وەزیری دەرەوەی ئەمریكا: كۆبونەوەیەكی نایابمان لەگەڵ سودانی هەبو
  2024-04-15       156       

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمریکا رایگەیاند، ئەمڕۆ دوشەممە "کۆبونەوەیەکی نایابمان لەگەڵ سەرۆکوەزیران سودانی هەبو و چاومان لە کۆبونەوەکەیەتی لەگەڵ سەرۆک بایدن لە کاتێکی نزیکدا."

 ئاوێنە: ئەنتۆنی بلینكن وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، دڵخۆشین بە پێشوازی لە دۆستە عێراقییەکانمان لە واشنتن، کۆبونەوەیەکی نایابمان لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق هەبو.

وتیشی، هەمو ئەوەی ئەمڕۆ بینرا، گرنگیی و بەهای پەیوەندیی نێوان ئەمریکا و عێراق پێشاندەدات. شەراكەتێكی گشتگیرمان هەیە.

ئاماژەی بەوەشدا، لە کۆبونەوەکانی لیژنەی باڵای سەربازی ئێمە هەوڵمانداوە ئەم پەیوەندییە گشتگیرە لەگەڵ عێراق فەراوانتر بکەین، هەروەها گفتوگۆمان لەبارەی نەوت و گۆڕانی کەشوهەواش کرد.

 لەبارەی سەردانی سەرۆك وەزیرانی عێراق بۆ كۆمەڵێك شار و ویلایەتی جیاجیای ئەمریکا، بلینكن وتی"سەردانی سەرۆکوەزیران بۆ هیوستن و دیترۆید ئاماژەیەکی دیکەی قوڵی و فراوانیی پەیوەندییەکانمانە، نەک تەنیا لەنێوان وڵاتەکانمان، بەڵکو لەنێوان گەلانی هەردولا."

وەزیری دەرەوەی ئەمریکا وتیشی "چاومان لەوەیە هاوبەشیی نێوانمان فراوانتر بکەین، ئاسایشی وزە، دیموکراسی، سەروەریی یاسا و کەشوهەوا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×