نیقاب‌و سەلەفیەت: جل وەک رەمز؟

مه‌ریوان وریا قانع
  2019-06-28     1279
بەشی دووھەم
نیقاب لەسەرکردن و شاردنەی ڕوخسار ھەمووی، یان ھەمووی تەنھا چاوەکان نەبێت، دیاردەیەکی دینیی بەربڵاو و گشتیی ناو جیھانی ئیسلامیی نییە، بەڵکو شێوازی خۆپۆشینی ئەو کەمایەتییە وەھابییە سەلەفییە سعودییە خەلیجییەیە کە لە پەنجا ساڵی ڕابردوودا بەھۆی سەرفکردنی زۆری ئەوە پارەیەی لە ئەدەبیاتی سیاسیدا پێدەگوترێت ”پێترۆ دۆلار“، واتە دۆلاری نەوت، وەھابیزم گۆڕا بۆ دیاردەیەکی جیھانیی. وەھابیزم و سەلەفیەتی سعودیی دیاردەی لاوەکیی و پەراوێزیی ناو جیھانی ئیسلامی بوون تا ئەو قۆناغەی سعودیە خاوەنی پێترۆ دۆلار نەبوو، بەڵام لەدوای ئەوەی ئەم وڵاتە بوو بە خاوەنی ملیارەھا دۆلاری نەوت و بڕێکی گرنگیی ئەم پارەیە لە ڕەوتی جەنگی ساردا بۆ بە جیھانیکردنی سەلەفیزم سەرفکرا، دۆخەکە گۆڕا. سعودیە و وڵاتانی خەلیج ئەم فۆرمە پەراوێزیەی ئیسلام و ئەم شێوە داخراوەی دینداریان بە جیھاندا بڵاوکردەوە و لە دەیان شوێندا چاندیان. بەشێکی تری بڵاوبوونەوەی ئەم نیقاب و بورقەپۆشییە لەڕێگای تێرۆر و ترساندن و سەپاندنی بەزۆرەوە بووە، لەو شوێنانەدا ھێزە ئیسلامییە سەلەفییە وەھابییەکان لەوەدا سەرکەوتن دەسەڵات بگرنەدەست و نیقاب بەسەر ھەموو ئافرەتاندا بسەپێنن. تاڵەبان و داعش دوو نموونەی ھەرە بەرچاوی ئەم دیاردەیەن.

ئەم ڕاستییە سادانە وادەکات نەکرێت نیقاب تەنھا وەک جل، یان وەک پارچە قوماشێک مامەڵەبکەین، بەڵکو ھاوکات وەک رەمز یان سیمبۆڵێک بیبینین. لە کۆمەڵگا و ژینگەیەکی وەک کۆمەڵگای ئێمە نیقاب ھێندەی رەمزێکی تایبەتی ئاراستەیەکی دینیی زۆر تایبەت و بەشێکە لە پرۆژەیەکی ئایدیۆلۆژیی و سیاسیی، کە بە سەلەفیەت ناسراوە، ھێندە جل نییە بەمانا ڕۆژانەیی و بە مانا ئەنترۆپۆلۆژییە ڕاستەوخۆکەی خۆداپۆشین. نیقاب لەم ژینگەیەدا زیاتر ڕەمزێکی سیاسیی و ئایدیۆلۆژییە، تا جلپۆشینێکی ئاسایی. بەشێکە لە ستراتیژ و شێوازی دەرکەوتنی ھەندێک لە گروپە سەلەفییەکان لەناو ڕووبەری گشتیدا. پێداگرتن لەسەر ئەم شێوازی دەرکەوتنەی لەشی ئافرەت لەناو ڕووبەری گشتیدا دەشێت تا ئەو شوێنە بڕوات کە دۆخێکی تەواو ترسناک دروستبکات. ساڵی ١٩٩٤ ھێزە ئیسلامییە سەلەفییە جیھادییەکانی جەزائیر نیقاب لەسەرکردنیان کرد بە واجبێکی دینیی و ئەوانەشیان دەکوشت کە ئامادەنەبوون ئەم واجبە جێبەجێبکەن.

