پەرلەمانتارێكی پارتی پێی وایە لەم خولەی پەرلەمانی عێراقدا یاسای خانەنشینی ھەموار ناكرێتەوە هەرچەندە نیەتێك هەیە بۆ هەمواركردنەوەی.
ئاوێنە: سیپان شێروانی، كە ئەندامی لیژنەی ئابوریی پەرلەمانی عێراقە لە فراكسیۆنی پارتی، ئەمڕۆ شەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی وتوە"لێرە و لەوێ باس لە ھەموارکردنەوەی یاسای خانەنشینی دەکرێت، نیەتێکیش ھەیە بۆ ھەموارکردنەوە، بەڵام تا ئێستا ھیچ پڕۆژەیەک بۆ ھەمواری یاسای خانەنشینی پێشکەش بە پەرلەمانی عێراق نەکراوە، چونکە ھەموارکردنەوەی ھەر یاسایەک پێویستی بە ئامادەکردنی پڕۆژە یاسا ھەیە."
وتیشی"یاسای خانەنشینی یەکێکە لە یاسا گرینگەکان و پەیوەندی بە ژیانی ھاوڵاتیان و فەرمانبەرانەوە ھەیە، لەبەر ئەوەش دەستبردن بۆ ھەموارکردنەوەی کارێکی وا ئاسان نییە و پێویستی بە خۆئامادەکردن ھەیە، ئەگەر پڕۆژەکە پێشکەش بکرێت ئەوا دڵنیاین لەناو پەرلەمان مشتومڕی زۆر دروست دەکات و کاتێکی زۆری پێویستە بۆ ئەوەی بگاتە ئەنجام."
سیپان شێروانی ئاماژەی بەوەشدا"من لەو باوەڕەدانیم لەم خولەی پەرلەمانی عێراق یاسای خانەنشینی ھەمواربکرێتەوە، لەبەر ئەوەی خولی ئێستای پەرلەمان بەرەو کۆتایی دەچێت و کەمتر لە 10 مانگی دیکە ھەڵبژاردن لە عێراق بەڕێوەدەچێت، ئەوەش مانای ئەوە دەگەیەنێت بەدوری بزانین یاساکە لەم خولەی پەرلەماندا ھەموار بکرێتەوە."