ترەمپ: تەواو ڕێککەوتین لەگەڵ ئێران، پیرۆزە لەهەموو لایەک
  2026-06-15     

لە 80 ساڵەی جەژنی لەدایکبوونی سەرۆکی ئەمریکاو دوای ٣ مانگ لەدەستپێکردنی شەڕەکە، سەرۆک وەزیرانی پاکستان "رێککەوتنی ئاشتی نێوان ئەمریکییەکان و ئێران"ی ڕاگەیاند، چەند خولەکێک دوای ئەو راگەیاندنە، دۆناڵد ترەمپ وتی "تەواو ڕێککەوتین لەگەڵ ئێران، پیرۆزە لەهەموو لایەک".

 

ئاوێنە: شەهباز شەریف، سەرۆکوەزیرانی پاکستان، ئەمشەو (یەکشەممە لەسەر دووشەممە) ڕایگەیاند، "رێککەوتنی ئاشتی" لەنێوان ئەمریکا و ئێران ئەنجامدرا. ئاماژەی بەوەشکرد، رێورەسمی فەرمی واژۆکردن لە ١٩ی حوزەیران لەوڵاتی سویسرا بەڕێوەدەچێت.

سەرۆک وەزیرانی پاکستان ڕاشیگەیاند کە هەردوولا کۆتاییان بەئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان لە هەموو بەرەکان بە لوبنانیشەوە ڕاگەیاندووە.

وتیشی کە هەرکاتێک ڕێککەوتنەکە هاتە بواری جێبەجێکردنەوە، نێوەندگرەکان هاوکار دەبن لە ئەنجامدانی زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەم هەفتەیەدا.

چەند خولەکێک دواتر، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکاش ڕایگەیاند کە "رێککەوتن لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران تەواو بووە". لەپۆستێکیدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتی تروس سۆشیال رایگەیاند "پیرۆزبایی لەهەموو لایەک دەکەین! لێرەوە بەتەواوی ڕەزامەندی لەسەر کردنەوەی گەرووی هورمز بە ئازادی و ئاشکرا دەدەم، هاوکات ڕەزامەندی لەسەر هەڵگرتنی دەستبەجێی گەمارۆی دەریایی ئەمریکا دەدەم لەسەر بەندەرەکانی ئێران. بزوێنەرەکانتان بخەنەگەڕو نەوتەکە باربکەن!"

هاوکات لەیەکەم لێدوامیدا سەبارەت بەم رێککەوتنە، جێگری وەزیری دەرەوەی ئێران رایگەیاند "رۆژی هەیینی لەجنیڤ واژۆ لەسەر ئەو یاداشتی لێکتێگەیشتنە دەکەین کە لەپاکستان لەسەری رێککەوتوین لەگەڵ ءەمریکا".  

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×