کە دەگوترێت نیقاب دیاردەیەکی دینیی بەربڵاو و گشتیی ناو جیھانی ئیسلامیی نییە، چەندەھا بەڵگە ھەن کە ئەم ڕاستییە دەسەلمێنن. محەمەد تەنتاو، شێخی ئەزھەر، لە ساڵی ٢٠٠٩ فەتوایەکی دەرکرد تیایدا نیقابپۆشی لەناو قوتابخانەکاندا یاساغ کرد. ساڵی ٢٠١٠ وەزیری تەندروستی لە میسر لەبەرکردنی نیقابی لەناو نەخۆشخانەکاندا یاساغ کرد. لە مالیزیا و ئەندەنوسیا و تونس و زۆر شوێنی تر لەبەرکردنی نیقاب یاساغە. لە عێراق فەتوایەکی شێخ ئەحمە ئەلقوسەیبی ھەیە نیقابی یاساغ کردوە بە ناوی ئەوەوە کە خەڵک مافی ئەوەیان ھەیە بزانن ئەو کەسە کێیە لە تەنیشتیانەوە دانیشتوە. لەو شوێنانەشدا کە سەلەفیەتی دینیی تێدا نییە، یان لاوازە، ئەم دیاردەیە بوونی نییە، یان زۆر زۆر دەگمەن و لاوازە. بۆیە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ و بەھێز لەنێوان بوونی نیقاب و بڵاوبوونەوەی دیدی وەھابیی سەلەفیی و دروستبوونی گروپی وەھابیی سەلەفیدا ھەیە.

بە بۆچوونی من نیقاب لە کۆمەڵگای ئێمەا بەر لەوەی کێشەیەکی شەخسیی و تاکەکەسیی بێت، کێشەیەکی دینیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و تەئویلییە، ھێرمۆنۆتیکیە. نیقاب بە پلەی یەکەم پەیوەندیی بە جۆرێکی زۆر تایبەت لە تێگەیشتنەوە لە دین و بە پێگەی ئەو تێگەیشتنە دینیەوە لەناو گشتێتی ژیانی کۆمەڵایەتیدا، ھەیە. نیقاب ھێما بۆ ئەو جۆرە تێگەیشتنە لە دین دەکات کە تیایدا ئیمان لە باوەڕێکی ناوەکیی پتەوەوە گۆڕاوە بۆ کردەی خۆنمایشکردنێکی ئیستیعرازیانەی دەرەکیی لەناو ژیانی گشتیدا. فۆرمێکی تایبەت لە نمایشگەریی ئاینیی ژێرخانە سیاسیی و نەفسیی و رەمزییەکەیەتی، ئەوەی بە ئینگلیزیی پێیدەگوترێت exibitionism، بەمانای حەزیێکی پەڕگیر بۆ دەرکەوتن و خۆنمایشکردن، ئارەزوویەکی گەورە بۆ ئەوەی بینرێیت. ئەمەش موفارەقە، یان پارادۆسکێکی تایبەت لەخۆی دەگرێت، چونکە جەستەی ژن لەو کاتەدا دەیەوێت لەژێر نیقابدا خۆی بشارێتەوە، لە ھەمانکاتدا حەز و خواستێکی گەورە بۆ بینین و دەرکەتنی لەناو ڕووبەری گشتیدا ئاراستەیدەکات. لەم ئاستەدا دەکرێت نیقاب وەک بەشێک لە کردەی تەسویق و پیشەسازیی ریکلامکردن ببینین، بەڵام تەسویق و ریکلامکردنێکی دینیی تایبەت بۆ مارکەیەکی زۆر تایبەتی لە دینداریی. نمایش لەڕێگای نیقابەوە، بە پێچەوانەی حەزی نمایشکردنی نادینییەوە کە حەزی دەرخستنی جەستە یان ئەو پارچە و بەشانەی جەستەیە کە لە زۆربەی کۆمەڵگاکانی دونیادا دادەپۆشرێن. دەڵێم ئەوەی لەڕاێگای نمایش لەڕێگای نیقابەوە دەردەکەوێت جەستە نییە، بەشە جیاوازەکانی لەش نین، ئەوەی دەردەکەوێت رەمز و سیمبۆلێکی تایبەتە، ڕەمزێکە لەڕێگای نیقابەوە ھێما بۆ شوناسی دەستەجەمعیی گروپێکی دینیی تایبەت دکات و ریکلام بۆ ئەو گروپە دینییە و بۆ تێگەیشتنی ئەوان لە دین لەناو ڕووبەری گشتیدا دەکات.

لەپاڵ ئەم ڕوانینەدا بۆ نیقاب لە کۆمەڵگایەکی وەک کۆمەڵگای ئێمەدا ناتوانین ھیچ یەکێک لەو دوو دیدە خۆرئاواییە بەشێوەیەکی حەرفی قبووڵبکەین کە لە بەشی یەکەمدا باسمکرد. نیقاب لەناو ژینگەیەکی دینیی و سیاسیی و کۆمەڵایەتیی و ڕەمزیی وەک دونیای ئێمەدا و لەناو فۆرمێک لە حومکڕانیی ستەمگەر و دەسەڵاتگەردا، کۆمەڵێک دەرەنجامی ھەیە تەواو جیاواز لەو دەرەنجامانەی لە شارێکی وەک پاریس یان کۆپنھاگن یان ئەمستردام دا ھەیەتی. لەبەشی داھاتوودا وردتر لەم مەسەلەیە دەدوێم.

وتاری زیاتر

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×