دانا ئەحمەد مەجید گەڕایەوە سلێمانی
  2024-07-25       3681       

دوای زیاتر لە 10 ساڵ، دانا ئەحمەد مەجید، پارێزگارى پێشوترى سلێمانى گەڕایەوە شارەکە و دۆسیە یاساییەكەی بەتەواوی داخراوە.

ئاوێنە: بەپێی هەواڵێكی كەناڵی زوم، دانا ئەحمەد مەجید كە بە تۆمەتی "بەهەدەردانی پارەی وشكەساڵی و خراپ بەکارهێنانى دەسەڵاتەکانى سزای شەش ساڵ زیندانی بەسەردا سەپێندرابو." دوای 10 ساڵ گەڕایەوە سلێمانی.

سەرەتای 2014، مادە یاساییەکەی دانا ئەحمەد مەجید، لە 315ـەوە گۆڕدرا بۆ 340، کە تایبەتە بە کەمتەرخەمیی ئیداری، هەر ئەوکات چوە بەردەم دادگا و هەمان رۆژ بە کەفالەتی 25 ملیۆن دینار ئازادکرا.

دانا ئەحمەد مەجید، پێش ساڵى 2014، بە تۆمەتی بەهەدەردانی پارەی وشكەساڵی پارێزگای سلێمانی و بەكارهێنانی پۆستەكەی بۆ كاری تایبەت، ئەو سزایەی بەسەردا سەپێنرا، بەڵام جێبەجێ نەکرا و بەر لێبوردنی گشتی کەوت.

لەبارەی داخستنی دۆسیەکەوە، بورهان عومەر، پارێزەری دانا ئەحمەد مەجید، بە زومی وتوە: دۆسیەکە بەیەکجاری داخراوە و بڕیاری لێبوردنی گشتیی ساڵی 2012 گرتویەتیەوە.

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×