نێچیرڤان بارزانی دەچێتە بەغدا
  2025-01-12       249       

ئەمڕۆ یەکشەممە 12ی کانونی دووەمی 2025، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدا دەکات و لەمیانەی سەردانەکەیدا چەند کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات.

ئاوێنە: سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هەر یەکە لە محەمەد شیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق، لەتیف رەشید، سەرۆک کۆماری عێراق، مەحمود مەشهەدانی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، فایەق زێدان، سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەری و جاسم محەممەد عەبود، سەرۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق کۆدەبێتەوە.

هەروەها سەرۆکی هەرێمی کوردستان لەگەڵ هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی فەتح، نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا، عەممار حەکیم، سەرۆکی رەوتی حیکمە و لایەنی دیکەی شیعەش کۆدەبێتەوە. هاوکات بڕیارە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانیش کۆببێتەوە و ئێوارەی ئەمڕۆش بەشداری لە کۆبوونەوەیەکی فراوانی هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت دەکات کە بڕیارە هەموو لایەنە بەشدارەکانی حکومەتی عێراق لەو کۆبوونەوەیەدا ئامادەبن.

لەمیانەی سەردانەکەی بۆ بەغدا و کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان نێچیرڤان بارزانی تاوتوێی پرسەکانی، شایستە و بەشەبودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان، کێشەی دەروازە سنوورییەکان و بازرگانی، کێشەی مادەی 140 و ناوچەکان و هەمواری یاسای بودجە بۆ دەستپێکردنەوەی هەناردەی نەوتی کوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×