موجته‌با خامنه‌یی، رێبه‌ری باڵای كۆماری ئیسلامی ئێران رایده‌گه‌یه‌نێت، گه‌لی ئێران له‌شه‌ڕی ئه‌مریكاو ئیسرائیل‌دا سه‌ركه‌وتوه‌و ئێران "بوەتە زلهێز"و زلهێزه‌كان به‌ره‌و لاوازی ده‌چن. جه‌ختیش ده‌كاته‌وه كه وڵاته‌كه‌ی پێداگرە لەوەی تۆڵەی رێبەری مەزنی کۆچ‌کردوی خۆی و كوژراوانی دیكه‌ی بکاتەوە.
ئاوێنه: موجتەبا خامنەیی، رابەری باڵای ئێران، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه، لە په‌یامێكدا بەبۆنەی چله‌ی كوژرانی باوكی و رێبه‌ری پێشوی كۆماری ئیسلامی ئێرانه‌وه داوای له خه‌ڵكی ئێران كرد مانه‌وه‌یان له شه‌قامه‌كاندا به‌رده‌وامی پێ بده‌ن.
موجتەبا خامنەیی ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، خۆبەزلزانەکان لەڕێگەی کوشتن و ستەمكارییەوە روخساری ناشیرینی خۆیان نیشانداوە و بەدرێژایی 40 رۆژ منداڵانیان کوشت.
به‌قسه‌ی رێبه‌ری باڵای ئێران، وڵاته‌كه‌ی بەدوای شەڕدا ناگەڕێت، بەڵام دەستبەرداری مافەکانی نابێت.
وتیشی، ئێران پێداگرە لەوەی تۆڵەی رێبەری مەزنی کۆچکردو خۆی و كوژراوانی دیكه‌ی بکاتەوە.
موجتەبا خامنەیی ئاماژه‌ی به‌وه‌داوه "لەم شەڕەدا گەلی ئێمە سەرکەوتووە و کۆماری ئیسلامیش خەریکە دەبێتە زلهێزێک لە کاتێکدا خۆبەزلزانەکان سه‌ره‌ولێژ ده‌بنه‌وه."
هه‌روه‌ها وتیشی "نابێت وا بیربكرێتەوە کە دانوستان لەگەڵ دوژمن بە مانای ئامادەنەبونی جەماوەرییە لە گۆڕەپان و شەقامەکان ... دەبێت بوونی خەڵک لە گۆڕەپانەکاندا بەردەوام بێت هاوشێوەی چل رۆژی رابردو."
موجتەبا خامنەیی له به‌شێكی دیكه‌ی په‌یامه‌كه‌یدا روی ده‌می له وڵاتانی كه‌نداو كردوه‌و وتویه‌تی"بە دراوسێکانمان لە باشور دەڵێین، پشتیوانی شەیتانەکان مەکەن، چاوەڕێی وەڵامێکی شیاو لە ئێوەین بۆ ئەوەی برایەتی و نیازپاکیتان پیشان بدەین... واز لەوانە ناهێنین هێرشیان كردە سەرمان، داوای قەرەبووی زیانەکانیش دەکەین."