دەسەڵاتدارانی عێراق بەردەوامن لە هەڵمەتەکانیان بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی، کە تیایدا ژمارەیەک پەرلەمانتار و بەرپرسی ئێستا و پێشووی وڵاتەکە بەهۆی تێوەگلانیان لە دۆسیەکانی گەندەڵی و قۆستنەوەی پۆستەکانیان بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ خزمەتی گشتی و بەدەستهێنانی پڕۆژە و بەڵێندەرایەتی، ڕووبەڕووی لێکۆڵینەوە بوونەتەوە.
ئاوێنە: پاشخانی ئەم هەڵمەتە دەگەڕێتەوە بۆ ٢٨ی حوزەیرانی ٢٠٢٦، کاتێک دەسەڵاتدارانی عێراق هەڵمەتێکی فراوانی دەستگیرکردنیان دەستپێکرد. ئەم هەنگاوە دوای دەستبەکاربوونی عەلی زەیدی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە مانگی ئایاری ڕابردوودا هات، کە وەک بەشێک لە ئاڕاستە و کارنامەی حکومەتەکەی بۆ دادگاییکردن و بەدواداچوونی تێوەگلاوانی کەیسەکانی گەندەڵی دەیخاتە ڕوو.
ڕێکارە یاساییەکان چەندین کەسایەتیی سیاسی و بەرپرسی لە پۆستە جیاوازەکاندا گرتووەتەوە. لە دیارترینیان چەند پەرلەمانتارێکی خولی ئێستای پەرلەمانی عێراقن، لەوانە: (عالیە نوسەیف، تەلال زەوبەعی، محەممەد کەربولی، بەهاء نووری، حەسەن خەفاجی، بوشرا قەیسی و هند عەباسی)، سەرباری ژمارەیەک بەرپرسی خاوەن پلە تایبەتەکان لە ناو وەزارەتی نەوتی عێراق.
لەگەڵ ئەوەشدا، هێشتا بەشێک لەو بەرپرسە داواکراوانە نەکەوتوونەتە ژێر دەستی دەسەڵاتە ئەمنییەکان و دەستگیر نەکراون، کە یەکێک لەوانە ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتییە و پێشتر سەرکردایەتیی گرووپی "جند الإمام"ی دەکرد لە چوارچێوەی حەشدی شەعبیدا.
بەپێی زانیارییەکان، بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان بەتایبەتی بەستراونەتەوە بە دۆسیەی گرێبەستە حکومییەکان و بوونی گومانی وەرگرتنی بەرتیل و قازانجی دارایی لە ڕێگەی بەکارهێنان و خراپ قۆستنەوەی پێگە و پۆستە حکومییەکانەوە.