سلێمانی؛ په‌رله‌مانی كوردستان به‌دواداچون بۆ ٢٠ ملیار دینارەكەی پایتەختی رۆشنبیری ده‌كات
  2019-09-15       2081       

سەرۆکی لیژنەی رۆشنبیری لە پەرلەمانی کوردستان، لوقمان وەرتی رایگەیاند، دەستیان كردوە بە بەدواداچون بۆ ئەو 20 ملیار دینارەی كە بۆ ژێرخانی كولتوری شاری سلێمانی تەرخان كراوە. بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانیش دەڵێت؛ ئامادەی هەمو هاوكارییەكی لیژنەكە لەوبارەیەوە بكەن.

ئاوێنە: ئەمڕۆ لیژنەی رۆشنبیری، کۆمەڵگەی مەدەنی و وەرزش لە پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە لە پرسی خەرجکردنی ٢٠ ملیار دیناری ساڵانەی تایبەت بە شاری سلێمانی، سەردانی بەڕێوەبەرایەتی رۆشبیری سلێمانی-یان کرد.

ساڵی 2012 پەرلەمانی كوردستان سلێمانی وەك پایتەختی رۆشنبیری ناساندو لە ساڵی 2013 بڕی 20 ملیار دینار تەرخانكراوە بۆ ژێرخانی كولتوری لە پایتەختی رۆشنبیری.

دوا بەدوای كۆبونەوەكەش سەرۆکی لیژنەكە لوقمان وەرتی لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی هاوبەشدا لەگەڵ بابەكر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی رایگەیاند"هاتوین بۆ بەدواداچونی ئەم پرسە، لەگەڵ بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی دانیشتین و لەگەڵ ژمێریاریی بەڕێوەبەرایەتییەكە دانیشتن و هەمو ئەوراقەكانمان خرایە بەردەست. بەشێك لەم پارەیەی تەرخانكراوە بۆ ژێرخانی كلتوری خەرج كراوە بەڵام بەشێكی تری بۆ بواری تر بەكارهاتوە. ئێمە كۆمەڵێك سەرنج و تێبینی خۆمان هەیە و لیژنەكەمان بەردەوام دەبێت لەسەر لێكۆڵینەوە لە وردەكارییەكانی خەرجكردنی پارەكە كە ئەمڕۆ هەموی بە ئەوراق خراوەتە بەردەستمان و دواتر بە راپۆرتێك سەرۆكایەتی پەرلەمانی كوردستان لەئەنجامەكانی ئاگاداردەكەینەوە."

لەلای خۆیشییەوە بابەكر دڕەیی، بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی، رایگەیاند، كە ئامادەن هەمو وردەكارییەكی خەرجكردنی ئەو پارەیە بخەنە بەردەست لیژنەكە و هاوكاریان بن.

دڕەیی وتی"سوپاسی لیژنەكەی پەرلەمان دەكەین كە ئەمڕۆ هاتون و لەخزمەتیاندا بوین، بێگومان ئێمە ئامادەین بۆ هەمو وردەكارییەك. ئێمە پابەندین بەوەی كە هەمو داواكارییەكانی ئەوان جێبەجێ بكەین."

بەڕێوەبەری گشتی رۆشنبیری و هونەری سلێمانی جەختی كردەوە"هیچ پارەیەك لەو بڕە پارەیەی كە تەرخان كراوە نییە، دیار نەبێت. لیژنەكەی پەرلەمان بەردەوام دەبن لە بەدواداچونەكەیان و ئێمەش تا كۆتایی هاوكاریان دەبین."

 

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×