لەنێوان هەردیو گیوی موکرانی-دا
د. صەباحی غالیب
2020-07-10   844
هەردی و گیوی موکریانی دوو ناوی دیارن لە بواری ڕووناکبیری کوردیدا، دووی کەسی هاوشێوە دڵسۆز و ناوپاک لە بواری بەرەی خەڵک، هەردووکیشیان بەرچاو تێر لە سامان و دارایی.
من لە تاقیکردنەوەی خۆم و پەیوەندی دوور و درێژم لەگەڵ هەردی کە ڕەنگە هیچ کەسێک لە چل و پێنج ساڵی نیوەی دووەمی تەمەنیدا، هێندەی من لێی نزیک نەبووبێ، مەگەر سەعدی خانی هاوسەری.
لە نزیکەوە و بە پێی تاقیکردنەوەی ڕۆژانەم، ئەوە شارەزا بووم کە ئەو پیاوە نەیدەزانی پارە چییە، بۆیە ئەوەی بەلای ئەوەوە شتێک نەبوو، سامان و دراو بوو، لەبەر ئەوە دەتوانم بڵێم هەردی نەپارەی پێبووە و نەیدەزانی شتێک بکڕێت، ئەگەرچی گیرفانی هەبوو، بەڵام گیرفانی بێ پارە، گیرفانی سەر دووراو لە ڕۆژی یەکەمەوە.
لە مێژووی پەیوەندیماندا، هەردی تەنیا یەک جار باسی بێ پارەیی کردووە، ئەویش ئەو کاتە بوو کە دوو بە دوو لەسەردانی حەمە ڕەسووڵ هاوار دەگەڕاینەوە، لە ئەنجامی ڕووداوێکەوە کە ئێمە بەسەریدا چووین، پۆلیس هێمای بۆ کردم کە ڕێگا بگۆڕم، کە لام دا و چەند خولەکێک ڕۆیشتم، عەرزم کرد:
مامۆستا ئەم شوێنە شارەزا نیم و نازانم سەرم لە کوێوە دەردەچێ، ئەویش بەو پەڕی پاکی و پەرۆشەوە وتی: صەباح، دەزانی پارەم پێ نییە، منیش وتم: مامۆستا هەم بەنزینم پێیە هەم پارەشم پێیە، نیگەران مەبە، پێش ئەوەی بەنزین ببڕێ و پێویستمان بە پارە بێ، خودا بکا ڕێگا دەدۆزمەوە و سەرم لە شوێنێک کە بەرچاو ڕوون بم هەڵدێنم، دیسان وتی: ڕەفیقایەتی ئاوا دەبێ، بۆ ڕێگا بۆ کوێ بڕوا خەمم نییە، جاری واش هەبوو دەیگووت: بۆ هەر شوێنێک بڕۆی لەگەڵت دێم.
هەردیی شاعیر، وەک شاعیری ڕۆمانسی و خۆشەویستی ئافرەت ناسراوە، بەڵام ئەوەی شارەزای ڕۆحی ئەو مرۆڤە بووبێ، ئەو ژنی وەک مرۆڤــ و وەک خۆشەویست و وەک ڕەمز بەکارهێناوە، بە لای ئەوەوە، ئافرەت هەموو گەورەیی مرۆڤی تێدا کۆبۆتەوە، ژن وەک خۆشەویستێکی هەمیشەیی تەماشای دەکرد، هاوکات لە ئافرەتدا چەوسانەوە و چارەسەری دەبینیوە، بەگشتی و بە درێژایی مێژوو، لە تەواوی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتیدا ئافرەت غەدری لێکراوە، بۆیە چارەسەری مەسەلەی ئافرەت گەورەترین چارەسەری پەیوەندییە شارستانی و کۆمەڵایەتییەکانە.
هەردی بەردەوام لەبیری نەتەوە و نیشتمانەکەیدا بوو، ئەو کە باسی لە سەربەرزی، کە باسی لە ئازادی بکردایە، هەمووی دەبەستەوە بە سەربەستی و بە سەربەخۆیی کورد و کوردستانەوە.
گیوی موکریانیش هاوشێوەی هەردی، بە دڵ ساماندار و دارا بووە نەک بە گیرفان و تورەکە، کاتێک حسێن حوزنی موکریانی بە هاوکاری گیوی برای، بۆ یەکەم جار چاپخانەیان بردۆتە ڕەواندوز، خەڵک لەناو کورد دا، کەمیان نرخی چاپخانەیان نەدەزانی، دەمێکیش ئەو دوو برایە ( گۆڤاری زاری کرمانجی لە نێوان ساڵانی 1926 ـ 1932) یان دەردەکرد، ڕۆژنامە و گۆڤار سەرچاوەی بژێوی نەبوون تا وێڵی پارە بووبن.
دیارە گیوی موکریانی لە خزمەت براکەیدا بە نەفسی بەرز و دەروونی خاوێن دەوڵەمەند بوو، ئەگەر پارەی ویستبا بۆ خزمەتی وشەی کوردی و بۆ بڵاوکردنەوەی ئەدەبیاتی کوردی بەکار دێنا.
