ نوێ نیین. بۆیە هەڵوێستەکان لەوبارەوە بەرامبەر بە ژیان و جیهان دەمانخەنەبەردەم دوو جۆر لە زاهیدگەراییەوە(ئاینیی و فەلسەفیی).

سۆفیزم بەچەن قۆناغێکدا تێپەریووە و دیدگاکانیشی تاکئاقار نییە، لێ بەشێکی زۆر لە بیریارانی عەرەبی ئیسلامی سۆفیزم دابەشدەکەنە سەر ئەوەی کێ لە سۆفیەکان لە ئیسلامەوە نزیکە و کێیان لێوەیدوورە. لەبەرئەوە دەپرسین: گەر سۆفیگەرایی ڕێگاکانی پاککردنەوەی پیسی ناخمان پیشاندەدات، ئەی دوای ئەوە؟ شوێنکەوتوانی عیرفانی ئیسلامی لەمڕوەوە زۆریانوتووە، لێ بەپێی دیتنی ئێمە پاقژکردنی دڵ و خاوێنکردنی ناخ پتر لە سۆفیاییەتی دەخوازێت. سۆفیزمێک دابڕاوبێت لە دیدی فەلسەفیی بۆ جیهان، تاک و گەردوون دژیم. بەڵێ دژی سۆفیزمێکم تەنها لە خەیاڵی خودێکدا بێت، لەمیانەی تاکێکەوە خۆی نمایشبکات، کە خودی سۆفیستە. دژیم چونکە مرۆڤ دابڕاودەکات لە جیهانی ڕیال و ئارگومێنتەکانیشی لەبەردەم ئەو ئازارەی مرۆڤەکان لە گەردووندا دەیژێن لاوازە.

هەستێکی نائارامم سەبارەت بە سۆفیبوون هەیە. سەرچاوەی ئەم نائارامییەشم خودی سۆفیگەریی لێیبەرپرسیارە. ئەمەش بەهۆکاری ئەوەی، کە لەناو سۆفیگەریدا بێباکییەک بەرامبەربە ئەویتر Other دەبینم، گشت ئەویترێک بۆ سۆفیست(سۆفیگەرا) ئەو مانایەی نییە. بۆیە دژی تەسەووفم.

زۆرێک پێێانوایە، کە سۆفییایەتی شێوازێکە بۆ بینینی جیهان. لەناو ئەم بینینەش پەیوەندیکردن بە خالق چەقی کردەکانی سۆفی پێکدێنێت. بەڵام سۆفیگەری، کە سیستەمێک لە ئەندێشەگەرایی عیرفانی تیابەرجەستەیە، ئەمە چی لە نادادیی و غەدرەکانی جیهان دەگۆڕێت؟

بەپێێ سۆفیزم دیدی زاهید بۆ جیهان هەڵگری مانا بەرزەکانە بۆ ڕۆح، بە پێچەوانەی هەندێک دیدی ترەوە، کە مامەڵە لەگەڵ ژیانی دونیاییدا دەکات. واتە،دونیای بەردەست بۆ زاهید شوێنێکی ڕاگوزەرە، ئەمەش وادەکات مرۆڤی زاهید لە چێژەکانی ژیان خۆی بەدوربگرێت و خۆی بۆ ژیانێکی هەتاهەتایی ئامادەبکات.دواتر چی؟بۆ ئێمە دواترەکە پرسیارە سەرەکییەکە پێکدێنێت.

لە تەسەوفا هۆش ونە و بۆ فەلسەفەش هۆش سەرەکییە. دیارە ئایدیالی زاهید پشتگیری لە بەهاکانی نزاکردن، دەروێشگەرایی، زیکرکردن، پاکیزەیی و خۆنەویستی دەکات. ئەمە بەپێی زاهیدگەرایی فەلسەفیی بەرەو زیادە‌ڕە‌وی لە‌ خوا پە‌رستیمان دەبات،کە بەشێک لە بیریارانی ئیسلام وەک مەترسییەک لەبەردەم ئیسلامگەرایی بینیویانە. بۆیە گرنگیدان بە مرۆڤ و بیرکردنەوە لە باشترین شێوازی ژیان، هەردەم بۆ فەلسەفە مانای خۆی هەبووە.

تەسەوفی عیرفانی، ئەمە کە ئێستا خەریکە لە کوردستان بڵاودەبێتەوە، لە وتارێکی شیعرگەرایی زیاتر هیچیتر نییە. سەرلەبەری ئەو عیرفانەی لەوێڕا بەیاندەکرێت پشتبە دێڕی(گوتنی) تەسەوفی عیرفانی شیعرئامێز دەبەستێت، کە دەخوازێت بگاتە ئاستی دێڕی Aphoristic (گوتنی نەستەق)، لێ ناگات. ناگات، چونکە بنەماکەی هەرتەقاتە Heresy و مانا بەرهەمنایەنێت. بۆ سۆفیەکی عارف مانا گرنگ نیە، ئەو ڕەوانبێژییە پەخشانئامێزە گرنگە عارف خۆی پێژیردەکاتەوە.

کۆتا وتنمان لەم بارەیەوە ئەم پۆلە پرسیارە لەخۆدەگرێت: شیاوە لە ڕەهەندی مەعنەویی سۆفییایەتیدا توخمی فەلسەفیی بدۆزرێتەوە؟واتە کارکردن لەناو پۆلی سۆفیزم(تەسەووف)هاوکارماندەبێت سێستەمێکی فەلسەفیی بونیادبنێێن، کە دواتر گوتارێکی فەلسەفیی لێبخوڵقێت؟ ئایا سۆفیگەریی،کە ئاکاری نزا، سوجدە، بەزەیی، پڕسۆزیی و زاهیدیی پەرەپێدەدات، دەتوانێت رووبەرووی زیرەکی دەستکرد ببێتەوە؟ دیدی زاهید (عارف) بۆ ژیان، بۆ جیهان، دیدێکە لەسەر بناغەی ئەوە دروستبووە، کە ژیان ڕاگوزەرە، کاتییە و تەواودەبێت. ئەمە تابلۆیەکی سوریالی زۆر جوانە، بەس لەبەردەم شەپۆلی زیرەکی دەستکردا چیپێدەکرێت؟

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×