پێشەکی:
چەن مانگێ پێش خۆپیشاندانەکانی ١٧ی شوباتی ٢٠١١، لە
زنجیرەیەک وتاری ٥ ئەڵقەییدا گەڕام بە دوای وەڵامی ئەم پرسیارە دا: "ئایا
سیستمی حوکمڕانیی هەرێم دیمۆکراسییە؟". لە کۆتایی زنجیرە وتارەکەدا گەیشتمە
ئەو قەناعەتە کە سروشتی سیستمی حوکمڕانی لە هەرێم "نا دیمۆکراسییە".
پاش ئەو دڕندایەتییەی لە کاتی خۆپیشاندانەکانی شوباتی
٢٠١١ و رۆژانی دواییدا، لە دەسەڵاتی حوکمڕانەکانی هەرێمم بینی، جارێکی کە
گەڕامەوە سەر هەمان بابەت و پرسیم: "سیستمی حوکمڕانیی هەرێم ئەگەر دیمۆکراسی
نیە، ئەی چییە؟".
ئەمجارەش لە دوتوێی زنجیرەیەک وتاری ٥ ئەڵقەیی ترا،
گەڕام بە دوای وەڵامی پرسیارەکەما و دوای ئەوەی بەراوردم کرد لەگەڵ ژمارەیەک
سیستمی حوکمڕانی، کە لەمێژوی مرۆقایەتیدا پراکتیزە کراون، گەیشتمە ئەو قەناعەتە
کە سروشتی حوکمڕانیی هەرێم "ئۆلیگارشی"یە. لە باتی یەکێکیش، هەرێم
خاوەنی ٢ گروپی ئۆلیگارشییە.
ئەو دو زنجیرە وتارە، کاتی خۆی لە ماڵپەڕی سبەی دا بڵاو
کراونەتەوە و لە ئەرشیفەکەیا ماون.
لەبەر ئەوەی ئەم وتارە ئاراستەی بژاردەی سیاسی و
رۆشنبیریی کۆمەڵی کوردەوارییە، بە پێویستی نازانم لەم وتارەدا نیشانەکانی
ئۆلیگارشییەکانی دەسەڵاتی کوردی دوبارە بکەمەوە. کەسێ مەبەستی بێ ئەتوانێ
بگەڕێتەوە بۆ ئەرشیفەکەم لە ماڵپەڕی سبەی دا. کە یەکێک لە وتارەکان تایبەتە بە
"نیشانەکانی ئۆلیگارشیی کوردی".
ئەم سیستمە چاک ئەکرێ؟
بزوتنەوەی گۆڕان ئیدیعا ئەکا کە بۆیە بەشداری حوکمەتی
کردوە بۆ ئەوەی لە ناوەوە سیستمەکە چاک بکا. بەڵام لە مێژوی مرۆڤایەتیا نمونەیەک
نیە پیشانی بدا گروپێکی حوکمڕانی نادیمۆکراتی، دەسەڵاتێکی دیکتاتۆری، سیستمێکی
تۆتالیتاری یان ئۆلیگارشی، توانیبێتیان خۆیان چاک بکەن، خۆیان و نیشتمانەکەیان لە
روخان و خوێنڕشتن بپارێزن.
بۆ ئێستە چەن نمونەیەکی نزیکمان هەن، کە بەچاوی خۆمان
بینیمانن چۆن بونە مایەی وێرانکردنی وڵاتەکانیان و تەفروتونا بونی خۆیان، وەکو:
لیبیای قەزافی، یەمەنی عەلی عەبدوڵڵا، عیراقی تکریتییەکان و سوریای خێزانی
ئەسەد...
لەبەرامبەر ئەو وێنە تەڵخەی سەرەوەدا چەن نمونەیەکی
جیاوازتر هەن، وەکو: ئەمریکای سەردەمی باوکانی دامەزرێنەر، ئیسرائیلی سەردەمی
بنگۆڕیۆن، سەنگاپۆرای سەردەمی لی کوان یو و راواندای دوای شەڕی ناوخۆی ١٩٩٣- ١٩٩٥
کە هەردو تیرەی هۆتو و توتسی یەک ملیۆن مرۆڤیان لە یەکتری کوشت، کە ئەی کردە
نزیکەی ١٠% دانیشتوانی وڵاتەکە.