ناوی (کوردستان) بۆ چاپخانە و بۆ ناوی کچێکی، شەیدایی گیو بووە بۆ خۆشەویستی کورد و کوردستان، بۆ سەربەخۆیی و بۆ سەرفرازی، گیوی موکریانی ئەو پیاوە بوو کاری هەرە سەرەکی پەخش و بڵاوکردنەوە و نووسین بوو، کە هەرگیز لە ڕێگای ئەوانەوە نەیتوانی ببێتە دارا یا چاکتر بڵێم نەیدەویست پارەداری بێ گەردن کێل بێ ، بەڵام بووە خاوەن ناو.
هەردی و گیو بێ منەت بوون لە جاه و گەنجینەی بژێوی، بۆیە هەردووکیان، یەکی تاجێکیان لەسەر بوو بە کەس لەسەریان لانابرێ و ناکەوێتە خوارەوە.
لە مانگی ئابی 1947، هەردی دەچێتە هەولێر، ڕۆژێک کە بەناو شاردا دەگەڕێن، برادەرێکی داوای لێدەکا کە سەردانی (عەبدولڕەحمانی موصەوەر) واتا گیوی موکریانی بکەن، ئەویش زۆری پێخۆش دەبێ، دەچن بۆ لای، دوای چاک و چۆنی و بەخێرهاتنیان، برادەرەکەی هەردی بە گیو دەڵێ، ئەمە کوڕە جوان و گەنجە شاعیرە، گیویش دەڵێ کە وایە تاقی دەکەمەوە، دوو تاک شیعری ڕوباعی دەدەمێ، کە ئازابێ و شاعیری چاک بێ، بیکا بە پێنج خشتەکی، ئەویش ئەمەی خوارەوە دەبێ: ـ
بـەخـۆشــی ڕابـوێـری یـا بـە نـاخۆش
شەرابی مەرگی ناچاریی ئەکەی نۆش
وەتـەن هـەر خـزمـەتێـکت لێ ببینـێ
لە دوا ڕۆژ، هەر ئەوەندەت پێ دەمێنێ
هەردی شیعرەکەی لێوەردەگرێ و دەڵێ بەیانی بۆت دێنمەوە. دوای ئەوە بۆ ڕۆژی دوایی، هەردی و برادەرەکەی دەچنەوە لای گیو، پێنج خشتەکییەکەی دەداتێ، ئەویش کە تەماشا دەکا و دەیخوێنێتەوە، یەکجار سەرسام دەبێ، باوەشی پێدا دەکا و ئەم لا و ئەو لای ماچ دەکا و دەڵێ: ئەتۆ هێندۆکەی چۆن ئەو تەخمیسە جوانەت کردووە، دەک بە سەدەقەت بم، بابم حەقە شیعر ئاوا دەبێ. ئەوەی خوارەوەش کارەکەی هەردی یە.
بەیانی بوو زەمین گشت مات و خامۆش
شـەماڵ هات و لـق و چڵ بردی کڕنۆش
بە گوییا دام وتی: گوێ بگرە بێ هۆش
بـەخـۆشــی ڕابـوێری یـا بـە نـاخـۆش
شەرابی مەرگی ناچاریی ئەکەی نۆش
*****
هەموو تاجێ هەموو تەخت و نگینێ
هـەموو ئێشـێ، هـەموو زار و برینێ
بـە چاولێـکنـانێـک نـامێنێ لە ژینێ
وەتـەن هـەر خـزمـەتێکت لێ ببینێ
لە دوا ڕۆژ، هەر ئەوەندەت پێ دەمێنێ
هەردی و گیوی موکریانی، هەردووکیان خولیای بەجێهێشتنی ناوی چاکی دوای مردن بوون، هەردووکیان چاوەڕوانی سەربەخۆیی و دامەزرانی دەوڵەتی کوردستان بوون، هەردی و گیو بیر و گشت وزە و توڕەییەکیان بۆ باری نالەباری کورد و کوردستان تەرخان کردبوو، ناڵە ناڵی ئەو دووانە و هەزارانی وەک ئەوان بۆ بێ خاوەنی و بێ پێشەوایەتی کورد بوو، ئەوان لە هەوڵ و کاری تاکی کورد دەدوێن کە دەیانەوێ هەموو کوردێکی بە ئەمەک یا کوردستانییەکی وەفادار بەو نیشتمانەی لەسەری دەژین، خۆیان بە نەتەوە و خاکەوە ببەستنەوە، ئەگەر بیر و کار و ژیان بۆ خەڵک و بۆ نیشتمان نەبێ، ئەو ژیانە بەفیڕۆ دەڕوا.
هەردی و گیوی موکریانی، لەو کێوانە بوون، نەدەلەرزین، ڕۆژگار چییان بەسەر کوردستان هێنا بوو، پێیان وا بوو، هەتا هەتایە کورد و کوردستان وەک دوو دیاردەی خودایی و وەک دوو بوونی ڕەگ داکوتراو، ڕووداوی دیکەی تاڵی ڕۆژگاری دابێش، دەڕۆن و لەبەردەم ئەو واقیع و ڕاستیانەدا، بێ شوێنەوار دەمێننەوە، بۆ هەردووکیان، شیعر دەبێ نەفەسی درێژ بێ، هەروەک درێژی و مانەوەی ناوی هەردی و گیوی موکریانی لە ئەدەب و رووناکبیری کوردیدا.