دكتۆر فەرهاد پیرباڵ تیرۆر كرا
  2019-09-12       8217       

چیرۆکی: فەرهاد پیرباڵ 

 

لەرۆژی 16 / 9 / 1995، چەند دەستێكی رەشی تاوانبار د.فەرهاد پیرباڵ-یان تیرۆر كرد. شایەنی باسە د.فەرهاد پیرباڵ نزیكەی ساڵێك بو لەفەرەنساوە گەڕابۆوە هەولێر بۆ ئەوەی خزمەتی وڵات بكات، تەنها چەند مانگێك بو لەزانكۆی سەلاحەدین لەكۆلیژی ئەدەبیات دامەزرا بو.


كاتێك ئەم هەواڵەم خوێندەوە، زۆر بەدڵتەنگی‌و نیگەرانییەوە توانیم خوێندنەوەی هەواڵەكە تەواو بكەم.


نوسرابو: بەپێی سەرچاوەكانی ئاسایش‌و چەند شاهیدێك، د.فەرهاد دوێنێ‌، واتە لەرۆژی كارەساتەكەدا كاتژمێر 3.5ی دوای نیوەڕۆ لەچایخانەیەكی ناو بازاڕ دانیشتوە، كاتێك لەناكاو چوار چەكدار كە شاهیدەكان باسیان دەكرد قاچاغچی بون، هاتونەتە ناوچایخانەكەو بەكڵاشینكۆفەكانیان د.فەرهادیان داوەتە بەر رێژنەی گولە. بەبێ ئەوەی هیچ كەسێك ئامانجی ئەم هێرشەو هۆكارەكەی بزانێت.


جێگەی ئاماژە پێكردنە كە تەرمی فەرهاد پیرباڵ، ئەمڕۆ كاتژمێر 4ی ئێوارە لەگۆڕستانەكەی سەر رێگای كەركوك لەتەنیشت دایكی خۆی بەخاك دەسپێردرێت.


تەماشای كاتژمێرەكەم كرد، 6ی ئێوارە بو. لەدڵی خۆمدا وتم ئێستاكە نێژدراوەو چوەتە ژێر گڵیش، یەكسەر لەچایخانەكە هاتمە دەرەوە، چوم تەكسیەكم گرت، بەرەو گۆڕستانەكەی سەر رێگەی كەركوك بەڕێكەوتم، گۆڕستانێكی گەورە، بەڵام گۆڕەكەی ئەوم بەپرسیار كردن دۆزییەوە.


كاتێك گەیشتمە سەر گۆڕەكەی، دیتم د.فەرهاد لەسەر گۆڕەكەی خۆی دانیشتوە، قاچی راستی لەسەر ئەژنۆی چەپی خۆی داناوەو جگەرەیەكی داگیرساندوەو بەسەر گۆڕەكەی خۆی نوشاتەوەو هۆن هۆن دەگری.


من لەدواوەڕا لەڕێگەی هەڵتەكاندنی شانەكانی خۆی زانیم دەگری.


كاتێك نزیكی كەوتمەوە دەستم لەسەر شانی دانا، راچڵەكی، پاشان بێ‌ چاك‌و چۆنی هەڵمساندەوەو لەباوەشی خۆمم گرت، كەوتمە دڵدانەوەی.


ـ قەیناكە تۆ بۆ خۆت لەئەوروپا تێر تێر ژیاییت مەگری.


ئەملاو ئەولایم ماچ كردو پێموت:

ـ حەیفە مردنی تۆ لەو رۆژەوە دەستپێبكات كە گەڕایتەوە بۆ وڵاتی خۆت.


د.فەرهاد لەباوەشم بێهز هیچ جوڵەو قسەیەكی نەدەكرد، وەك منداڵێكی وڕك گرتو پێدەچو حەز نەكات ئەسڵەن گوێ‌ لەقسەكانیشم رابگرێ‌.


كەمێك بەگازندەوە پێموت:
من پێمنەدەوتی ئەم وڵاتەی ئێمە جێگەی مرۆڤی وەك تۆ ناكاتەوە؟

بێدەنگ بو.
ـ ئەمەتا بویتە قوربانی گولەیەك.
د.فەرهاد دیسان وەڵامی نەدایەوە.


ـ پێمنەدەوتی بگەڕێرەوە فەرەنساو ئەم وێرانەیە جێبهێڵە؟
د.فەرهاد هیچ وەڵامی نەبوو.


ـ پێمنەدەگوتی دەتكوژن؟
د.فەرهاد بێدەنگ بو، هیچ وەڵامی نەدامەوە.


پێمگوت:
ـ تۆ زۆر كەری.


د.فەرهاد بەدرێژایی ئەو ماوە لەلای دانیشتم، تەنها لەدواجار وەڵامی دامەوەو گوتی:


ـ من هەرگیز پێم حەیف نییە كوژراوم، بەڵام ئەوەم لەسەر دڵ قورس‌و لەلا ناخۆشە ئێستا لەناو ئەم گۆڕستانەدا هەرچییەك دەینوسم هیچ كەسێك لێم حاڵی نابێ‌ لەناو ئەم گۆڕستانە.


ئینجا لەبەر خۆیەوە هەستم دەكرد هەڵدەوەرێ‌، وتی:
ـ بەتەنها ئەمەم پێ‌ حەیفە لەناو ئەم گۆڕستانەدا وشەكانی دەیاننوسم، قسەكانی دەیانڵێم لەناو ئەم مردوانە، هیچ شتێكیان لێ‌ شین نابێ‌. هەمو كەسێك لێرە لەناو ئەم گۆڕستانە لەناو ژووری تەنگی خۆیاندا بێدەنگ، لەناو قەبری خاوو خلیچی خۆیاندا خامۆشن.


د.فەرهاد لەكۆتاییدا لەپرمەی گریانی دا، گوتی:
ـ هیچ شتێك لەناو ئەم گۆڕستانە سەوز نابێت.

© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×