سەرۆکایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی سلێمانی روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە
  2024-07-16       482       

سەرۆکایەتیی دادگای تێهەلچوونەوەی سلێمانی لەسەر بابەتێک کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوکراوەتەوە روونکردنەوە دەدات.

ئاوێنە: لە روونكردنەوەیەكی سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی-دا هاتووە، “لە چەند پێگەیەكی تۆڕەكۆمەڵایەتییەكان بابەتێك بڵاوكراوەتەوە گوایە دادوەرێكی ژن هاوسەرەكەی لەماڵی خۆی دەركردووە و پێگەكەی وەك دادوەر بەكارهێناوە لەو كارەدا”.

دەشڵێت، “بۆ هەموولایەك رووندەكەینەوە كە دوای بەدواداچوونمان بۆ بابەتەكە دەركەوت هیچ دادوەرێكی سەربە ئەنجومەنی دادوەری و سەرۆكایەتیی دادگای تێهەڵچوونەوەی ناوچەی سلێمانی كاری لەو شێوەیەی ئەنجامنەداوە.

لە روونکردنەوەکەدا ئەوەش هاتووە، “بەكارهێنانی نازناوی دادوەر لەلایەن كەسانێكی ترەوە كە پیشەیان دادوەر نییە و سەر بە دادگای تێهەڵچونەوەی ناوچەی سلێمانی نین، جگە لەوەی بەرپرسیارێتی یاسایی لەسەر خودی كەسەكە دروستدەكات، نابێت ببێتە هۆی لەكەداركردنی ناو و پیشەی دادوەران”.

باس لە ئەوەش دەکات، “پێویستە دەزگاكانی راگەیاندن و پێگەكانی تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان وردتر بن و باشتر بەدواداچوون بۆ هەر بابەتێك بكەن پێش بڵاوكردنەوەی، تاوەکو تووشی بەرپرسیارێتی یاسایی نەبن”.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×