دوازدە ساڵ لەمەوبەر و لە ڕۆژێکی وەک ئەمڕۆدا ھەواڵی لە سێدارەدانی سەدام حوسەین لەلایەن ھێزە عێراقییەکانەوە بڵاوکرایەوە، دوای ھەواڵەکە من لە یەکێک لە کەناڵە تەلەفیزیۆنیەکانی ھۆڵەندا میوانبوم بۆ شیکردنەوەی ڕوداوی لە سێدارەدانەکە. ئەو ڕۆژەش کە سەدام حوسەین لە حەشارگەکەی خۆیدا گیرا و سەربازە ئەمریکییەکان بەبەرچاوی کامێراکانەوە ئامێرە پزیشکیەکەیان بەناو دەمی سەدام حوسەیندا دەگەڕاند و ئەمری دەمکردنەوە و دەمداخستینیان بەسەر سەدام حوسەیندا دەکرد، دیسانەوە من لە تەلەفیزیۆن میوانبوم. لە ھەردو ساتەکەدا پێشکەشکارە ھۆڵەندییەکە لێی پرسیم ھەست بە چی دەکەم؟ منیش لە وەڵامدا وتم ”لە قوڵاییدا ھەست بە ئیھانەکردنێکی گەورە دەکەم“. بە پێشکەشکارەکەم وت ئەم پیاوە کە ئێستا لە بەردەمی سەربازە ئەمریکیەکاندا بە زەلیلیەوە وەستاوە و سەربازەکان بە کەیفی خۆیان دەمی پێدەکەنەوە و دەمی پێدادەخن، ھەمان ئەو پیاوەیە کە ژیانی ملیۆنان مرۆڤی لە عێراقدا وێرانکرد و جەھەنەمێکی گەورەی بۆ زیاد لە نەوەیەک لەو وڵاتەدا داخستبو. ئەمە ئەو پیاوەیە بە درێژایی ٣٥ ساڵ کێی دەویست دەگرت و ڕاودەنا و دەکوشت، سامانی وڵاتەکەی لە چەندان جەنگی گەورەدا بە فێڕۆدا و دەوڵەتی عێراقی گۆڕیبو بۆ موڵکی خێزان و ھاوڕێ و دۆستە نزیکەکانی. ئەمە ئەو پیاوەیە کە ئەو ھەمو جەنگ و کوشتن و بڕین و ماڵوێرانیەی ئەنجامدا و ئێمە لەو وڵاتەدا نەمانتوانی بەری پێبگرین، کەچی ئێستا لەبەردەم چەند سەربازێکی ئەمریکیدا تەواو زەلیل و بێبایەخ کراوە.
ساتی لە سێدارەدانەکەشی بەھەمان شێوە ساتێکی تاریک و ناخۆش بو، ئەو ڕۆژەش دیسانەوە من لە تەلەفیزیۆنی ھۆڵەندی قسەمدەکرد. کێشەکە لە سێدارەدانەکەیدا نەبو، بەڵکو ئەوە بو ئەم دیکتاتۆرە خوێناویە لەسەر یەکێک لە تاوانە ھەرە بچوکەکانی لەسێدارە درا. لەباتی ئەوەی داوەریکردن و سزادانی سەدام حوسەین بکرێت بە داوەریکردنی قۆناغی دەسەڵاتدارێتییە خوێناویەکەی و داوەریکردنی فەرھەنگ و کولتوری بەعسیزم و شێوازی حوکمڕانیی و دەوڵەتداریی و چۆنیەتی مامەڵەکردنی کۆمەڵگا و چۆنیەتی بەفیڕۆدانی ئابوریی و مامەڵەکردنی منداڵان و گەنجان و ھتد... لەباتی ئەوەی داوەریکردنەکەی ببێت بە داوەریکردنی ئەو دونیا مادیی و رەمزییە ترسناکەی کە سەدام و بەعس دروستیانکردبو، کەچی لەسەر ڕوداوێکی بچوکی ناو شارۆچکەیەکی بچوک لە سێدارە درا.
زەلیل و بچوکیی لەبەردەم بێگانەدا و بێڕەحم و دڵڕەق و خوێناوی بەرامبەر بە میلەت و کۆمەڵگاکەی خۆت، ئەو ئاکارهیە لای زۆرێک لە سەرکردە سیاسییەکانی ناوچەکە بەخەستیی ئامادەیە، بەوانەی لای خۆشمانەوە. قبوڵکردنی ھەمو سوکایەتییەک لە کەسانی بیانیی و ئەنجامدانی ھەمان سوکایەتی بەرامبەر بە ھاونیشتیمانییانی خۆت کۆڵەکەی سەرەکیی ئەو سایکۆلۆژیا و ئەخلاقە سیاسییەیە کە ئەم مۆدێلە لە سیاسیی و سەرکردە دەجوڵێنێت.