مەسرور بارزانی: هه‌وڵی تیرۆركردنی به‌رپرسی لقی 22ی گه‌رمیانی پارتی سه‌ركۆنه‌ ده‌كه‌م
  2024-07-16       159       

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دوای رۆژێك له‌ روودانی ته‌قینه‌وه‌یه‌ك به‌ ئۆتۆمبیلی به‌رپرسێکی حزبه‌كه‌ی له‌ گه‌رمیان، په‌یامێكی بڵاوكرده‌وه‌و ده‌ڵێت: "هەر کەس و لایەنێک لە پشت ئەم هەوڵە ترسنۆکانەیە بێت، تەحەمولی بەرپرسیارەتی ئەنجامەکان دەکات و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە."

دوێنێ دووشه‌ممه‌ 15ی ته‌مموزی 2024، پێش رۆیشتنی بۆ سه‌ر كاره‌كه‌ی، پاسه‌وانی ئه‌كره‌م ساڵح، به‌رپرسی لقی 22ی پارتی له‌ كه‌لار ئۆتۆمبێلی ناوبراوی كارپێكردووه‌ بۆ ئه‌وه‌ی پێی بچنه‌ سه‌ر كار، ئه‌كره‌م ساڵح، به‌رپرسی لقی 22ی پارتی و دوو پاسه‌وانی له‌ناو ئۆتۆمبێله‌كه‌دابوون، ئۆتۆمبێله‌كه‌ به‌هۆی بۆمبێكی لكێندراوه‌وه‌ ته‌قیوه‌ته‌وه‌ و خۆی و دوو پاسه‌وانه‌كه‌ی به‌ سوكی بریندار بوون و ئۆتۆمبێله‌كه‌ش به‌ته‌واوی سووتاوه‌.

ئه‌مرۆ سێشه‌ممه‌، مه‌سرور بارزانی، سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم و جێگری دووه‌م سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، په‌یامێكی له‌وباره‌یه‌وه‌ بڵاوكرده‌وه‌و ده‌ڵێت: "هەوڵی تیرۆرکردنی بەڕێز ئەکرەم ساڵح بەرپرسی لقی 22ی گەرمیانی پارتی دیموکراتی کوردستان سەرکۆنە دەکەم و پێویستە دەزگا پەیوەنددارەکان هەوڵی ئاشکراکردنی ئەنجامدەرانی ئەم کارە تیرۆریستییە بدەن."

سه‌رۆكی حكومه‌تی هه‌رێم وتویه‌تی "هەر کەس و لایەنێک لە پشت ئەم هەوڵە ترسنۆکانەیە بێت، تەحەمولی بەرپرسیارەتی ئەنجامەکان دەکات و ڕووبەڕووی یاسا دەکرێتەوە".

هه‌ر دوێنێ به‌رپرسه‌كه‌ی لقی 22ی پارتی لە كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامەوانیدا لەبارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەكەی لەبەردەم ماڵەكەیدا رایگه‌یاند، "ئەوەی روویداوە كردەوەیەكی تیرۆریستی بووە چونكە هەموو ئاماژەكان بۆ ئەوەن كە چاودێریم كراوە، ئۆتۆمبێلەكەم لە حەوشەی ماڵەكەم بووە و شۆفێرەكە هێناویەتە دەرەوە و نزیكەی چارەكێك لە دەرەوە بووە بەڵام هیچ رووداوێك رووینەداوە، بەڵام لەو كاتەی سواری ئۆتۆمبێلەكە بووم و جوڵاوە، تەقیوەتەوە".

به‌رپرسی لقی 22ی پارتی له‌ كه‌لار وتیشی، "پێموایە كە چاودێرییان كردووم و لە دوورەوە تەقاندوویانەتەوە، ئەگەرنا پێشتریش ئۆتۆمبێلەكە جوڵاوە بەڵام نەتەقیوەتەوە".

پێشیوایە، "كردەكە بە خەڵكی نەشارەزا ناكرێت و كردەوەیەكی گەورە بووە، بۆمبەكە لەبنی ئەو تایەدا بووە كە خۆی لە ئاستیدا دادەنیشێت".

داواشی لە دامودەزگا ئەمنییەكانی سنوورەكە كرد، لێكۆڵینەوەی ورد لەو بارەیەوە بكەن چونكە ئەمنییەتی سنوورەكە بەرپرسیارێتی ئەوانە، وتیشی كە، "چاوەڕێی ئەنجامی لێكۆڵینەوەكان دەكەین دوای سەیركردنی كامێرای چاودێریی ناوچەكە بۆ ئەوەی بگەنە سەرەداوێك، پێموایە ئەگەر چەند چركەیەكی دیكە لەناو ئۆتۆمبێلەكە بووینایە و زوو دەرنەچووینایە ئەوا هەموومان دەسووتاین".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×