ئەو چوار نمونەیەی سەرەوە تاکە نمونەی گەشن لە میژوی نوێی
مرۆڤایەتیا کە پاڵەوانەکانی شەڕی ناوخۆ و چەپاندنی وڵات، توانیبێتیان بەخۆیانا
بچنەوە و لە سفرەوە دەس بکەنەوە بە بنیاتنانەوەی مرۆڤ و ئاوەدانکردنەوەی وڵات.
بەڵام هەمو دانیشتوانی کوردستان، بە ژن و پیاو، لاو و
پیر، هەژار و دەوڵەمەن، سیاسی و ناسیاسی و تەنانەت بەشێکی جەماوەری پارتی و یەکێتییشەوە،
ئەزانن کە ئەم ٢ حیزبە هەرگیز ناتوانن خۆیان چاک بکەن و واز لە گەندەڵی و دزینی
سامانی نیشتمانی و بەهێزکردنی پایەکانی سیستمی ئۆلیگارشی و خۆسەپاندن بهێنن. چونکە
پێی ئە روخێن.
زیندوترین بەڵگەش ئەوەیە کە هەمو جارێ، لەگەڵ گوشارێکی
سیاسی و جەماوەری قورس رویان تێ ئەکا، هەزار وەعد و بەڵێنی زەرد و سور بە خەڵک
ئەدەن، بەڵام هەر لەگەڵ ئەوەی خەتەر لەسەریان کەم بوەوە، بە گوژم و گوڕێکی بەهێزتر
و فرانترەوە دەس ئەکەنەوە بە گەندەڵی و تاڵان و بڕۆی سامانی نیشتمانی و سەرکوتکردن
و بەهێزترکردنی دەزگا داپڵۆسێنەرەکانیان. کەواتە ئەمانە نە دەرس لە مێژوی گەلان
وەر ئەگرن و نە پەند لە تەجروبەی خۆیان.
ماوەی ساڵێکە ئەم کابینە نوێیەی حوکمەت خەڵکی وڕ و کاس
کردوە بە پرۆپاگەندەی چاکسازی و پاکسازییەوە، بەڵام بە درێژایی میژوی حوکمڕانیی
نوێی کوردی، بەقەدەر ئەم ساڵە گۆڤار و رۆژنامە بەناوبانگەکانی دنیا دۆسێی دزی و
گەندەڵیی باوک و کوڕ و نەوەی چەتەکانی کوردایەتییان هەڵ نە داوەتەوە. کەچی
پارلەمانتارێ، فراکسیۆنێ یان دەزگای پارلەمان، هیچیان نەیان توانی جارێک ئەم هەمو
دزی و تاڵانی و سکانداڵانە بەرنە ناو هۆڵی پارلەمان و موناقەشەیەکی بکەن.
بێجگە لە سکانداڵە دەرەکییەکانیان، بە گوتەی سەرۆکی
فراکسیۆنی گۆڕان و چەن فەرمانبەرێکی سەر بە گۆڕان، کە لە خاڵە گومرگییەکانی
هەرێما بەرپرسیارێتی گەورەیان هەیە، ئەو گەندەڵییەی لە برایم خەلیلەوە هەتا
پەروێزخان، لە تەمەنی حوکمەتەکەی مەسرور بەرزانیا، لە داهاتی گومرگا ئەکرێ، پێشتر
بەم شێوە گەورە و فراوانە نە کراوە.
هەمو لە بیرمانە، لە دوای هەڵبژاردنەکانی ٢٥ی ٧ی ٢٠٠٩ کە
بزوتنەوەی گۆڕان تیایا بو بە هێزی دوەم، ئەم ٢ حیزبە لەباتی ئەوەی بە خۆیانا
بچنەوە، هەڵمەتێکی بەرفراوانتری تەعینکردن و خانەشینکردنی نا قانونییان دەس پێکرد
و توانایەکی زیاتریشیان خستە کار بۆ گەورەترکردنی قەبارەی تەزویری سیستماتیک لە
هەڵبژاردنە گشتییەکانی دواترا.
