به‌ته‌مه‌نترین هاوڵاتى عێراق كورده‌
  2024-11-24       200       

ڕەوشێ قاسم هاوڵاتیه‌كى کوردی ئێزدییە، لەسەرژمێریی گشتیی دانیشتواندا دەرکەوت بەتەمەنترین کەسە لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان‌و عێراقیش؛ وەک لەناسنامەکەیدا دەردەکەوێت، ئەو لەدایکبوی ساڵی 1887یه‌، به‌وته‌ى خۆى، خاوه‌نى 300 منداڵ‌و نه‌وه‌یه‌.
 
ئاوێنە: ڕەوشێ قاسمی تەمەن 137 ساڵ، دانیشتوی کۆمەڵگەی دووگرێیە لەشنگال ده‌ڵێت:"لەسەرژمێریدا وتم ناوم ڕەوشێ قاسم خەلیفایەو پێشتر لەگوندی بارێ بوین، لەخانودا بوین، ڕەوشی تەندروستیم تاڕادەیەک باشە، بەڵام بینایی چاوەکانم لەدەستداوەو بیرەوەریشم لاواز بوە، بۆیە بەشێکی ڕوداوەکانی پێشوم لەبیر نەماوە".

ئه‌و بەتەمەنترین هاوڵاتیه‌ كورده‌ى سه‌رتاسه‌رى عێراق، هیواخوازە موچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی پێبدرێت‌و بۆ ئه‌وه‌ش ده‌ڵێت:"تکادەکەم موچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیم پێبدەن، بۆ ئەوەی بۆخۆم بەخواردن‌و خواردنەوەی بدەم، تاوەکو ئەوکاتەی ساغم".
 
تەحسین نه‌وه‌یه‌كى دایه‌ ڕه‌وشێبه‌ باسى له‌وه‌كردوه‌، "دایە ڕەوشێ ژنی هەرە بەتەمەنە لەسەر ئاستی عێراق، ئەمە لەسەرژمێریی گشتیدا دەرکەوت، بەڵام تائێستا هیچی بۆ نەکراوە، ئەو موچەی چاودێریی کۆمەڵایەتیی هەبوو، کەچی پێش چوار مانگ ئەویشیان لێ بڕی، دایە ڕەوشێ، پێشتر لای کوڕێکی ژیا، دواتر ڕوی کردە که‌مپ‌و ئێستاش لەکۆمەڵگەی دووگرێیە، لەبەرئەوەی ژنی هەرەبەتەمەنە لەعێراق، دەبوایە شتێکی بۆ کرابوایە".

ڕەوشێ دوجار ژیانی هاوژینیی پێکهێناوە، جاری یەکەم لەدەڤەری شێخان‌و سێ منداڵی هەبون، بەهۆی لاوازبونی بیرەوەریی لەبیری نەماوە لە چ ساڵێکدا بوە، جاری دوەمیش لەشنگال‌و لەویش دوو کوڕو کچێکی بوە.
 
بەوتەی ڕەوشێ، ئەو ئێستا خاوەنی نزیکەی 300 منداڵ‌و نەوەیە، کە بەشێکیان لەدەرەوەی وڵات‌و بەشێکی دیکەشیان لەئاوارەیی لەشوێنی جیاجیادا دەژین.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×