گومانی ناوێت، کە ئێمە چ لە نێوەندی ئەکادێمیی و چ لە نێوەندی روناکبیریی ئیسرائیلناسمان نییە. لەکاتێکدا، کە ئیسرائیلناسی Israelology جوولەکە ناسیش لەخۆدەگرێت و ئەمەش دەرگا لەزۆر ناسینی تردەکاتەوە، لەوانە ئاشنابوون بە مێژووی ئایینەکان و هاوکات بە تەوراتناسیش.
تەتانەت من کەس ناناسم لە ڕێزی ئەکادێمیان و نوسەرانی کورد، کە لە ئیسرائیلناسی پسپۆڕبێت و شارەزاییەکی قوڵیشی لەسەر پەرتووکی پیرۆز Bible هەبێت. جا ئایا ئەمە کەموکوڕیەکی ئەکادێمیی و ڕۆشنفکریی نییە؟
ئێمە ئیسرائیلناسی (ئیسرائیلۆلۆژی) و جوولەکەناسیەکەمان لەمیانەی سۆسیالمیدیا و ژۆرنالیست و ڕۆشنفکرانی عەرەبەوەیە، کە ئەوەش ناتەواوە و بێلایەنی پێوەدیار نییە. واتە، ئەوەی ئێمە لەسەر دەوڵەتی ئیسرائیل و ئاینی جوولەکە دەیزانین ئەوەیە، کە ساڵاهایە نوسەرانی جیهانی عەرەبی خستویانەتەبەردەستمان، کە سەرلەبەریشی ڕق و لایەنداری پێوەدیارە.
ئیسرائیل تەنها دەوڵەتێکی سیاسیی نییە، ئاین و زمان و کولتوریشە، کە مخابن پێێ ئاشنانیین. لە دەیا دەی خوێندکارەکانم هەرگیز نەیانزانیوە زمانی ئیسرائیلیەکان عیبریە، شوێنی خواپەرستیان سیناگۆکە، و کتێبە پیرۆزەکەشیان ناوی تەوراتە. نەزانینی ئەم شتانە و وردەکاریتر لەگەڵ کاتدا هەر نەزانی بەرهەمناهێنێت، بەڵکو دادوەری سیاسیی، و ئاینیی و کولتوریی هەڵەش بەرهەمدێنێت.
بواری لێکۆڵینەوەی ئیسرائیلناسی لاهوتیات(خواناسی theology) یشی تێدەکەوێت، ئەمەش سەرەتایەک دەبێت بۆ نزیکبوونەوە لە ئاین و زمان و کولتورەکانی تر. گەر تێۆلۆجی(یەزدانناسی)ش بریتیبێت لە لێکۆڵێنەوە لە سروشتی یەزدان و باوەڕە ئایینییەکان ئەوا ئەم جۆرە زانینە لە ئاشنابوون و کرانەوە بەڕووی باوەڕە ئاینییە جیاکان نزیکماندەکاتەوە.
بەنی ئیسرائیل، یاخود ئیسرائیلیەکان و خودی ئاینەکەشیان بەشێکن لە دیرۆکی مرۆڤایەتی. لێرەوە دەڵێێن تەورات، کە یەکێکە لە سێ ئاینە مەزنە ئاسمانیەکە شایانی پسپۆریتیاکردنە. مخابن، توێژینەوەی ئەکادێمی خۆماڵیمان لەوبارەوە زۆر کەمە. من لێرە باسی ئیسرائیلناسییەک دەکەم، کە سیاسەت جارێ نەیشێواندووە، ئەو ئیسرائیلناسیەش، کە هەنووکە دەستی جیهانی عەرەبی پێنەگەیشتووە لە ڕاڤەکاریی.
بۆیە کاتی ئەوە هاتووە، کە ئێمە کتێبخانەی پاک و پوختی ئەکادێمیی خۆمان لەسەر بناغەی توێژینەوەی فرەلایەن و بێ لایەن دروستکەین، کە دواتر توێژینەوەکان بناغەدانێن بۆ هزرێکی ئاینیی متمانەپێکراو. هەر ئەو توێژینەوانە دواتر دەتوانن وەڵامی پۆلێک پرسیاری بیرلێنەکراو بدەنەوە، کە بەم جۆرەیە: چی بەجۆرێکی زاستی لەسەر خاک و گەلی ئیسرائیل و زمانی عیبری و ئیسرائیلیزم دەزانین؟ کێن پسپۆرانی ئێمە لە پەیمانی کۆن Old Testament ؟ روناکبیری ئێمە لەسەر ئەوەی، کە لە چ ئاینێکەوە چی دزەی کردووەتە ناو ئاینێکیتر لە چ ئاستێکدایە؟
کۆتا وتنمان لەم بارەیەوە ئەوەیە، کە تا ڕق زۆرتربێت لە ئیسرائیل، تا دژەجوولەکە گەرایی anti-Semitism پەرەبسێنێت ئیسرائیل رەفتارڕەشتتردەبێت. بۆیە کاتی ئەوە هاتووە نێوەندی ئەکادێمیی ئێمە سەبارەت بە بابەتە وروژێنەرە سیاسیی، ئاینیی و کولتوورییەکان خاوەنی هزریی ئەکادێمیی و روناکبیریی خۆی بێت.
*پرۆفیسۆر لە فەلسەفە لە زانکۆی سلێمانی