وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاردانەوەی هەڵبژاردنی دەستەی نوێی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستاندا ڕایگەیاند، ئەم پرۆسەیە هەنگاوێکی درەنگوەخت بەڵام پێویست بوو بۆ کۆتاییهێنان بە بۆشایی یاسایی و پاراستنی قەوارەی دەستووریی هەرێم. هاوکات داوا لە لایەنەکانی دیکە دەکات بڕیاری ئەرێنی بدەن و بەشداری لە کارەکانی پەرلەماندا بکەن.
ئەمڕۆ چوارشەممە، ٤ی تشرینی دووەمی ٢٠٢٦، مەحمود محەمەد، وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان، ڕاگەیەندراوێکی فەرمی لەبارەی درێژەپێدانی کۆبوونەوەی یەکەمی پەرلەمانی کوردستان و هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی بڵاوکردەوە.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا، وتەبێژی پارتی ئاماژەی بەوە کردووە کە بەهۆی بڕیاری سیاسیی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و جووڵانەوەی نەوەی نوێ، ماوەی دوو ساڵە پەرلەمان وەک دامەزراوەیەکی شەرعی و نوێنەری دەنگ و ئیرادەی خەڵک پەکخرابوو. بەوتەی ناوبراو، ئەمڕۆ زۆرینەی پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنە جیاوازەکان، لەسەر بنەمای هەستکردن بە ئەرکی نیشتمانی و پابەندبوونیان بە سوێندی یاسایی، توانیویانە پرۆسەی دیموکراسی سەربخەن و کۆتایی بە "بۆشایی یاسایی و خۆسەپاندنی کەمینەیەکی سیاسی" بهێنن.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، مەحمود محەمەد باس لە بوونی فشار لەسەر پەرلەمانتاران دەکات و دەڵێت، هەڕەشەی زۆر لە هەندێک پەرلەمانتار و کەسوکاریان کراوە، کە ئەمەش بە "ئاماژەیەکی مەترسیدار بۆ سەر دیموکراسی و ئیرادەی خەڵک" وەسف دەکات و پێی وایە دەربڕی عەقڵیەتێکە کە خزمەت بە دیموکراتیزەکردنی کۆمەڵگەی کوردستان ناکات.
سەبارەت بە قۆناغی داهاتوو و پەیوەندیی نێوان لایەنەکان، وتەبێژی پارتی جەختی لەوە کردووەتەوە کە کارابوونەوەی پەرلەمان دژی هیچ کەس و لایەنێک نییە و پەرلەمان شوێنی ڕاستەقینەی دانوستانی سیاسی و یاساییە. هەروەها هیوای خواستووە فراکسیۆنی لایەنەکانی دیکەش بڕیاری ئەرێنی بدەن و بەشداربن لە هەڵگرتنی بەرپرسیاریەتیی هاوبەش لەم قۆناغە هەستیارەدا.
دەقی ڕاگەیەندراوەکەی وتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان:
راگەیەندراوێک لە وتەبێژى پارتى دیموکراتى کوردستانەوە
ئەمڕۆ، ٤ى تشرینى دووەمى ٢٠٢٦، پەرلەمانى کوردستان بە ئامادەبوونى زۆرینەى پەرلەمانتاران، درێژەى بە کۆبوونەوەى یەکەمى خۆیدا و لە پرۆسەیەکى یاسایى و دیموکراتیدا دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى هەڵبژارد.
وێڕاى پیرۆزباییمان لە هەموو کوردستانیان، پیرۆزبایى لە سەرۆکى پەرلەمان و جێگر و سکرتێرى پەرلەمان دەکەین و لەم ئەرکە نیشتمانییەیاندا هیواى سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین. ئەمە هەنگاوێکى درەنگوەخت بەڵام پێویست بوو لەپێناو پاراستنى قەوارەى دەستووریى هەرێمى کوردستان. بەداخەوە دوو ساڵە بەهۆى بڕیارى سیاسیى سەرکردایەتى یەکێتیى نیشتمانی و نەوەى نوێ ئەم دامەزراوە شەرعییەى هەرێم کە نوێنەرایەتى دەنگ و ئیرادەى خەڵک دەکات پەک خرابوو.
ئەمڕۆ زۆرینەى پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنەکان، بە هەستکردنیان بەرامبەر بە ئەرکى نیشتمانیان و ڕێزگرتن لە دەنگى خەڵک و پابەندییان بە سوێندى یاسایی، پرۆسەى دیموکراسییان سەرخست و کۆتاییان بەو بۆشاییە یاساییە و خۆسەپاندنى کەمینەیەکى سیاسى هێنا. ئەمەش سەرەڕاى ئەوەى کە هەڕەشەى زۆر لە هەندێ پەرلەمانتار و کەسوکارییان کراوە، کە ئەمە ئاماژەیەکى مەترسیدارە و هەڕەشەیە لە دیموکراسى و ئیرادەى خەڵک و دەربڕى عەقڵیەتێکە کە خزمەت بە دیموکراتیزەکردنى بوارەکانى ژیانى کۆمەڵگاى کوردستان ناکات.
هیوادارین هەموو لایەک ڕێز لە ویست و ئیرادەى خەڵک و پڕۆسەی دیموکراسیی بگرن. پەرلەمانى کوردستان شوێنى ڕاستەقینەى دانوستانى سیاسى و یاساییە و فاکتەرى یەکڕیزى و یەکگرتنى ناوخۆى کوردستانە. کارابوونەوەى پەرلەمان دژى هیچ کەس و لایەنێک نییە و دەرگا کراوەیە بۆ هەموو لایەک و ئومێدەوارین دوابەدواى کاراکردنەوەى پەرلەمانى کوردستان، فراکسیۆنى لایەنەکانى دیکەش بڕیارى ئەرێنى بدەن و بەشداربن لە پاراستنى شەرعیەت و قەوارەى هەرێمى کوردستان، هەروەها ئەم هەنگاوە ببێتە هاندەر بۆ هەڵگرتنى بەرپرسیاریەتى هاوبەش لە بەرەوپێشبردنى هەرێمى کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەدا و لێکنزیک کردنەوەى هەموو بۆچوونەکان بۆ خزمەتى خەڵک و ئایندەى کوردستان.
مەحمود محەمەد
وتەبێژى پارتى دیموکر
اتى کوردستان