هەمو لە بیرمانە، لە سەرەتای خۆپیشاندانەکانی ١٧ی
شوباتەوە دەسەڵات چۆن سەری دنیای لێ هاتەوە یەک و لەژێر گوشاری خۆپیشاندانەکا
فراکسیۆنی هەردو حیزب ناچار بون دەنگ بدەن بە بڕیاری ژمارە ١ی دانیشتنی نائاسایی
ژمارە ١ی رۆژی ٢٣ی ٢ی ٢٠١١ی پارلەمان، کە بریتی بو لە ١٧ بڕگە و ئەگەر ناوەرۆکی
ئەو بڕیارەی پارلەمان جێبەجێ بکرایە، ئێستا هەرێمی کوردستان شامی شەریف و هەرێمێکی
ئاوەدان و رێزدار و دەوڵەمەن بو، نەک وەکو ئێستا هەرێمێکی رسوا و زەلیل و سواڵکەر
و پڕ لە زوڵم و نادای و سیخناخ لە گەندەڵی.
بۆ بیرهێنانەوە من لێرەیا تەنیا بڕگەی ژمارە ١٢ی ئەو
بڕیارە بیری خەڵکی کوردستان ئەخەمەوە:
"١٢. بە مەبەستی چاکسازی
ریشەیی و گشتی لە لایەن فراکسیۆنەکان و لیژنەکانی ناو پەرلەمانەوە، بە هاوکاری
ئەنجومەنی وەزیران و سود وەرگرتن لە لایەنە سیاسیەکان و رێکخراوەکانی کۆمەڵی
مەدەنی و مامۆستایانی زانکۆ و پسپۆڕان و خەڵکانی بێلایەن و دڵسۆز، پرۆژەی چاکسازی
ئامادە و پێشکەش بە پەرلەمان بکرێ بۆ گفتوگۆکردن و چاودێری جێبەجێکردن بە زوترین
کات".
بەڵام دوای ئەوەی گوشاری خۆپیشاندانەکان و فراکسیۆنەکانی
پارلەمانیان لەسەر کەم بوەوە چیان کرد؟
بڕیارەکەی پارلەمانیان شاردەوە و لە هەمو بەڵێنەکان
پاشگەز بونەوە و بە دڕندەترین شێوەش خۆپیشاندانەکانیان سەرکوت کرد.
پوختەی روداوەکانی نزیکەی ٣٠ ساڵی رابردو، سەلمێنەری ئەو
راستیەن کە دەسەڵاتی ئۆلیگارشیی کوردی بە هیچ جۆرێ قابیلی چاککردن نیە.
دەسەڵاتی کوردی و بۆچونەکانی کاک
نەوشیروان:
کاک نەوشیروان لە ١٢ی ١٠ی ٢٠٠٨ دا لە سایتی سبەی و
رۆژنامەی رۆژنامە دا وتارێکی بە ناونیشانی: "دوای ئەم هەمو رەخنەیە ئینجا
چی؟" بڵاو کردەوە.
لەو وتارەدا ژمارەیەکی زۆر پرسیاری وروژاندوە:
وزابێنین و چاوەڕێی رۆژگار و روداوەکانی عیراق و کوردستان بین و بزانین بۆ کوێ ئەچن؟ وەڵامی نەخێرە.
بێدەنگ بین، چونکە هێشتا تەجروبەی هەرێمی کوردستان باش نە مەییوە؟ وەڵامی نەخێرە.
لەناو دەسەڵات و بە هۆی دەسەڵاتەوە، دەسەڵات چاک بکەین؟ هەرچەن بە باشترین رێگە و سەلامەتترینی دا ئەنێ، بەڵام ئەڵێ، تەجروبەی کوردستان ئەم جۆرە چاکسازیەی تێ پەڕاندوە و ناکرێ.
