کۆتایی مانگی جەنیوەری و بەدیاریکراوی شەوی ٢٩ لەسەر ٣٠ مانگ، لە بەرنامەی لەگەڵ رەنجدا، بە ئامادەبوونی وەزیری تەندروستی و بەرپرسی کوالیتی کۆنترۆڵ و ئەندام پەرلەمان و چەند دکتۆرێک... باسی کێشەی تەندروستی، کەیسی دەرمان و لەوانە جۆر و سەلامەتی و بازرگانی بە دەرمان و بەتایبەتی تر باسی کارەساتی دەرمان کرا.
دیارە رەنج سەنگاوی وەکو ئامادەکار و بەرێوەبەری بەرنامەکە وەکو هەمیشە دەیەوێت وا وێنای بەرنامەکانی بکات کە خەم خۆری و بەدەربەستی خۆی بۆکێشەکانی کۆمەڵگە، هانی داوە بۆ هەڵبژاردنی دۆسیە و کێشەکان. ئەو مەسەلانەش کە رەنج دەیان وروژێنێت، زۆریان بابەتی گرنگ و هەستیارن. دیارە لایەنێکی تری سیاسییەو کەناڵ روداو دەیەوێت لەلایەکەوە خۆی بە کەیسەکانی خەڵکەوە هەڵبواسێت و دەرگا بەرووی کەناڵەکانی تردا دابخات و لەلایەکی تریشەوە نارەزایەتی جەماوەری بەرووی دیاردە ناشیرین و ترسناک و تاوانکارییەکاندا، خاو بکاتەوە... بەڵام هەر کەسێک چاودێری بەرنامەکەی کردبێت دەزانێت، ئەم دۆسیەیە وەکو زۆرێک لە دۆسیەو فایلەکانی تر، نەک ریسوایی و بێدەبەستی دەسەڵاتی خستەروو لەبەرامبەر بە کوشتارێکی ئاشکرادا، لە زمانی بەرپرسان خۆیانەوە، بەڵکو جارێکی تر لە زەمینەیەکی تردا تۆمەتبار بوونی دەسەڵاتی هەرێمی خستەروو لە کوشتارێکی ئاشکراو بەردەوامدا کە زیاتر لە ٣٠ ساڵە درێژەی هەیە و ناوەرۆکی دژە ئینسانی ئەم دەسەڵاتەی لە گۆشەیەکی تردا نمایش کرد.
نەبوونی دەرمانی پێویست لە خەستەخانەو بنکە تەندروستیەکان. بەکارهێنانی دەرمانی ماوە بەسەرچوو. هێنانی دەرمانی بازرگانی قاچاغ بۆ خەستەخانەکان. نەبوونی کۆنترۆل بەسەر دەرمانەکاندا. بەکارهێنانی دەرمانی بێ کاریگەر و رەتکراوە و دەرنەچوو لە کوالیتی کۆنترۆڵ. نەپاراستنی سەلامەتی دەرمان لە جێگای گونجاو و پلەی گەرمی پێویست. گرانی نرخی دەرمان و بازرگانی بە دەرمانەوە، دەست تیکەڵ بوونی بەرپرسان بە بازرگانی بەدەرمان، بەکورتی نەبوونی ئاسایشی دەرمان....تاد، ئەو لایەنانە بوون کە لەبەرنامەکەدا خرانە ڕوو.
ئەوەی لە زمانی ئەم بەشە لە بەشداربووانی بەرنامەکە خرایە ڕوو، وە ئەو بەڵگەنامەی نێشاندران و ئەو دەرمانانە وەکو نموونەی دارمانی سلکی تەندروستی پیشاندران، خستنە رووی تاوانێکی گەورەو کەم وێنە بوو لەبەرامبەر چارەنووسی ملیۆنان ئینسانی کۆمەڵگەی کوردستاندا. گومان لەوەدا نییە، کەسانێک کە ئازیزانیان لە خەستەخانەکاندا بەهۆی کەمی دەرمان یان کەمتەرخەمییەوە گیانیان سپاردووە، ئەو کاتەی ئەو بەرنامەیان بینی، جارێکی تر مەرگی ئازیزانیان بینیەوە، بەڵام ئەمجارە جەلادیشیان، ناسییەوە. باسی دەستبەسەراگرتنی تەن و نیوێک دەرمانی ئیکسپایەر و خراپ دەکرێت، واتە هەر تاکێکی کوردستان چەند کیلۆ دەرمانی ئیکسپایەر و ژەهراوی لە کۆمەڵگەدا بەردەکەوێت... چ کارەساتێکە!!.
