دوو رێکخراوی نێودەوڵەتی داوا لە پزیشکیان دەکەن کۆتایی بە ئازاری کۆڵبەران بهێنێت
  2024-07-16       166       

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ و رێکخراوی ناوەندی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ، داوایان لە مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری تازە هەڵبژێردراوی ئێران کرد، کۆتایی بە کوشتنی کۆڵبەرانی کورد لەسەر سنوورەکان بهێنێت و هەڵسوکەوتی حکومەت لەگەڵ کەمینەکان باش بکات.

رێکخراوی هیومان رایتس وۆچ "چاودێریی مافەکانی مرۆڤ"، کە بارەگاکەی لە نیویۆرکی ئەمریکایە و هاوكات ناوەندی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ، کە بارەگاکەی لە شاری لەندەنی پایتەختی بەریتانیایە، داوایان لە پزیشکیان کرد کۆتایی بە "توندوتیژیی کوشندە" بەرامبەر بە کۆڵبەرانی کورد لە ناوچە سنوورییەکانی نێوان ئێران و عێراق بهێنێت.

داواشیانکردووە، یەکێک لە پێشینەی کارەکانی باشکردنی هەڵسوکەوتی حکومەت لەگەڵ کەمینەکان بە تایبەتی کۆمەڵگەی کورد لە ناوچە سنوورییەکان بێت، سەرەڕای هەڵسوکەوتی توندوتیژانەی بەردەوام و کوشندەی هێزەکانی کۆماری ئیسلامیی ئێران، کۆڵبەرەکان کەمترین سەردانی ناوەندە دادوەرییەکان دەکەن و بەرپرسانیش بە دەگمەن وەڵامیان دەدەنەوە.

ئەو دوو رێکخراوە ئاماژەیان بە گوتەیەکی پزیشیکیان لە کاتی بانگەشەی هەڵبژاردندا لە شاری سنە کردووە کە گوتبوی، "شەرمە گەنجەکانمان بۆ پاروویەک نان کۆڵبەری بکەن، پێویستە سنوورەکان بۆ ئاڵوگۆڕ بەکاربهێنین نەک کۆڵبەری".

لەوبارەیەوە ناهید نەقشبەدنی بەرپرسی بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقای هیومان رایتس وۆچ رایگەیاندووە، "کۆمەڵگەی کورد پەراوێزخراوە و زۆربەی کات بەهۆی نەبوونی دەرفەتی ئابووری، بەشێوەی نایاسایی پەنا دەبەنە بەر گواستنەوەی کاڵا لە سنوورەکان، هێزەکانی ئێرانیش لە رادەبەدەر هێزی کوشەندە لە دژی کۆڵبەران بەکاردەهێنن".

هاوكات، شەبنەم موعینی پوور، بەڕێوبەری پلان لە ناوەندی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ گوتویەتی، "دەبێت مەسعود پزیشکیان، سەرۆککۆماری داهاتووی ئێران هاوکاری لەگەڵ دەسەڵاتی داد و یاسادانان و جێبەجێکردندا بکات، تاوەکو بە چاکسازیکردن لە یاساکان دا مافی کۆڵبەران دیاریبکرێت و پارێزگاریش لەو کەسانە نەکرێت کە توندوتیژی بەرامبەر بە کۆڵبەران بەکاردەهێنن".

بەڕێوەبەری پلان لە ناوەندی داکۆکی لە مافەکانی مرۆڤ باسی لەوەشكردووە، "ناوچە کوردنشینەکان بەرادەیەک پێشتگوێخراون کە پیاوەکان ناچارن گیانی خۆیان بۆ دابنیکردنی بژێویی خێزانەکانیان بخەنە مەترسی".

موعینی پوور داواشیکردووە، لیژنەی دۆزینەوەی راستییەکانی نەتەوەیەکگرتووەکان و نوێنەری تایبەتی نەتەوەیەکگرتوەکان بۆ مافەکانی مرۆڤ لە ئێران، لەبارەی هەڵسوکەوتی هێزەکانی ئێران لەگەڵ کۆڵبەران دەست بە لێکۆڵینەوە بکەن.

تۆڕی مافی مرۆڤی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، لە دوای هەڵبژاردنی پزیشکیان بەهۆی تەقەی هێزە ئەمنییەکانی ئێران لە سنووری نەوسود، تاوەکو ئێستا چوار کۆڵبەر بریندارکراون و کۆڵبەرێکیش گیانیلەدەستداوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×