وتەبێژی سەربازیی هێزەکانی ئەنساروڵڵا (حۆسییەکان)، یەحیا سەریع، قەدەغەکردنی تەواوەتیی هاتوچۆی دەریایی ئیسرائیلی لە دەریای سووردا ڕاگەیاند. ئەم بڕیارەش چەند کاتژمێرێک دوای نوێبوونەوەی هێرشە ئاسمانییەکانی نێوان ئیسرائیل و ئێران دێت.
ئاوێنە: سەریع لە بەیاننامەیەکدا، ئەمڕۆ دووشەممە ئاماژەی بەوە کرد کە "جووڵەکانی دوژمنی ئیسرائیلی لە ساتەوەختی ڕاگەیاندنی ئەم بەیاننامەیەوە، دەبنە ئامانجێکی سەربازی بۆ هێزە چەکدارەکانمان."
هەروەها وتەبێژی حۆسییەکان ڕایگەیاند کە کۆمەڵێک مووشەکیان ئاڕاستەی چەند ئامانجێکی هەستیار لە ناوچەی یافای داگیرکراو کردووە و جەختی لەوە کردەوە کە مووشەکەکان ڕاستەوخۆ لە ئامانجەکانیان داوە.
سەریع دووپاتی کردەوە کە گرووپەکە لە بەرامبەر هەر گرژییەکدا گرژیی زیاتر دروست دەکات (پەرەسەندن لە بەرامبەر پەرەسەندندا) و ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان هاوتەریب لەگەڵ پێشهاتەکاندا ڕوو لە زیادبوون دەکەن. هاوكات ئاماژەی بە بەشداریی حۆسییەکان لەوەی پێی دەوترێت "تەوەری جیهاد و بەرگری" کرد.
وتەبێژەکە جەختیشی لەسەر مافی گەلی یەمەن و گەلانی ئوممەت کردەوە لە ڕووبەڕووبوونەوەی دەستدرێژییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل، و ڕایگەیاند کە گرووپەکە دەستەوەستان نابێت لە بەرامبەر ئەو گەمارۆ ستەمکارانەیەی خراوەتە سەر گەلی ئەوان و گەلانی تەوەری بەرگری لە فەلەستین، لوبنان، ئێران و عێراق.
لە کۆتاییدا، سەریع ئاماژەی بەوە کرد کە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانیان بەردەوام دەبن "تا ئەو کاتەی دەستدرێژی و گەمارۆکانی سەر ئێمە و سەر تەوەری جیهاد و بەرگری بەردەوام بێت."
لەلایەکی دیکەوە، ئیسرائیل بەرەبەیانی ئەمڕۆ ڕایگەیاند کە مووشەکێکیان دۆزیوەتەوە کە لە یەمەنەوە تەقێنراوە، ئەمەش بووە هۆی چالاککردنی زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەند ناوچەیەکی جیاوازی وڵاتەکەدا.
ئەم ئۆپەراسیۆنە سەربازییە بە یەکەمین چالاکیی فەرمیی گرووپی ئەنساروڵڵا دژی ئیسرائیل دادەنرێت لە دوای چوونە بواری جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی ئاگربرستی نێوان ئیسرائیل و ئێران لە مانگی نیسانی ڕابردوودا.