خۆری جیهانێكی خۆشتر هەڵدێتەوە
د. صەباحی غالیب
2020-04-11   1053
ئەم ڕۆژانە، مەترسییەكی گەردوونی پەیدا بووە، خەڵك بە جیاوازی جوگرافیا، ڕەگەز و زمانەوە، ترسیان لێنیشتووە. دوێنێ تۆ بە جیاوازی خۆتەوە شانازیت دەكرد، (ئەو)ت بەسووك یا بە دوژمن تەماشادەكرد، شانازی بە پارە و چەك و دەسەڵاتەوە لە هەموو شانازییەكانی دیكە زۆرتر دیار بوو، منەتت بە سەر خەڵك و زەویدا دەكرد. ئێستا هەموومان لەبەردەم "كۆرۆنا" بێ ویستی خۆمان لاواز و زۆرێكیش بێ ئیرادە ماوینەوە. ئێستا زەمەنی فشبوونەوەی فوتێكراوەكانە. یاریكەرێكی تۆپی پێ، ساڵانە لە شەست ملیۆن دۆلاری زۆرتر وەردەگرت، شانۆكارێكی "هۆلیوود"، هەر خۆی دەیزانی چەند وەردەگرێ، قازانجی "دیزنی لەند" یا "بی پی" یا "ئەپڵ" لەسەروو تێگەیشتنی ئێمەوە بوو، كەچی ئەوەی ڕۆژانە وەك كرێكارێك لەو بوارانەی سەرەوەدا یا هەر مەیدانیكی گەورەی پیشەسازی و بازرگانی، زۆر كەمتر لە سەدا یەكی وەرنەدەگرت. بەڵام وا دەبینین، پەرستیارێك یا پزیشكێك ئا شۆفێری ئیسعافێك، كە لە نەخۆشخانەیەك، خۆنەویستانە خزمەت بە تووشبوانی كۆرۆنا یا هەر نەخۆشێكی دیكە دەكەن، ئەو (خزمەتە)ی كارمەندەكە، لەهەرچی سەرمایەیەك لە كۆمپانیا گەورەكاندا هەیە گەورەترە.
شەوانە هەڵدەستم و تەماشادەكەم: ئاسمانەكان، ئەستێرە و مانگی چواردە وەك خۆیان ماونەتەوە، بەڵام هەموویان زیز و بێ دەنگن، وەك ئەوە وایە ئەوانیش بەكزی و نیگەرانییەوە تەماشای سەر زەوی بكەن، وەك بڵێی ئەوانیش زەوق و جوانی خۆیان لە خۆشی و جموجوڵی مرۆڤی سەر زەوی ببینن، هەر واشە، مەگەر گشتییان بۆ بەختەوەری و ئاسوودەیی مرۆڤــ نەخوڵقاون، تەواو وایە. كێ شارێك بێ دانیشتوانەكەی، بێ ژن و پیاوەكانی، بێ مەیدان و بازاڕ و شەقام و مزگەوت و كلێسە و مۆزەخانە و كتێبخانەكانی دەناسێتەوە. هەموو شاران لە جیهاندا، لە كزی ئێستای مرۆڤدا وەك یەكن، هەر دار و بەردی بێ نرخن، شار بە خەڵكەكەیەوە دەناسرێتەوە، بێ جموجوڵی خەڵك هەمووی سام و كەسەرە.
كوا وەكو جاران جیاوازی ڕۆژ و شەو؟ كوێ شارە و كوێ لادێ و كوێ زەریا و كوێ شاخە؟ شەوانە كە بَیدار دەبمەوە و لە پەنجەرەكەمانەوە هێندەی چاو بڕدەكا، بەدەوری خۆمدا دەڕوانم، یەك ورتە نابیسم، یەك تروسكە جگە لە چرای سەر جادە و كۆڵانەكەمان كە ئەوانیش پرتە پرتیانە، تروسكەیەك دیار نییە. لە كوردستان، زۆر جار لە ترس و لە ڕێ دەرنەكردن و لە كرێوە و بۆراندا، ئەگەر بە ئاستەم هەستمان بە تروسكەیەك بكردایە، سەرتاپا دڵ و لەشمان خۆشی دایاندەگرت و خۆمان بۆ دەكوتا، ئەی ئێستا بۆ چراكان لە گزیدان و وەك جاران بە زەوق و بە خرۆش نین، دەنگێك با هی گورگیش بێ نابیسرێ. گۆرانی مێرولەیەك بۆ دڵدارەكەی، ئەویش كپ بووە، لە كوردستان دەیان و سەدان جار بۆردومانی فرۆكەكانی عێراقی داگیركەرمان لەسەر بووە، ئەو ئاژەڵەی لە گشت ئاژەڵێكی دیكە لە دەنگی فرۆكە دەترسا، سەگ بوو، كوونی بە خۆی نەدەگرت، بۆ؟ من نازانم و دەزانم، خۆ سەگ نایەتە گۆ، تا نهێنییەكەمان پێبڵێ!
