وەزیری نەوت ئاشکرایکرد، وەزارەتەکەی هەوڵدەدات پارەی پێویست بۆ کڕینی کەشتیی نەوتهەڵگر کۆبکاتەوە و لە ڕێگەیەوە داهاتى باشى بۆ ناوەند دەگەڕێتەوە.
ئاوێنە: باسم محەممەد خزەیڕ، وەزیرى نەوتی عێراق بە ئاژانسی هەواڵی بەغدای ڕایگەیاند "کڕینی کەشتیی نەوتهەڵگر بۆ بەرژەوەندیی کۆمپانیای گواستنەوەی نەوت، دەبێته هۆکاری پەرەپێدانی پڕۆسەی گواستنەوە و جێبەجێکردنی پلانەکانی گواستنەوەی نەوتی خاو".
وتیشی "کڕینی کەشتی، دەبێتە پاڵپشتیی پڕۆسەی هەناردەکردنی نەوت و سوودی ئابووری هەیە و هۆکارێک بۆ زیادبوونی سەرچاوەکانی داهات".
خزەیڕ ئاماژەی بەوەشدا، کە کڕینی نەوتی خاو بۆ عێراق پێویستییەکی ستراتیجی و ئابوورییە.
بەوتەی وەزیری نەوت بێت، بۆیە هەوڵدەدەن کەشتی نەوتهەڵگر بکڕن، چونکە ساڵانە سەدان ملیۆن دۆلار بۆ گەنجینەی دەوڵەت دەگەڕێتەوە کە عێراق دەیدات بە کرێی گواستنەوە.
"هەوڵدەدەیت پارەی پێویست بۆ کڕینی کەشتیی نەوتهەڵگر کۆبکەینەوە، چونکە کەشتیمان هەبێت دەتوانین نەوت لە بارودۆخ و قەیرانە لەناکاوەکانی جیهان هەناردە بکەین". باسم محەممەد خزەیڕ وای وت
جێی ئاماژەیە، کۆى هەناردەى نەوت لە مانگى ئاب، گەیشتووەتە ٧٣ ملیۆن بەرمیل، پێشبینیش دەکرێت داهاتەکەى بگاتە چوار ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دۆلار، ئەوەش دەبێتە بەرزترین داهاتى بەدەستهاتووى نەوت لەدواى دەستپێکردنى جەنگى ئەمریکا و ئێران لە ٢٨ـى شوبات.
هاوکات، بەشێکى زۆرى هەناردە لەڕێگەى بۆریى نەوتیى کوردستانە، بەگوێرەى دوایین داتاکان لە کێڵگە نەوتییەکانی هەرێمی کوردستانەوە ڕۆژانە ١٨٠ تاوەکو ٢٠٠ هەزار بەرمیل نەوت هەناردەی بەندەری جەیهان دەکرێت. هەروەها هەناردەی نەوتی کەرکوک و بەسرەش لەڕێگەی هێڵی هەرێمی کوردستانەوە گەیشتووەتە زیاتر لە ٢٥٠ هەزار بەرمیل لە ڕۆژێکدا.