دیسان ئەپرسێ، مادام چاکسازی ناکرێ، ئەی ئەتوانین لەناو دەسەڵاتەوە، دەسەڵات بگوڕین؟ دیسان شەرحی ئەکا بۆ ئەمە ناکرێ.
ئەی چار؟ لەناو حیزبەوە حیزب بگۆڕین و کە حیزبمان گۆڕی، لە رێگەی حیزبەوە دەسەڵات بگۆڕین؟ نائومێدییەکی زۆر لە وەڵامی ئەم پرسیارەدا دەر ئەبڕێ و ئەڵێ، زۆرمان هەوڵدا بەڵام حیزب لەوە دەرچوە بگۆڕێ... گەندەڵی لە حیزبەوە گواستوێتیەوە بۆ ناو سیستمی حوکمڕانی و بە هیچ جۆرێ کاری وا لە کردن نایەت.
لە کۆتاییدا یەتە سەر پرسیاری، گۆڕینی ئەشخاس یان
سیستەم؟
لێرەوە بە گرنگی ئەزانم، بۆ ئەوانەی درۆ بە دەمی
نەوشیروان مستەفاوە ئەکەن کە لەگەڵ چاکسازیی حوکمەت بوە، ئەم چەن پەرەگرافەی
کۆتایی ئەو وتارەی راگوێزم:
"... هەندێک ئەڵێن:
ئەگەر فڵان لابرا و فیسار خرایە جێگەی...
ئەگەر لە سەرکردایەتی حیزب چەند کەسێ لابران و چەند
کەسێکی تر چونە جێگایان...
ئەگەر لە ئەنجومەنی وەزیران دا چەند وەزیرێ لابران و
چەند کەسێ لە جێگەی ئەوان کران بە وەزیر...
ئیتر بارودۆخەکە ئە گۆڕێ و چاکسازی دەس پێ ئەکا.
لە راستیدا ئەمە جگە لە خۆشباوەڕی شتێکی تر نیە.
سیستەمی بەڕێوەبردنی وڵات لەسەر چەند پایەیەک دامەزراوە،
لەوانە:
تێکەڵکردنی حیزب و دەزگاکانی جێبەجێکردن و یاسادانان و دادوەری
دەسگرتن بەسەر پارە و ئاسایش و پۆلیس و پێشمەرگە دا
تاریکاندنی بودجە و کاروباری ئابوری و دارایی و بازرگانی
تاریکاندنی پێوەندیی سیاسی هەرێم و دەرەوە.
لەبەر ئەوە کەس، چەندە کەسایەتییەکی بەهێز و دەسەڵاتدار
بێ، چاک بێ یان خراپ، ئەندامی سەرکردایەتی یا وەزیر بێ، رەنگە کاریگەریی هەبێ
لەسەر جۆری ئەدائی کارەکەی خۆی و بەردەستەکانی لە شوێنەکەی خۆی دا، بەڵام ناتوانێ
کاریگەریی لەسەر تێكڕای سیتەمەکە هەبێ. بۆیە لە بارودۆخی ئێستای کوردستان دا
قەیرانەکە لە کێشەی کەس و کەسایەتی دەرچوە و بە گۆڕینی کەس بارودۆخی کوردستان چاک
نابێ. چونکە سیستەمی گشتیی وڵاتەکە لەگەڵ ویستی زۆرایەتی کورد ناکۆک و ناساز و
لەگەڵ بەرژەوەندیی نەتەوەیی کوردا نا گونجێ...".
