سودان
جەمال حسێن
2019-04-12   1175
ھیگڵ لەشوێنێکدا وتوویەتی ( تاکە وانەیەک لەمێژوو فێری ببین، ئەوەیە کەس لەمێژوو ھیچ فێرنەبووە) ئەم وتەیە کەدەربریشە لەروانگەیەکی فراوان بۆ مێژوو، لەزۆر ڕووەوە راستە و لەزۆر ئاستدا مێژووی مرۆڤ پشتڕاستی دەکاتەوە. نەک ھەر لەئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتیەکەی، بەڵکو لەئاستی تاکە کەسیش دەشێت زۆرینەمان لەژیانی کەسی خۆماندا، چەندین ھەڵە ھەبن بەشێوە و فۆڕمی جیاجیا دووبارە و چەند بارەمان کردبێتەوە. بەڵام ئەوەی من دەمەوێت لەڕێی ئەم قسەیەوە لێی نزیک ببمەوە، ئەوەیە نەعومەری سودان لە بوتەفلیقەی جەزائیر ھیچ فێربوو، نە موبارەکی میسر لە عەلی یەمەن و نەئەویش لە بن عەلی تونس پەندی وەرگرت و نەئەوانەی تریش کەماون عیبرەت لە ئەمانە وەردەگرن. بەم جۆرە ستەمکار و دیکتاتۆرەکان دەبنە گەورەترین نمونە و وانەی مێژوو بۆ فێرنەبوون و پەند وەرنەگرتن.
ئەوکاتەش جەنەڕاڵە گەنجەکەی سودان بەیاننامەی لەسەرکارلابردنی عومەری خوێندەوە، لەدڵی خۆمدا وتم کەی دێت ئەویش بەدەردی ئەم بچێت، کاتێکیش سودانییەکانم بینی لەشەقامەکان بۆ دەربرینی شادی ھەڵدەپەڕین، وتم کەی جارێکی تر دێنەوە سەرشەقام بۆ ناڕەزایەتی دەربڕینێکی تر. ئاخر مێژووی سیاسی ئەم ناوچەیە، وەکو چۆن مێژوویەکی ناشیرینی پڕ لەستەمکاری و جەنگ و دەسەڵاتی سەربازییە، بەھەمان شێوە مێژوویەکی بێ ئەندازە بازنەیی و دوبارەشە، جا لەفۆرمی ناسیونالیستی دابێت یان ئاینی، ھەر ئایدۆلۆژیایەک بپۆشێت، ناوەرۆکەکەی ستەمکارییە.
دەشێت تورکیا باشترین نمونەیان بێت، کەدوای ئەوەی لەرژێمێکی سکولاری سەربازییەوە، گۆڕا بۆ رژێمێکی پەردەپۆشکراو بەئاین، ھیچی لە بەھا سەرەکییەکانی نەگۆڕا کەبریتیە لەستەمکاری، بگرە لەزۆر ڕووەوە خراپتر بووە و خراپتریش چاوەڕێ دەکرێت. ئەوە ھیچ کات واتای ئەوە نییە کەستەمکاری قەدەرێکی نەگۆڕە و ھیچ چانسێک نییە بۆ ئەوەی مرۆڤ لەم وڵات و ناوچانە چاوەڕێی سپێدەیەکی باشتر بکات. یان ھەوڵبدات خەون بەژیانێکی شەرەفمەندانە و بەکەرامەتەوە ببینێت، بەڵام بۆ من بەڕاستی ئەمە پرسیارێکی گەورەشە کە بۆچی بەردەوام ئەم مێژووە دوبارە دەبێتەوە؟ چی وایکردووە ھەر نزیکەی سی ساڵ یان زیاتر نوخبەیەکی سیاسی فاسید بێت نوخبەی فەرمانڕەوای فاسیدی پێش خۆی لەناو ببات، ئەوجار نوخبەیەکی تری لەوان فاسیدتر بێت بۆ ھەڵتەکاندنی ئەوان؟ ئەوەی لێرەدا تەواو شەرعییە و لەڕووی دەروونیەوە مایەی شادییە، بێگومان چرکەسات و گەرماوگەرمی خودی گۆڕانکارییەکانە، بەڵام ئەوەی تراژیدی و خەمبارانەیە ئەنجامەکانیەتی، کەبریتیە لەدووبارەبوونەوە.
لەم چوارچێوەیەدا یەکێک لە وتەو قسەکانی شاملوی شاعیری ئێرانی ھەمیشە لەیادەوریمدایە، ئەویش ئەوەیە کاتێک شۆڕشی گەلانی ئێران رویدا، وتی ئەم شۆڕشە ناتوانێت ھیچ گۆڕانێکی گەورە دروستبکات کە لەبەرژەوەندی خەڵکی رەش و روت و ھەژاردا بێت، ئەوەی ھەیە کۆتایی ھاتنی شایە و دەستپێکردنی ئیمامە، وەکو چۆن بۆ دەرکردنی شا و کۆتایی ھاتنی دەسەڵاتەکەی پێویستمان بەئیمام بوو، رۆژێک دێت بۆ رزگاربوونیش لەئیمام پێویستمان بە شایەکی تر دەبێت. لەکۆتاییشدا شاملو وتی ( ئەم رژێمانە یەکتری دووبارە دەکەنەوە). دووبارەکردنەوەیەکی تراژیدی تر و کارەساتبارتر. چونکە ئەم دەسەڵاتانە بۆئەوەی بەدەردی ئەوانەی پێش خۆیان نەچن، زیاتر خۆیان بەھێزدەکەن و دڕندەتردەبن، بۆیە لابردنیشیان خوێن و توندوتیژی زیاتری بەدواوە دەبێت. ئەوە سەرباری ئەوەی لەماوەی فەرمانڕەواییان دەوڵەت و کۆمەڵگاش وا وێران دەکەن، کەدوای خۆیان نەتوانن لەسەر پێ بوەستنەوە.
بۆیە بۆمن کەوتنی عومەرەکەی سودان و کۆتایی ھاتنی بوتەفلیقەی جەزائیر وەک رووداو و پێشھاتێک مایەی دڵخۆشییە، بەڵام وەک رووداوی داھاتوو پێموانییە ھیچی زیاتربێت لەڕووداوەکانی تری بەناو بەھاری عەرەبی. دڵنیام ھەر زوو وڵاتانی ناوچەکە و بەرژەوەندی وڵاتانی زلھێز لەسودانیش بەریەک دەکەوێت ناھێڵن شتێک رووبدات کەمایەی مەترسی بێت بۆ بەرژەوەندییەکانیان، ھەتا ئەگەر پێویست بکات وەک سوریا ئەوێش ببێتە گۆڕەپانی بەریەککەوتنی سەربازی. بۆیە وەک چۆن لەسەرەتای رووداوەکانی سوریا و پێنج ساڵ پێش ئێستا وتارێکم نوسی بەناوی کەس خەمی سورییەکانیی نییە، بەھەمان شێوە یەقینم ھەیە کەس خەمی سودانییەکانی نیە. شەڕی ئەم وڵاتانە بۆ بەرژەوەندییەکانیانە و ھیچی تر، ئەوەی باجی قورسی ئەو مێژوە ناشیرنەش دەدات، سودانییەکی بەستەزمانە، کەئێستا بەخۆشی کەوتنی ستەمکارێک دڵی خۆشە.