ئیسرائیل به‌فه‌رمى وەڵامی داواكاریه‌كه‌ى تره‌مپ ده‌داته‌وه‌: پاشەکشە لە لوبنان ڕەتدەکەینەوە و هۆشداری توند دەدەینە ئێران
  2026-06-15     

ئیسرائیل بە فەرمی وەڵامی داواکارییەکانی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکای بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ دایەوە و جەختی لەوە کردەوە کە هێزەکانی لە ناوچەکانی باشووری لوبنان ناکشێنێتەوە. لەم چوارچێوەیەدا، یسرائیل کاتس، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ڕایگەیاند کە وڵاتەکەی سەرەڕای فشارەکانی ئێستا و داهاتوو، دژی چۆڵکردنی ئەو ناوچانەیە.

ئاوێنە: ​کاتس ئەوەشی خستەڕوو کە بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکانی ئەم دواییەدا، بە ڕوونی بە دۆناڵد ترەمپ و بەرپرسانی باڵای ئیدارەی واشنتۆنی ڕاگەیاندووە کە سوپای ئیسرائیل لە لوبنان ناکشێتەوە و حکومەتی تەلئەبیب لەسەر هێشتنەوەی هێزەکانی سوورە.

​سەبارەت بە ستراتیژیی سەربازیی وڵاتەکەی، وەزیری بەرگریی ئیسرائیل ئاماژەی بەوە کرد کە کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچانەی پێیان دەوترێت "ناوچەی ئەمنی" لە لوبنان، سووریا و کەرتی غەززە، بە یەکێک لە دەستکەوتە گەورەکانی سوپای ئیسرائیل لە شەڕەکەدا هەژمار دەکرێن، چونکە ئیسرائیل وەک بەشێک لە ڕێکخستنە ئەمنییەکانی خۆی مامەڵەیان لەگەڵدا دەکات. ڕوونیشیکردەوە کە ئەو ناوچە سنوورییانەی لوبنان و سووریا کە هاوسنوورن لەگەڵ ئیسرائیل، بە تەواوی وێران دەکرێن و لە دانیشتووان چۆڵ دەکرێن، بە جۆرێک کە سوپای ئیسرائیل خانوو و گوندەکانی ئەو ناوچانەی بەریەککەوتن دەڕووخێنێت بۆ ئەوەی ببنە ناوچەی دابڕێنەر.

​لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکانیدا، یسرائیل کاتس هۆشدارییەکی توندی ئاراستەی تاران کرد و ڕایگەیاند؛ ئەگەر ئێران لەسەر بنەمای پێشهاتەکانی پەیوەست بە لوبنانەوە هێرش بکاتە سەر ئیسرائیل، ئەوا تەلئەبیب "بە تەواوی هێزی خۆیەوە" وەڵام دەداتەوە و هێرش دەکاتە سەر ئێران.

​ئەم پێشهاتە و لێدوانانە لە کاتێکدان کە ئاماژەکان بۆ بەرەوپێشچوونی پرۆسەی دانوستانەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران سەبارەت بە پرسە هەرێمییەکان، بەتایبەتی دۆخی لوبنان، لە زیادبووندان.

​لە بەرامبەریشدا، ئیسرائیل پێداگری دەکات لەسەر جیاکردنەوەی پرسی لوبنان لە هەر جۆرە لێکتێگەیشتنێکی بەرفراوانی هەرێمی، هەروەها بەتوندی ڕەتیدەکاتەوە پرسی بوونی سەربازیی هێزەکانی لە باشووری لوبنان ببەسترێتەوە بە هەر ڕێککەوتنێکەوە کە لە نێوان واشنتۆن و تاراندا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×