وەزارەتی دەرەوەی عێراق پێشوازی لە ئەنیل بۆرا ئینان، باڵیۆزی تورکیا لە بەغدا کرد، بەهۆی لێدوانەکانی ئەم دواییەی هاکان فیدان، وەزیری دەرەوەی تورکیا، کە بە راشکاوی دەستی لەکاروباری عێراقدا وەردابوو.
ئاوێنە: محەمەد حسێن بەحرولعلوم، بریکاری وەزیری دەرەوە ناڕەزایی عێراقی بەرامبەر ئەو لێدوانانە دەربڕی و جەختی کردەوە کە، ئەم لێدوانانە زیان بە پەیوەندییە دۆستانەکانی نێوان عێراق و تورکیا دەگەیێنن و بە دەستوەردان لە کاروباری ناوخۆی عێراق و بەزاندنی عورفە دیپلۆماسییەکان دادەنرێن.
هەروەها باڵیۆز بەحرولعلوم ئاماژەی بەوە کرد کە عێراق دەوڵەتی دامەزراوەکانە و خاوەن سیستمێکی سیاسی دیموکراتی و دەستوورییە، و نابێت بەراورد بکرێت بە دەوڵەتانی تر کە سیستمی سیاسی جیاوازیان هەیە.
سەبارەت بە کاروباری ناوخۆش، جەختی کردەوە کە دۆسیەی شنگال و تەواوی ناوچەکانی تری عێراق پرسێکی تەواو نیشتمانییە و بەپێی ئەولەویەت و میکانیزمە نیشتمانییەکان مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، هەروەها ڕەتکردنەوەی هەر دەستوەردانێکی دەرەکی بۆ سەپاندنی چارەسەر یان بەکارهێنانی ئەم دۆسیەیە بۆ کاریگەری سیاسی و سەربازی دووپاتکردەوە.
لای خۆیەوە، باڵیۆزی تورکیا ڕوونکردنەوەی دا کە تێگەیشتنی هەڵە بۆ لێدوانەکانی هاکان فیدان هەبووە و ئاماژەی بەوە کرد کە قسەکانی فیدان تەنها پەیوەندی بە ئەندامانی پەکەکەوە هەبووە لە عێراق، و هیچ پەیوەندییەکی بە کاروباری ناوخۆی عێراق یان هاووڵاتیانی عێراقییەوە نییە. هەروەها جەختی کردەوە کە سیاسەتی وڵاتەکەی بەرامبەر عێراق نەگۆڕە و ڕێز لە سەروەرییەکەی دەگرێت.
لە کۆتایی دیدارەکەدا، باڵیۆزی تورکیا پەرۆشی حکومەت وڵاتەکەی بۆ بەهێزیی پەیوەندییەکانی نێوان هەردوو وڵات نیشان دا و ڕایگەیاند کە هەڵوێست و تێبینییەکانی عێراق دەگەیەنێتە سەرکردایەتی وڵاتەکەی.