کاتێک بەدڕەوشتیی ھەموو سنوورێک دەبەزێنێت، سایتی وشە وەک نموونەیەکی نوێ
مهریوان وریا قانع
2019-04-17   2871
نزیکەی مانگێک لەمەوبەر کتێبێکی من بەناو نیشانی ”بیرکردنەوە لە سەردەمە تاریکەکان“دا بڵاوکرایەوە کە کۆکردنەوەی بیست و یەک (٢١) چاوپێکەوتنە کە ژمارەیەک گۆڤار و ڕۆژنامە و سایت لە کوردستان، لەنێوان ساڵانی ٢٠٠٤ بۆ ٢٠١٨، لەگەڵ مندا ئەنجامیان داوە. چاوپێکەوتنەکانی ناو کتێبەکەی من باس لە کۆمەڵێک بابەت دەکەن پەیوەست بە کۆمەڵگای کوردییەوە. بۆ نموونە ”ئەرکی ڕۆشنبیرلە سەردەمە تاریەکاندا“، ”پەیوەندی نێوان ئیسلام و دیموکراسیەت“، ”ئەدەب و کوردبوون و چاوەڕوانیی“، ”شیعر و بێماڵیی و گوناھ،“ ” مەترسییەکانی خەباتی چەکداریی“، ”خورافەتی ھێزی ڕزگارکەر“ و سۆسیۆلۆژیای ”جلوبەرگیی دینیی“، و زۆر بابەتی تر کە ھەموویان باس لە کۆمەڵگای کوردستانی، بە تایبەتی کۆمەڵگای دوای ڕاپەڕین دەکەن. ناونیشانی کتێبەکەش پەیوەندیی بە چاوپێکەوتنی یەکەمی ناو کتێبەکەوە ھەیە بە ناوی ”ئایا ئەرکی ڕۆشنبیر لە دونیایەکی تاریکدا چییە؟“. مەبەست لەو دونیا تاریکە دونیای دوای ڕاپەڕینە.
بەشێوەیەکی زۆر کۆمیدیان سایتی ووشە ئەم کتێبەی منیان کردوە بە کتێبی ژنە فەیلەسوفی ھانا ئارێنت و وایان لە خوێنەران گەیاندوە من ئەو کتێبەم لە ئینگلزیەوە تەرجەمەکردوە و بەناوی خۆمەوە بڵاومکردۆتەوە. لەم ڕووەوە زۆر بێشەرمانە دەنووسن: ”مەریوان وریا قانیع كتێبی نووسەرێكی جیهانی وەردەگێڕێتە سەر زمانی كوردی و وەك بەرهەمی خۆی پێشانی دەدات، لەكاتێكدا كتێبەكە كۆپی كراوە و ناوی نووسەرەكەیشی تێدا نەنووسیوە.“
ئەم سایتە ھێندە داماوە و ھێندە ئیرادەیەکی ڕووتی درۆکردن و ناوزڕاندن و بەدڕەوشتییەکی کەم وێنە ئاراستەی کردون، تەنانەت ئەزیەتی ئەوەیان نەکێشاوە سەیری ناونیشانی باسەکانی من بکەن و لەخۆیان بپرسن ھانا ئارێنت، کە بەڕەچەڵەک ئەڵمانییەوە و لە ئەمریکا ژیاوە و لە ساڵی ١٩٧٥ کۆچیی دواییکردوە، چ پەیوەندییەکی بەو بابەتانەی کتێبەکەی منەوە ھەیە کە باس لە کوردستانی دوای ڕاپەڕین دەکات. مرۆڤ کە شەرمی شکا و دەستی دایە بەدڕەوشتیی، دەتوانێت، وەک ئەم سایتی وشەیە، تا ئەوپەڕی بەدڕەوشتیی بڕوات.
ھەرچی ناونیشانی کتێبەکەی منە پەیوەندیی بە چاوپێکەوتنی یەکەمی ناو کتێبەکەمەوە ھەیە کە وەک ووتم بە ناونیشانی ”ئایا ئەرکی ڕۆشنبیر لە دونیایەکی تاریکدا چییە؟“. سەردەمی تاریک“ یەکێکە لە چەمکەکانی ناو فیکری ھانا ئارێنت و من بەر لە بڵاوبوونەوەی کتێبەکە لەسەر فەیسبوکەکەی خۆم ھەندێک شتی سەرەتایم لەسەر ئەو چەمکە لای ئارێنت نووسی.
ڕاستە ناونیشانی ئەو کتێبە ئینگلیزیە کە ئەوان ھێمای پێکروە ھەمان ناونیشانی کتێبەکەی منە، بەڵام ئەو کتێبە نە ھانا ئارێنت نووسیویەتی، نە بەھیچ شێوەیەک پەیوەندیی بە کتێبەکەی منەوە ھەیە. لەمەشدا سایتی وشە ھێندە تەوەزەل و نابەرپرسیارانە کاریانکردوە، تەنانەت سەیرێکی سەرپێیی کتێبە ئینگلیزیەکەشیان نەکردوە بۆ ئەوەی بزانن باسی چی دەکات و کێ نووسیویەتی. ئەو کتێبە ئینگلیزیە لە کۆمەڵێک وتاری جۆربەجۆر پێکھاتوە کە لەلایەن زیاد لە ٢٠ نووسەری جیاوازەوە لەسەر بابەتە سەرەکییەکانی ناو فیکری ھانا ئارێنت نووسراوە، سێ نووسەریش سەرپەرشتی چاپکردنیان کردوە.
بەداخەوە سایتی ووشە تەنھا درۆی گەورە و ڕووت و بێبناغە ناکات، بەڵکو شێوازێکی زۆر دەگمەن و تایبەتیی گەمژەییش نیشانئەدەن، کە لە دونیای ئێمەدا تا ئێستا بوونی نەبووە. گەمژەییەک تێکەڵ بە بەدڕەوشتییەکی کەم وێنە کە کتێبی نووسەرێکی کورد کە باسی کوردستان دەکات، وەک کتێبی تەرجەمەکراوی نووسەرێکی ئەڵمانیی ئەمریکیی بە خوێنەران بناسێنیت. مرۆڤ شەرم دەکات لەو ناوەندە میدیایەی ئێمەدا کەسان و سایتی لەمجۆرە ھەن و کاردەکەن.