ئەندامێكی لیژنەی نەوت‌: وەزارەتی نەوتی عێراق ئاماده‌نییه‌ تێچوی‌ ده‌رهێنان‌و هه‌نارده‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم زیاد بكات
  2024-07-15       410       


ئەندامێكی لیژنەی نەوت‌و غاز لەپەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت، کۆسپی‌ سه‌ره‌كی‌ به‌رده‌م ده‌ستپێكردنه‌وه‌ به‌هه‌نارده‌كردنی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم، تێچووه‌كه‌یه‌تی‌، وەزارەتی نەوتی عێراق سورە لەسەر ئەوەی تێچوی بەرمیلێک نەوت شەش بۆ حەوت دۆلار بێت بەھۆی ئەوەی لەھەموو عێراق بەو شێوەیەیە.

ئاوێنه‌: له‌باره‌ی‌ دواپه‌ره‌سه‌ندنه‌كان له‌پرسی‌ دوباره‌ هه‌نارده‌كردنه‌وه‌ی‌ نه‌وتی‌ هه‌رێم، سەباح سوبحی، ئەندامی لیژنەی نەوت‌و غاز لەپەرلەمانی عێراق ده‌ڵێت، "لەدوایین کۆبونەوەی (ئەبیکۆر، كۆمه‌ڵه‌ی‌ كۆمپانیا نه‌وتییه‌كان له‌هه‌رێمی‌ كوردستان) لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق، باسی دو پرس کرا، ئەوانیش بریتیبون لەگرێبەستە نەوتییەکان و تێچوی دەرھێنانی نەوت لەھەرێمی کوردستان، کە ئەنجامەکان ئەرێنی بون و بناغەی ڕێککەوتن دانرا، بۆ ئەوەی لەداھاتودا بگەنە ڕێککەوتن و دەست بەھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بکرێت".

وتیشی، "ئەوەی زیاتر کۆسپە، تێچوی دەرھێنانی نەوتە و وەزارەتی نەوتی عێراق سوورە لەسەر ئەوەی تێچووی بەرمیلێک نەوت شەش بۆ حەوت دۆلار بێت بە ھۆی ئەوەی لە ھەموو عێراق بەو شێوەیەیە، بۆیە بۆ ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن، پێشنیازی دیکە بۆ کۆمپانیاکان کراوە، کە ئەو قەرزەی ماویانە پێیان بدرێت کە 20 ملیار دینارە، ئەمەش ھاوکاریان دەبێت بۆ ئەوەی قەرزەکانیان بدرێتەوە و ئاسانکاریی دیکەیان بۆ دەکرێت و کۆمەڵێک پێشنیازیش بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە پێشکەش کراون".

سەباح سوبحی ڕاشیگه‌یاندووه‌، "ئەوەی گرنگە، ھەردوو حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و حکوومەتی عێراق زۆر جیددین لەسەر ئەوەی بگەنە ڕێککەوتن و دووبارە دەست بە هەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان بۆ دەرەوە بکرێتەوە، چونکە ھەڵوێستی ھەردوو لایەن ئەرێنین و سەرۆکوەزیرانی عێراقیش کارێکی باشی کردووە و ئامادەیی دەربڕیوە بۆ ئەوەی دووبارە هەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە، بۆیە چاوەڕێ دەکرێت ئەو گرفتانەی ھەن چارەسەر بکرێن و ھەناردەکردنەوەی نەوتی ھەرێمی کوردستان دەست پێبکاتەوە و کۆتایی بەو کێشەیە بێت".

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×