چ لەو تاوانە تاوانترە، مەرگ و ژیانی ئینسان، بخەیتە مامەڵەی بازرگانییەوە و لە پێناو قازانجدا، بە نرخی گران، دەرمانی ژەهراوی و ماوە بەسەرچوو لەسەر جەستەی ئینسان تاقی بکەیتەوە؟ بەراستی پرسیار ئەوەیە دەبێ لە ٣٠ ساڵی رابردووی ژێر دەسەڵاتی تاڵانچیانی بزوتنەوەی کوردیەتی و بازرگانە چاوچنۆکەکانی دەرماندا، چەند سەد هەزار ئینسان بێ وادە گیانیان سپارد بێت، کە دەکراو دەشیا، ئەمڕۆ زیندووبونایە؟ دەکرا و دەشیا لەناو خانەوادە ئازیزانیاندا بمانایەتەوە... یان دەبێ چەند سەد هەزار ئینسانی هەژار و کەم دەرامەت بە هۆی گرانی دەرمان و خراپی کوالیتی دەرمانەوە، گیانیان لەدەستدا بێت؟
ئەم کوشتارە، کوشتارێکی تایبەت و بێدەنگ و هاوکات ئاشکرایە لە زمانی خودی بەرپرسانی تەندروستیەوە... ئاخر ئەگەر ئەمڕۆ هەواڵی هەرەشەی گروپێکی تیرۆریستی بۆسەر دیهاتێک، سەنگەر و بنکەیەکی پێشمەرگە، یان بۆسەر شارۆچکەیەک رابگەیەنرێت، هەمووان دڵگران دەبن و نەفرەت لە تیرۆر و تیرۆریستان دەکەن و هاوخەمی بۆ قوربانیانی دەردەبڕن... کەچی هەرەشە و کوشتاری بەدەست ئەنقەستی دەسەڵات و بازرگانە چاوچنۆکەکان لە ڕیگای دەرمان و کەم تەرخەمی سلکی تەندروستی و نەبوونی پێداویستیەکان، رۆژانەو بە شینیەیی مەرگی سەدان و هەزاران ئینسان دەکێشێت، بێ ئەوەی خەڵک و کۆمەڵگە زۆر هەستیار بەو تاوانە بن. هێشتاش بەرپرسان کە لێیان دەپرسن ئەوە بۆ وایە دەڵێن رێکخستنی پرسی دەرمان و تەندروستی دە ساڵی پێویستە، بەڵام هەر ئەو جەنابابە وەڵامی ئەو پرسیارە نادەنەوە، ئەگەر وەکو دەڵێن رێکخستن و کۆنتڕۆڵکردنی دەرمان و دامەزراندنی سیستەمێکی تەندروستی دە ساڵێکی پێویستە، هۆکار چییە دوای زیاتر لە ٣٠ ساڵ، هیشتا دە ساڵ پێویستە بۆ سلکی تەندروستی؟ ئەمە بۆمان ئاشکرا دەکات، کە ماشێنی کوشتاری خەڵک و هاوڵاتیان هەژار و نەدار بە هوشیارییەوە لەلایەن دەسەڵات و بازرگانە حزبی و ناحزبی و حکومی و ناحکومیەوە دەگەڕێت و بەرگری لەو کوشتارو تاوانە دەکرێت.
دیارە کێشەکە تەنها سلکی تەندروستی نییە، تەنها نەبوونی ئاسایشی دەرمان نییە، کە بەردەوام قوربانی لێدەکەوێتەوە، بەڵکو ئاسیاشی خۆراکیش بەهەمان شێوەیەو بازاری کوردستان بۆتە بازارێکی باش بۆ خراپترین کاڵا و شمەکی خۆراکی و ژیاری، هاوڵاتیان. هەموو ئەمانەش بەپلەی یەکەم قوربانیانی چینی کریکار جەماوەری نەدارو هەژارە. هەر ئەو واقعیەتەشە وای کردووە، هەرچی بەرپرسی حزبی و حکومی و سەرمایەدار و بازرگانی هەرێمن، نەک بۆ نەخۆشی قورس، بەڵکو بۆ سادەترین چارەسەری نەخۆشی و پشکنینی دەم دانیش، روودەکەنە ولاتانی تری دەرەوەی هەرێم. ئەوان باش کارکردو بەرهەمی وێرانکەرەی دەستی خۆیان دەبینن و هیچ متمانەیەکیان بە سلکی تەندروستی و خەستەخانەو داو دەرمانی هەرێم نییە.
ئەم دۆخە لە هەرێم لە وێرانەیی سلکی تەندروستی و خۆراک و ئاو و کارەبا و خوێندن و پەروەردەو ڕیگاو بان و....تاد، دەسەڵاتی سیاسی لێی بەرپرسیارە و ئەوان خوڵقێنەری ئەم کوشتارە بە ئەنقەستەی خەڵکن، لە پێناو کەڵەکەی سەرمایەو قازانجدا. ئەگەر بەرپرسانی ئەم کەرتە وێرانکراوانەی هەرێم، بایی سەرە دەرزییەک ویژدان لەجەستەیاندا بوایە، بێگومان دەستیان لەکار دەکێشایەوە. خەڵکی هەژار و نەداری کوردستان مافی سەرەتایی خۆیانە بەدوای بکوژی دایک و باوک و رۆڵە و ئازیزانیانەوە ببن ویەخەی دەسەڵات لەسەر ئەم تاوانکارایەش بگرن.