فواد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایگه‌یاند، عێراق له‌لایه‌ن هه‌مو لایه‌نه‌كانی شه‌ڕی ناوچه‌كه‌وه هێرشی كراوه‌ته سه‌ر. شاری هه‌ولێر به زیاتر له 70 موشه‌ك و درۆن روبه‌ڕوی هێرش بۆته‌وه‌و لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش چه‌ند پێگه‌یه‌كیان له باشور و رۆژئاوای عێراق كردونه‌ته ئامانج.
ئاوێنه: به‌پێی راگه‌یه‌ندراوێكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ئه‌و قسانه‌ی فواد حسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه، له‌میانی په‌یوه‌ندییه‌كی ته‌له‌فۆنیدا هاتون له‌گه‌ڵ عه‌بدوڵا بن زاید ئال نه‌یان، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیماراتدا كه تێیدا په‌ره‌سه‌ندنی ئاڵۆزییه‌كانیان له ناوچه‌كه‌و هه‌روه‌ها لێكه‌وته‌كانی له‌سه‌ر ئاسایش و سه‌قامگیریی وڵاتان تاوتوێ كردوه.
به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئیمارات وتویه‌تی، وڵاته‌كه‌ی روبه‌ڕوی نزیكه‌ی 800 هێرشی موشه‌كی و درۆنی بۆته‌وه و كه به‌شێكی زۆریان شوێنه مه‌ده‌نییه‌كانیان كردۆته ئامانج.
وه‌زیره ئیماراتییه‌كه هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه كه په‌یوه‌ندییه بازرگانییه‌كانی نێوان وڵاتانی ناوچه‌كه به‌هێزبون، هیچ پاساوێك بۆ ئه‌م ھێرشانه نییه‌و جه‌ختیشی كردۆته‌وه كه پێویسته ده‌ستبه‌جێ هێرشه‌كان رابگیرێن.
لای خۆیشییه‌وه فواد حسێن وتویه‌تی، عێراق بۆته قوربانی ئه‌م شه‌ڕ، وڵاته‌كه روبه‌ڕوی هێرشی هه‌مو لایه‌نه‌كانی شه‌ڕه‌كه بۆته‌وه كه ئه‌وه‌ش دیمه ئه‌منییه‌كه‌ی زیاتر ئاڵۆزكردوه. وتوشیه‌تی، تاوه‌كو ئێستا هه‌ولێر به زیاتر له 70 موشه‌ك و درۆن هێرش كراوه‌ته‌سه‌ری و هه‌روه‌ها لایه‌نه‌كانی دیكه‌ش چه‌ند پێگه‌یه‌كیان له باشور و رۆژئاوای عێراق كردوه‌ته ئامانج.
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراقیش جه‌ختی له هه‌ڵوێستی نه‌گۆڕی عێراق كردۆته‌وه له داواكردنی راگرتنی شه‌ڕو كه‌مكردنه‌وه‌ی گرژییه‌كان.
هه‌ردولا هاوڕابون له‌سه‌ر به‌رده‌وامی په‌یوه‌ندیی و هه‌ماهه‌نگیی هاوبه‌ش و كاركردن بۆ دورخستنه‌وه‌ی ناوچه‌كه له پشێوی و شه‌ڕی وێرانكه‌ری زیاتر.