داوای کۆبوونەوەیەک بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەکرێت
  2026-02-26     

فراکسیۆنى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمان بڵاوى کردەوە، نزیکەی دوو مانگە سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی هەڵبژێردراون، بەڵام کێشەى سەرۆکایەتى کۆمار تا ئێستا چارەسەر نەکراوە، داوا لە پەرلەمانى عێراق دەکەن، دانیشتنێکى بەپەلە بۆ هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى کۆمار ئەنجام بدەن.

ئاوێنە: فراکسیۆنى ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان لە پەرلەمان سەبارەت بە دواکەوتنى هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی کۆمار، ڕاگەیاندراوێکى بڵاوکردەوە کە تیایدا هاتووە، نزیکەی دوو مانگە سەرۆکی پەرلەمان و هەردوو جێگرەکەی هەڵبژێردراون، بەڵام  هەڵبژاردنی پۆستى سەرۆک کۆمار دواکەوتووە، کە ئەمەش پێشێلکارییەکی ئاشکرای ئەو هێڵە کاتییە دەستوورییەکانە، داوا لە سەرۆکی پەرلەمان دەکەین، پەلە بکات لە ئەنجامدانى دانیشتنێکی تایبەت بە یەکلای کردنەوەى پۆستى سەرۆک کۆمار.

ئاماژە بەوەشکراوە، پێویستە هەفتەی داهاتوو هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار یەکلایی بکرێتەوە، بەمەبەستى پێشێلنەکردنى زیاتری دەستوور، کاریگەری نەرێنی لەسەر ئەدای دامەزراوەکانی دەوڵەت هەبووە.

ئەوەش خراوەتەڕوو، بەردەوامی بوونی حکومەتێک کە دەسەڵاتی سنووردارە، زیانێکی ڕاستەوخۆ بۆ گەلەکەمان و بۆ کارکردنی دەوڵەت و دامودەزگاکانی دەبێت، ئەگەر ئەم بەربەستە بەردەوام بێت، فراکسیۆنەکەیان پەنا دەباتە بەر کەڵک وەرگرتن لە هەموو ئامراز و ڕێکارە دەستورییە بەردەستەکان بۆ دڵنیابوون لە کۆتاییهێنان بە بنبەست و پاراستنی ڕێڕەوی دەستووری درووست.

جێگەى ئاماژەیە، تا ئێستا کێشەکانى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى کۆمار و سەرۆکوەزیران بەردەوامە، کورد ناگاتە ڕێککەوتن لە سەر کاندیدێکى یەکگرتوو بۆ پۆستى سەرۆککۆمار، لەچوارچێوەى فشار و ڕەتکردنەوەکانى ئەمریکا شیعە بەردەوامە لە کاندیدکردنى نوورى مالیکى بۆ پۆستى سەرۆکوەزیران.

زۆرترین بینراو
© 2026 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×