مەلا هەڵۆ لە قسەكانی بەرامبەر بە ماریا هەورامی پەشیمان دەبێتەوە
  2019-08-14       4121       

مەلا هەڵۆ حەمەڕەشید لەو قسانەی پەشیمان دەبێتەوە كە بەرامبەر بە هونەرمەندی گۆرانیبێژ ماریا هەورامی سەبارەت بەبڵاوكردنەوەی كلیپێكی كردنی. مەلا هەڵۆ دەڵێت؛ قسەكانم بەرامبەر بەو خاتونە نەشیاو بون.

 ئاوێنە: خانمە هونەرمەند، ماریا هەورامی لە جەژنی قورباندا كلیپی گۆرانییەكی نوێی خۆی بڵاوكردەوە كە لە شەقامی سالم-ی شاری سلێمانی وێنە گیراوەو لە كلیپەكەدا ماریا لەناوەڕاستی شەقامەكە دەست بە گۆرانی وت دەكات و كوڕان و كچانی گەنج لەو شەقامە، بە هەڵپەڕكێ تێكەڵ بە كلیپەكە دەبن.

دوابەدوای ئەوە تۆمارێكی دەنگی مەلا هەڵۆ حەمەڕەشید لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبوەوە كە تێیدا هێرشی توند دەكاتە سەر ئەو خانمە هونەرمەندەو كارەكەی. ئەوەش كاردانەوەی زۆریی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەدوای خۆیدا هێنا.

درەنگانی شەوی رابردوش مەلا هەڵۆ لە لاپەڕەی رەسمی خۆی لە فەیسبوك لەپەیامێكی دەنگدان پەشیمانی خۆی لەو قسانەی بەرامبەر بەو خانمە هونەرمەندە كردبونی، دەربڕی.

مەلا هەڵۆ دەڵێت"ئەو پەیامە دەنگییە تایبەت بو بۆ کەسێکم ناردو بۆ رایگشتی نەبو لەگەڵ بڵاوکردنەوەی نەبوم ئەو شێوەیەش کە باسی ئەو خاتونەم پێکرد شێوەیەکی نەشیاو بو، بۆخۆم دەربڕینەکەی خۆمم پێ جوان نییە، ئەگەر ئێستا بیڵێمەوە وا نایڵێمەوە، لەبەرئەوەی دەربڕینەكە جوان نییە هەم لە روی  شەرع و هەم لە روی عورفیشەوە، پەشیمانم لێی ئەوە بەینی خۆم و خوای خۆمە و تەوبە ئەكەم و ئەو خاتونەش هەر شتێکی هەیە با بڕوات لە  دادگا داوای بکات و ئامادەم بچمە دادگا و هیچ كێشەشم نییە".

بەڵام لەپەیامە دەنگییە نوێكەیدا مەلا هەڵۆ جەخت دەكاتەوە كە كارەكەی ئەو خانمە هونەرمەندە "ناشەرعییە"و ئەمیش تا بمێنێت هەوڵ دەدات ڕێ لە كارە ناشەرعییەكان بگرێت.

مەلا هەڵۆ دەڵێت"سەبارەت بەوەی كە كارەی ئەو خاتونە بە باش ئەزانم یان نا بەردەوام ئەو کارەی ئەوم هەر  پێ خراپە و بە ناشەرعی دەزانم و تا بمێنم هەوڵدەدەم رێ لەو کارە  ناشەرعییانە بگرم".


© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×