وردەكاری كەموكوڕییەكانی لیستی موچە ئاشكرا دەكرێت
  2024-07-26       995       

پەرلەمانتارێكی كورد لە پەرلەمانی عێراق، وردەكاری كەموكوڕییەكانی لیستی موچەی موچەخۆرانی هەرێمی كوردستان دەخاتەڕو و داوا لە حكومەت و وەزارەتی دارایی هەرێم دەكات چارەسەرییان بكەن و دەڵێت، لە وەزارەتی پێشمەرگە 23 هەزارو 790 کەس زیادی کردوە.

ئاوێنە: سۆران عومەر، ئەندامی لیژنەی ئابوری و پیشەسازی و بازرگانیی پەرلەمانی عێراق، ئەمڕۆ هەینی لە نامەیەكی كراوەتەدا بۆ حكومەتی هەرێم و وەزارەتی دارایی، كێشەو كەموڕییەكانی لیستی موچەی خستونەتەڕو.

سۆران عومەر وتویەتی"تکایە تێبگەن ئەم جۆرە لە وەڵام نەدانەوەی داواکارییەکانی بەغدا تایبەت بەلیستی موچەی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزە ئەمنییەکان و خانەنشینانی سەربازی زەرەرمەندی سەرەکی خەڵکە، لەوە زیاتر کات بەفیڕۆ مەدەن کەموکوڕییەکان چاک بکەن کە بۆتان دیاریکراوە، یەک جار لەبەرژەوەندی موچەخۆران کاربکەن با لەم گرفتە 10 ساڵییەی هاتن و نەهاتن و پێدان و لێبڕین و پێنەدانی موچە ڕزگارمان بێت."

بەپێی قسەی سۆران عومەر، چاودێری دارایی عێراق وتویەتی، میلاکاتی فەرمانبەرانی هەرێم بەهۆی نەبونی یاسای بودجەوە ماوەی 11 ساڵە پەسەند نەکراوە ئەمەش پێچەوانەی مادەی 8ی یاسای میلاکاتی ژمارە 25ی هەموارکراوە کە دەڵێ بۆ هەمو ساڵێکی دارایی پێویستە وەزیری دارایی میلاکاتی فەرمانبەران پەسەند بکات.

ئەو پەرلەمانتارە ئاماژەی بەوەشداوە، بەڕێوەبەرایەتی بودجەی سەربە وەزارەتی دارایی لیستی تەواوەتی و زانیاری فەرمانبەرانی لا نییە لە پلەو موچەو دەرماڵە، لە 26/2/2023ەوە چاودێری دارایی داوای دۆسێی فەرمانبەرانی بەهەمو ئەوەلیاتەکانەوە کردوە.

هێمای بۆ ئەوەش كردوە، ناونیشانی وەزیفی فەرمانبەران کێشەی تێدایەو جیاوازی زۆرە لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ داوا لەوەزارەتی دارایی کراوە پێداچونەوەی پێدا بکرێت لەگەڵ دائیرەی موازەنەی ئیتحادی.

ئاماژەی بەوەشداوە، لیستەکانی موچە لەمانگی 4ی ئەمساڵ کە وردبینی کراون کێشەکانییان دیاریکراون، بەڵام وەزارەتی دارایی چارەسەری نەكردون.

لەبارەی كێشەی وەزارەتی كارەباش ئەو پەرلەمانتارە وتویەتی، کێشەی وەزارەتی کارەبا لە ساڵی ڕابردوو ئاگادارکراون چارەسەری بکەن، وەزارەتی کارەبا بەنوسراوی ژمارە (8189 لە 17/10/2023) دەڵێ کێشەکەمان چارەسەر کردوە بەڵام لەلیستی موچەی مانگی 6ی 2024 دەرکەوت کێشەکەتان چارەسەر نەکردوەو پینەکراوە، بۆیە موچەی وەزارەتی کارەبا بۆ مانگی حوزەیران ڕاگیرا.

سۆران عومەر، چەند نمونەیەكی لە لیستی موچە خستونەتەڕو وەزارەتی پێشمەرگە 23 هەزارو 790 کەس زیادی کردوە.كە بەمشێوەیەن:

وەزارەتی دارایی 100 ناو زیادی کردوە!

وەزارەتی کارەبا 2460 کەس زیادە.

وەزارەتی پەروەردە 4316 کەس.

وەزارەتی ناوخۆ 1882کەس.

وەزارەتی شارەوانی 1135 کەس.

ئەنجومەنی ئاسایش 474 کەس.

گرێبەستەکان 1241 کەس زیادە هەیە.

دەزگای ئاسایش 1409 کەس زیادی کردوە.

زیادەی ژمارەی خانەنشینان لە بەڕێوەبەرێتی گشتی خانەنشینی و وەزارەتی دارایی 12 هەزار خانەنشینە!

وەزارەتی کارەبا 2 ملیارو 866 ملیۆن دینار زیادەی هەیە.

دۆسێی کەم ئەندامان تەواو نییەو لیستەکانیان 35 ملیۆن دینار زیادی هەیە.

وەزارەتی ئەوقاف 34 ملیۆن دینار زیادەی هەیە.

خانەنشینان لە 14 بەڕێوەبەرایەتین، تەنها خانەشینی پێشمەرگەی سلێمانی و هەلێر موچەکەیان مانگانە 55 ملیارو 352 ملیۆنە بەم جۆرە:

بەڕێوەبەرایەتی خانەنشینی پێشمەرگەی سلێمانی موچەیان 20 ملیارو 799 ملیۆنە.

بەڕێوەبەرێتی خانەنشینی پێشمەرگەی هەولێر 34 ملیارو 552 ملیۆنە.

سۆران عومەر وتوشیەتی، لە 11/10/2023ەوە چاودێری دارایی عێراق داوای دۆسێی خانەنشینانی سەربازی کردوە بۆ پێداچونەوە بەڵام هەرێم پێی نەداون، ئەمەش یەکێک لەو دۆسێیانەیە کە ناموستەحەقی زۆر تێدایە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×