لێرە لە لەندەن، لەم گەڕەكەی خۆمان و لە حەوشەی خۆمان، سەدان جار ڕێوێ و سمۆرە، بێ ئەوەی سڵمان لێبكەنەوە، بۆمانیان دەڕوانی، ڕەنگە زانیبێتیان ئێمە مڕۆڤی بێ زیانیین، بۆیە جار جارە چەند دەنكە بادامێك یا چەند كوێزێكیان دەستبكەوتایە، لەوەتەی كۆرۆنا بڵاوبۆتەوە، ئەوانیش دیار نین، ڕەنگە ئەو میوە یا پارچە نانە یا پەلكە مێوەی كە جاران بەریان دەكەوت، ئەمڕۆ بەزەییان پێماندابێتەوە و بڵێن با بۆخۆیان بێ، ئەوە هەستە، بەڵێ هەستی ئاژەڵە بۆ ژیان، بۆ مرۆڤــ، كوێ پێدانە بە گەورەیی مرۆڤــ، دەزانن بێ مرۆڤــ، ئەوانیش نابن. چ هەستێكی خۆش و پەیوەندییەكی دۆستانەیە لە نێوان ئێمە و ئەوان، هەموومان دەبێ بژین.
كات نازانی شەوە یا ڕۆژ، هەموو كاتەكان، هەموو جێگاكان بە قەدەر یەكن و یەكسانن، با ڕۆژێكی خۆرەتاو بێ، ناتونی لە باخێك یا لە گولزارێك و نێرگزەجارێك لەگەڵ هاوسەرەكەت یا هەر خۆشەویستێكی دیكە، بۆ یەك بدوێن یا بە بێ دەنگی تەماشابكەیت و چاوەكان تێر بن، لووت، پڕ بۆن و بەرامە بێ، ناتوانی گوێ بۆ جریوەیەك بگری، گشت ئەوانە بۆ هەموو كات و بۆ هەر شوێنێكی سەر زەمین دروستە، سەر زەمینی چی، هەر یەكە لە ژوورێكداین، كەس ناتوانێ تەنانەت دوراو دووریش بۆنی یەكدی بكەن، ئای چەند ئەستەم بۆ دایك، بۆ باوك، بۆ منداڵ بۆ...بۆ...بۆ بۆ. ئەگەر بكرێ و یەكێك لە ئاسمانەوە دابەزێ، كێ دەزانێ تێیگەیەنێت، ئێرە لەندەنە، كێ دەزانێ من لە كوێم؟ خۆ لەندەن خەڵكی خۆی و چالاكی خۆی و شانۆی خۆی و كتیبَخانەی خۆی و بازاڕ و شەمەندەفەری خۆی و شابازاڕی خۆی هەیە، ئەی كوان ئەوانە ئێستا؟ كوا بۆنی خۆش و تاقیكردنەوەی عەتری كچانی عەتراوی، یەكێكی دڵ تەڕی ئینسانی، بۆنی كچەكانی دەكرد، نەك عەتر، ئەو كچانەی هەر دەتوت گەرماوی عەتریان كردووە، چ بۆن و بەرامەیك دەپڕژێنن، دەك ماڵتان نەشێوێ. وا بۆ دوو مانگ دەچێ، كچێكم نەدواندووە، یا یارمەتییەكم لێوەرنەگرتووە، ئەو كچە لەندەنیانەی شاگەشكە دەبن بە قسەی خۆش، زۆر چاكیش لە مەبەستی جوان و لە زمانی ئیسانانەی پیاو تێدەگەن، زۆر جاریش دەیانگووت، هاوسەرێكی گەورەت هەیە، ئەم هەموو شۆخییە لەگەڵ ئێمە دەكەی و ئەوەتا ئەو گەردێك لێڵ نابێ.
لە نێوان مانگی شوبات و ئادار و نیساندا هیچ كاتێكی جیاواز نییە، وەك ئەوەیە بە هەر سێكیان یەك مانگ بن و ناوی خۆیان ونكردبێ و لەم ساڵەدا بووبن بە یەك مانگ و ناونرابن مانگی كۆرۆنا، ئێستا هەموو مرۆڤایەتی لە چاوەڕوانی ئەودان بە گەڕانەوەی مرۆڤــ بۆ سەر زەوی، بە بزێوی و عەجولی مرۆڤەوە ژیان تازە دەبێتەوە، جارێكی دیكە هەموو سەرلەنوێ لە دایك دەبینەوە.
من دڵنیام مرۆڤــ لەگەڵ خوادا پێكدێتەوە
ئەویش لوتفی بەسەر هەموواندا دەڕژێتەوە
كاتی دەست لەملان و ئامێز بەیەكدیدا كردن دێتەوە
وەختی ژوان و ڕازی عاشقان دەبێتەوە
دەمی كۆش و سنگی دایك دەكرێتەوە
ڕۆژی ئاسوودەیی و خۆشەویستی هەڵدێتەوە
شارستانیەت لەوەی هەیە، گرشەدارتر بنیاد دەنرێتەوە
پێكەوە هەموو گەورەترین، هاوبەشیمان دەبێتەوە
دەست و دەم و هەموو ئازام، بۆ ئاسمان بەرز دەبێتەوە
بەدەم نزاوە هاواردەكەم، ڕۆژگارێكی وا هەرگیز نەیەتەوە
جارێكی دی شەڕ و پەتا و بێ ئەخلاقی پەیدا نەبێتەوە
وای لێدێتەوە، موو بە نێوانی ژن و مێردا ناچێتەوە
ئاوازی سیاچەمانە و كەنیلە بەرز دەبێتەوە
تۆم خۆشدەوێ بە گوێماندا دەپڕژێتەوە
شەنگی بۆ بێری و جریوە بۆ ئەستێران دەگەڕێتەوە
خودا بكا سەری ئێمەش لە خۆشەویستان هەڵدێتەوە.