ئێستا کاتی ئەوەیە بپرسم:
دوای زیاتر لە ساڵێک بەشداریی وەزیرەکانی بزوتنەوەی گۆڕان لە کابینەکەی مەسرور بەرزانیا (رۆژی سوێندخواردن: ١٠ی ٧ی ٢٠١٩) "وەزیرە باش و چاکسازەکانی بزوتنەوەی گۆڕان!" توانیویانە تەنانەت شتێ لە دەورەبەرەکەی خۆشیان باش بکەن نەک حوکمەتەکە و سیستمەکە؟
توانیویانە رێژە و بڕی گەندەڵی لە وەزارەتەکەی خۆیان و حوکمەتەکەی مەسرور بەرزانیا کەم بکەنەوە؟
سەرۆکارانی بزوتنەوەی گۆڕان بیریان کردۆتەوە ئەگەر تا هەڵبژاردنی ئایندەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق یان پارلەمانی کوردستان لەناو ئەم زەلکاوەدا بمێننەوە، خۆیان و بزوتنەوەکە چی بەسەر دێ و چۆن ئەبنە قوربانی چەتەکانی کوردایەتی و بەهێزتربونی پایەکانی ئۆلیگارشیی کوردی؟
ئەی ئێستا چی؟
کشانەوەی بزوتنەوەی گۆڕان لە حوکمەت بە زوترین کات و
تێکۆشان بۆ دروستکردنی ئەڵتەرناتیفی دەسەڵاتی ئۆلیگارشی لەگەڵ هێزەکانی گۆڕین دا،
کە لەم چرکە ساتەدا بریتین لە:
حیزبە سیاسییەکانی وەکو: کۆمەڵی ئیسلامی، یەکگرتوی ئیسلامی، نەوەی نوێ، حیزبی شیوعی، بزوتنەوەی ئیسلامی...
رۆشنبیر و نوسەرە ناودارەکانی کوردستان
رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنیی دور لە دەسکەلای حیزب
کەسایەتی سیاسی و کۆمەڵایەتیی نیشتمانپەروەر و سەربەخۆ
بەشێک لە بنکەی جەماوەریی یەکێتی و پارتی
زۆرینەی ناڕازیی خەڵکی کوردستان لە هەمو چین و توێژەکان، بەو دەوڵەمەن و سەرمایەدارانەشەوە کە قۆرخکردنی بازاڕ و سەرانەسەندنی سەرانی پارتی و یەکێتی، هەراسانیان کردون و بازاڕیان لێ شێواندون.
دوای ئەو هەمو راستییە نائومێدکەرانەیەی لە نزیک بە ٣٠
ساڵی رابردوا، لە ناو سیستمی حوکمڕانیی جوت حیزبەکەدا دەر کەوتون، ئەگەر
سەرۆکارانی بزوتنەوەی گۆڕان هێشتا قەناعەتیان مابێ کە ئەتوانن "لەناو دەسەڵات
و بەهۆی دەسەڵاتەوە، دەسەڵات چاک بکەن" ئەوە کارەساتە.
خۆ ئەگەر بزانن چاک ناکرێ
بەڵام ناچارن خۆیان لەگەڵ هەلومەرجی گەندەڵی بگونجێنن، ئەوا کارەساتەکە گەلێک
گەورەترە و بەهەر بارێکیانا بێ، سبەی مێژو لێیان خۆش نابێ.
پرسیارێک
لە هەمو پرسیارەکان گەورەتر:
بزوتنەوەی گۆڕان بەم لاوازییە و بەم وێرانییەی ناو ماڵەکەیەوە، دەرەقەت یەت حوکمەتێک چاک بکا کە تەواوی جومگەکانی لە لایەن دو هێزی فیرعەونییەوە کۆنترۆڵ کراون؟
سەرۆکارانی گۆڕان کە ناتوانن ماڵی شێواو و روخاوی بزوتنەوەکە چاک بکەنەوە، پێمان ناڵێن بە چ هێز و روئیا و ئامرازێک حوکمەتی چەتەکان چاک ئەکەن؟
باش وایە ئەگەر بەزەییتان بەو بزوتنەوە مەزنەدا نایەتەوە
کە دەسەڵاتی چەتەکانی کوردایەتی هێنابوە لەرزین و کردتان بە دوکانێکی سیاسیی
تەقلیدی، بەزەییتان بە مێژوی خۆتانا بێتەوە کە، کەمتان نەکردوە. لە پێناوی چیا
ئەیدەن بە با؟