هەسەدە بڕیاری دا بە دەستپێكردنەوەی دیالۆگی كوردی - كوردی 
  2024-07-26       328       

ئەنجومەنی سەربازیی هێزەكانی سوریای دیموكرات(هەسەدە)، ئەمڕۆ هەینی، كۆبونەوەی ئاسایی خۆی بە ئامادەبونی مەزڵوم عەبدی، فەرمادەی گشتی هەسەدە، ئەنجامداو تێیدا چەند بڕیارێكی دەركردن، یەكێك لەوانە دەستپێكردنەوەی دیالۆگی كوردی-كوردی-یە لە نزیكترین كاتدا.

ئاوێنە: ئەمڕۆ هەینی، ئەنجومەنی سەربازیی هێزەكانی سوریای دیموكرات كۆبونەوەی ئاسایشی خۆی بە ئامادەبونی مەزڵوم عەبدی، فەرمادەی گشتی هەسەدە و ئەندامانی فەرماندەیی گشتی و هەروەها فەرماندەكانی ئەنجومەن و كانتۆن و دامەزراوەكانی سەر بە هەسەدە، ئەنجامدا.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە، ئەنجومەنی سەربازیی هەسەدە داوایكردوە دەستپێشخەرییەك بۆ چارەسەر لە چوارچێوەی سوریادا پەرەی پێبدرێت.

كۆبونەوەكە لەبارەی هێرشەكانی سوپای توركیا بۆ سەر ناوچەكانی باكورو رۆژھەلاتی سوریا، جەختی كردۆتەوە كە كارو هەوڵەكان بەردەوامن لەگەڵ دامەزراوە نێودەوڵەتییەكان بۆ راگرتنی هێرشەكانی توركیا.

هەر بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبونەوەكەدا بڕیاردرا بە كاراكردنەوەی دیالۆگی كوردی - كوردی لە نزیكترین كاتدا.

لە بەشێكی دیكەی كۆبونەوەكەدا چەند پرسێكی دیكە تاوتوێ كراون لەوانە دۆخی ناوخۆی هێزەكانی سوریای دیموكرات و ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانیان لەگەڵ هێزەكانی هاوپەیمانان دژبە داعش چارەسەركردنی كەمپی هۆل كە دەستگیركراوانی داعش و ئەندامی رێكخراوەكە لەخۆدەگرێت.

هەروەها لە كۆبونەوەكەدا لێبوردنی گشتی بۆ ئەو كەسانە دەركراوە كە لە خزمەتی سەربازی هەڵاتون و بڕیاریش دراوە بە زیادكردنی خزمەتی سەربازیی بۆ سێ ساڵ خزمەت لەگەڵ چڕكردنەوەی خولە سەربازییەكان و پسپۆڕییەكان بەتایبەت بۆ شەڕڤانانی نوێ.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×